بارسێلۆنا نزیکە گواستنەوەی ئەستیرەیەکی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
یاریگا–
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لەم هاوینە تاوەکو ئێستا چوار یاریزانی بۆ ریزەکانی گواستووەتەوە و بە گووتەی خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە، لە ماوەی رابردوو چەند یاریزانێکی دیکەش بۆ ریزەکانیان دەگوازنەوە و دەنگۆیەکیش هەیە کە ئەو یانەیە هەوڵی گواستنەوەی مانوێل لوکاتێلی ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەدەن.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020 ناوەڕاستکارەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی ساسولۆی ئەم وڵاتە بووەتە ئامانجی چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپا، ماوەیەکیشە یانەی یۆڤێنتۆس هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دەست پێکردووە و ئێستاش بلاوگرانا چاوی لەو یاریزانەیە و پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی پاڵەوانتیەکە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی دەست پێ بکەن.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە کە لوکاتێلی لە ماوەی رابردوو بە کەسە نزیکەکانی گووتووە هەر کاتێک یانەکەی جێهێشت، تەنها ئامانجی یۆڤێنتۆس دەبێت، بەڵام ئەو کات هیچ دەنگۆیەک نەبوو کە بارسێلۆنا گرنگی پێ بدات و چاوەڕێش دەکرێت ئەو یاریزانە بریارەکەی خۆی بگۆڕێت و لالیگا هەڵبژێرێت.