یاریگا
رانیێری : بیری تۆپی پێ دەکەم
یاریگا-کلاودیۆ رانیێری راهێنەری ئیتاڵی بە ئەزموون چاوەڕوانی دەرفەتێکە تاوەکو بگەڕێتەوە جیهانی تۆپی پێ و کاری راهێنەرایەتی.
کۆتا کاری ئەو راهێنەرە لەگەڵ واتفۆردی ئینگلیزی بوو، تاوەکو لە مانگی یەکدا بەهۆی ئەنجامی خراپ دوورخرایەوە. ئەمڕۆش بۆ رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی وتی “بیری تۆپی پێ دەکەم و بەنیازی وازهێنان نیم، پێم وایە هێشتا کاروانێکی دوورودرێژم لە پێشە. چاوەڕوانی یەک پەیوەندی پڕۆژەی یانەیەکی سەرکەوتووم. بێزارم لە ماڵەوە و گرنگ نیە چەند یانەیەم گۆڕیووە چونکە هێشتا پێم وایە زۆرم لە پێشە”.
رانیێری لە ماوەی کاروانی راهێنەرایەتیدا مەشقی بە زیاد لە ٢٠ یانە و هەڵبژاردە داوە. تەمەنی گەیشتووەتە ٧٠ ساڵ و لە کۆتا پێنج ئەرکیدا سەرجەمیان لە وەرزێک زیاتر نەماوەتە و دوورخراوەتەوە.