ریکۆردەکەی نێیمار لە مەترسیدایە؛ بەراوردێکی مێرکاتۆی ئێستا و رابردوو جیهانی تۆپی پێی تووشی شۆک کردووە
رۆبن و سەڵاح بە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئیساک بە 170!

یاریگا –
مێرکاتۆی هاوینە هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی، بەڵام لە ئێستاوە چەندین گرێبەستی پێوانەیی تۆمار کراوە.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی لەوبارەیەوە کردووە و نووسیەتی، لە چەقی ئەم هەڵمەتی پارە خەرجکردنەدا، پرێمەرلیگ دەبینرێت، کە لە دیاریکردنی ئاراستەی بازاڕەکە بۆ جیهانی تۆپی پێ بە نرخگەلێک کە بەردەوام لە بەرزبوونەوەیەکی شێتانەدان، بەردەوامە.

نموونەی بارکۆلا؛ قۆرخکاری و نرخە خەیاڵییەکان
نوێترین نموونەی ئەم بەرزبوونەوە خەیاڵییە، هەوڵەکانی یانەی لیڤەرپوولە بۆ گواستنەوەی برادلی بارکۆلا. بیرکردنەوەی پاریس سان جێرمان لەم مامەڵەیەدا زۆر روونە؛ ئەگەر یاریزانێکی وەکوو مۆرگان رۆجەرز بەهای نزیکەی 160 ملیۆن دۆلار بێت، ئەوا نابێت بەهای بارکۆلا لەوە کەمتر بێت.
دەگوترێت یانە فەرەنسییەکە نرخی 200 ملیۆن دۆلاری لەسەر هێرشبەرەکەی داناوە، سەرەڕای ئەوەی بەهای خەمڵێنراوی لە بازاڕدا نزیکەی 105 ملیۆن دۆلارە، پاریس هەوڵ دەدات سوود لە بازاڕێک وەربگرێت کە پێدەچێت هەموو کڕیارێک پارەی پێویستی بۆ خەرجکردن هەبێت.

ئامارێکی شۆکهێنەر؛ گرانترینەکانی پرێمەرلیگ بەبێ هیچ نازناوێک
ئالێکساندەر ئیساک [170 ملیۆن دۆلار]، مۆرگان رۆجەرز [162 ملیۆن دۆلار] و ئیلییۆت ئاندەرسن [158 ملیۆن دۆلار] ئێستا سێ گرانترین گرێبەستن لە مێژووی پرێمەرلیگ.
خاڵی هاوبەش و شۆکهێنەر لە نێوان ئەم سێ یاریزانەدا ئەوەیە، بە هەرسێکیانەوە خاوەنی هیچ نازناوێکی خول نین، ئەمەش ئامارێکی سەرنجڕاکێشە کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی زۆرێک وەکوو کێشەیەکی پێکهاتەیی لە بازاڕی ئەمڕۆی گواستنەوەدا دەیبینن؛ لەم سەردەمەدا نرخەکان زیاتر لەسەر بنەمای ‘توانای شاراوە و ئەگەرەکان’ دیاری دەکرێن، نەک لەسەر بنەمای دەستکەوت و ئاستی سەلمێنراوی یاریزانەکە.

بەراوردکردنەکە؛ ئەستێرە سەلمێنراوەکان بەرامبەر یاریزانە نوێیەکان
بەراوردکردنی ئەم دۆخە لەگەڵ نەوەکانی پێشوو جێگەی سەرسوڕمانە؛ تەنیا هەشت ساڵ پێش ئێستا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە کرد، دوای ئەوەی پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ، پێنج باڵۆندۆر، دوو نازناوی خول و چەندین دەستکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی بێشوماری بەدەستهێنابوو، کەچی نرخی گواستنەوەکەی تەنیا نزیکەی 137 ملیۆن دۆلار بوو.
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە گۆڕانکارییەکە، دەتوانین سەیری ئەم ئامارانەی رابردوو بکەین؛
ئاریان رۆبن؛ بە نزیکەی 29 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، کە لەو کاتەدا بە بڕێکی زەبەلاح دادەنرا.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی [2014]؛ بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوە بە نزیکەی 59 ملیۆن دۆلار خەمڵێنرابوو.
محەمەد سەڵاح؛ بە نزیکەی 49 ملیۆن دۆلار رووی لە لیڤەرپوول کرد.
ئیڤان راکیتیچ؛ بە نزیکەی 21 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد.
نێیمار [بۆ بارسێلۆنا]؛ بە نزیکەی 111 ملیۆن دۆلار گەیشتە کامپ نۆو.

دەرەنجام؛ شکاندنی ریکۆردەکەی نێیمار تەنیا کاتی پێویستە
ئەم گواستنەوانەی رابردوو وێنەیەکی روون دەردەخەن لەسەر ئەوەی بازاڕەکە چەندە گۆڕاوە، زۆرێک لە باشترین یاریزانەکانی دەیەی رابردوو تێچوویان زۆر کەمتر بوو لە گەورەترین گرێبەستەکانی ئەمڕۆ کە بۆ یاریزانانێک هێشتا نەیانتوانیوە مێژوویەکی هاوشێوە بنیاد بنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت هێشتا کۆتایی شێتیی بازاڕەکە نەبێت و لە ساڵانی داهاتوودا، ئەگەری زۆرە نرخی گواستنەوەی هێندە خەیاڵی دەربکەون کە چاوەکان وڕ بمێنن، لە کاتێکدا یانەکان بەردەوامن لە دواداچوون بۆ شکاندنی ریکۆردە مێژووییەکەی نێیمار، کە تێچووەکەی بۆ پاریس سان جێرمان نزیکەی 260 ملیۆن دۆلار بوو، ئەو نرخەی کە سەردەمانێک پێدەچوو کەس نەتوانێت پێی بگات، ئێستا خەریکە زیاتر و زیاتر وەکوو ژمارەیەکی ئاسایی و مەترسیدار لەسەر شکاندن دەردەکەوێت.



