شۆڕشەکەی چێڵسی بە سەرکردایەتی چابی ئاڵۆنسۆ؛ گۆڕانکارییە گەورەکان و ئامانجەکانی مێرکاتۆ
چێڵسی پێکهاتەکەی دادەڕێژێتەوە و چاوەڕێی فرۆشتنی ئێنزۆ فێرناندێز دەکات

یاریگا –
سەردەمی چابی ئاڵۆنسۆ لە یانەی چێڵسی بەفەرمی دەستیپێکردووە و بڕیارە یەکەم دەرکەوتنی ئەم راهێنەرە ئیسپانییە لە یارییەکی دۆستانەدا بێت لە 28ـی تەمموز لە جامی سوپەری سیدنی.
یەکەم یاری فەرمیشی لە پرێمەرلیگ لە 24ـی ئاب بەرامبەر یانەی فولهام دەبێت کە ئالڤارۆ ئاربێلوا راهێنەرایەتی دەکات. ئامانجی سەرەکی ئاڵۆنسۆ گەڕاندنەوەی چێڵسییە بۆ کێبڕکێکردن لە ئەوروپا و تەنانەت کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ، پاش ئەوەی وەرزی رابردوو یانەکە لە پلەی دەیەمدا کۆتایی بە خولەکە هێنا.
گرێبەستە خەیاڵییەکان و خەرجییە زەبەلاحەکان
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی چێڵسی بۆ بونیادنانەوەی پێکهاتەکەی، دەسەڵاتی تەواوی بە ئاڵۆنسۆ داوە، بەپێچەوانەی راهێنەرەکانی پێشووی، تاوەکوو ئێستا یانەکە زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلاری لەم هاوینەدا خەرج کردووە.
یاریزانانی وەکوو مارکۆ پالێسترا، جیۆڤانی کوێندا و مۆرگان رۆجەرز بە فەرمی بە میدیاکان ناسێنراون؛ گواستنەوەی مۆرگان رۆجەرز لە ئاستۆن ڤێلاوە بە بڕی 156 ملیۆن دۆلار، بووەتە گرانترین گرێبەست لە مێژووی چێڵسیدا.
هەروەها گرێبەستی ماکسێنس لاکرۆی یەکلایی بووەتەوە و یاریزانانی وەکوو ڤالێنتین بارکۆ و ئیمانوێل ئیمێگاش پەیوەندییان بە تیمەکەوە کردووە.

ئامانجەکانی دیکە لە بازاڕی گواستنەوە
سەرەڕای ئەم خەرجییانە، ئەلۆنسۆ چاوی لە هێنانی یاریزانی بە ئەزموونیشە.
یانەکە هەوڵی گواستنەوەی جۆن ستۆنز دەدات، کە دوای 10 وەرز لەگەڵ مانچێستەر سیتی ئێستا یاریزانێکی سەربەستە.
ئامانجێکی دیکەی یانەکە ئالێکس سکۆتە، بەڵام بۆرنمس ئۆفەرێکی سەرەتایی چێڵسی بە بڕی 88 ملیۆن دۆلار رەتکردووەتەوە لەبەرئەوەی یاریزانەکە بۆ فرۆشتن نییە.
پێشتریش یانەکە هەوڵێکی جیددی بۆ گواستنەوەی گرانیت چاکا دابوو، بەڵام سەندرلاند رەتیکردەوە دەستبەرداری کاپتنەکەی ببێت.
رۆیشتنی یاریزانان و پاکتاوکردنی پێکهاتەکە
بەهۆی زۆریی ژمارەی یاریزانان کە ئێستا پێکهاتەی یەکەم زیاتر لە 30 یاریزان لەخۆدەگرێت، پاکتاوکردن بووەتە پێویستییەکی سەرەکی.
مارک کوکورێیا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە و ئاندرێ سانتۆسیش رووی لە مانچێستەر یونایتد کردووە، هەروەها چێڵسی لاری لە فرۆشتنی ئێنزۆ فێرناندێز نییە، ئەگەر ئۆفەرێک بە بڕی 120 ملیۆن پاوەند پێشکەش بکرێت.
پێدرۆ نێتۆ لەلایەن ئینزۆ مارێسکای راهێنەری مانچێستەر سیتییەوە کراوەتە ئامانج و یانەی کۆمۆ بە سەرپەرشتی سێسک فابریگاس، ئۆفەرێکی 35 ملیۆن دۆلاری بۆ گواستنەوەی تریڤۆ چالۆبا پێشکەش کردووە.
لە بەرگریکاران، ئاکسێل دیساسی و بێنۆیت بادیاشیڵ خراونەتە لیستی فرۆشتنەوە و پێشبینیش دەکرێت یاریزانانی وەکوو مارک گیو بە خواستن بڕۆن و هەریەک لە نیکۆلاس جاکسن و مالۆ گۆستۆش بفرۆشرێن بۆ کۆکردنەوەی داهات.
تاکتیک و ستافی نوێ
ئاڵۆنسۆ دەیەوێت هەمان ئەو شێوازە هێرشبەری و خێرایە لە چێڵسی پەیڕەو بکات کە لە بایەر لیڤەرکوزن جێبەجێی کردبوو، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی سێ بەرگریکار و باڵەکانی هێرشبردنەوە دەبێت وەکوو پالێسترا و کوێندا و رۆجەرز.
بۆ باشترکردنی لێدانە جێگیرەکانیش کە لە تۆپی پێی سەردەمدا زۆر گرنگە، یانەکە ئۆستین ماکفی وەکوو شارەزای لێدانە جێگیرەکان لە ئاستۆن ڤێلاوە گواستووەتەوە کە بە گرنگترین گرێبەستی یانەکە لەم هاوینەدا دادەنرێت.



