
یانەی بارسێلۆنا لە پێگەی فەرمی خۆی راپۆرتی دارایی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.
بلەوگرانا هەژماری وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ی بەفەرمی داخست بە کۆی گشتی ٤٨١ ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە زیاد لە نیو ملیار دۆلار.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو داهات بە رێژەی ٢٦٪ کەمیکردەوە و کۆی ٢٢٤ ملیۆن یۆرۆ کورتی هێناوە چونکە کۆی داهاتەکان ٦٣١ ملیۆن یۆرۆبووە لە کاتێکدا لە بودجەی ئەو وەرزەدا دەبوو ٨٢٨ ملیۆن یۆرۆبێت.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خەرجییەکان بۆ یەک ملیار و ١٣٦ ملیۆن یۆرۆ لەو وەرزەدا (١٩٪ بەراورد بە ساڵی پێشوو). ئەم پارەیەش ژمارەی پێوانەیی یانەکەیە.
یانەکە گەورەترین زیانی لە فرۆشتنی بلیتی یارییەکان لێکەوتووە و لەماوەی ئەو ساڵەدا تەنها ٢٥ ملیۆن یۆرۆی دەستکەوتووە لە کاتێکدا وەرزی پێش ئەوەی داهاتییان ١٨١ ملیۆن یۆرۆ بووە. لە رووی فرۆشتنی دیکەی بازرگانییەوە بەهۆی نەبوونی گەشتییار ٥٦ ملیۆن یۆرۆ زیانیان کردووە. داهاتی تیڤی و گواستنەوەی یارییەکانیش ١٤٪ دابەزیووە و یانەکە خۆی هۆکاری ئەمەی گەڕاندووەتەوە بۆ زوو ماڵئاواییکردنیان لە خولی پاڵەوانەکاندا.
کۆی گشتی دوای باج، یانەکە ٤٨١ ملیۆن یۆرۆی لەو ساڵەدا زەرەر کردووە.
بەهۆی زیانەکانەوە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر بارسێلۆنا گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار یۆر.



