مانەوە یان رۆیشتن؟ راشفۆرد لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە
چارەنووسی راشفۆرد لە مانچێستەر یونایتد بە کوێ دەگات؟

یاریگا –
کۆتاییهاتنی گەشتەکەی مارکۆس راشفۆرد لە مۆندیالی 2026 بە پۆستێکی هێمنانە و پڕ لە تێڕامان لە سۆشیاڵ میدیا بوو، ئەوەش پاش بردنەوە سەرنجڕاکێشەکەی ئینگلتەرا بەرامبەر فەرەنسا لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم.
راشفۆرد لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بێهیوایی لە تۆپی پێدا شتێکی مسۆگەرە، بەڵام بە گەشبینییەوە نووسیویەتی؛
بەردەوام بن لە متمانەبوون پێمان. کاتی ئێمەش دێت، ئێستا کاتی ئەوەیە پشوو بدەم، تێڕامانم، کاتێکی تایبەت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانم بەسەرببەم و بە وەشانێکی باشترەوە بگەڕێمەوە.
هەڵسەنگاندنەوەی داهاتوو لە ئۆڵدترافۆرد
تۆڕی BBC لەو بارەیەوە دەڵێت، ‘تێڕامان’ وشە گرنگەکەی نێو ئەو پەیامەیە. راشفۆرد لە تەمەنی 28 ساڵیدا پێ دەنێتە باشترین قۆناخی کاروانی وەرزشییەوە. ئەو تازە یەکەمین نازناوی لالیگای لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە، خاوەنی 77 یاریی نێودەوڵەتییە بۆ ئینگلتەرا و لە 6 یاری لە کۆی 8 یارییەکەی تیمەکەی تۆماس تۆخێل بەشداریی کردووە، بەڵام لە راستیدا، بەشێکی زۆری ئەو تێڕامانەی راشفۆرد لەگەڵ خێزانەکەیدا کە بەشێکیان کەسایەتیی سەرەکین لە ئاراستەکردنی کاروانەکەیدا لەسەر ئەوە دەبێت کە داهاتووی لە یانەی مانچێستەر یونایتد بەردەوام دەبێت یان نا.

دۆخی گرێبەستەکەی و بژاردەکەی بارسێلۆنا
راشفۆرد تاوەکوو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەیە و مووچەکەی کە 325 هەزار پاوەندە لە هەفتەیەکدا، دەیکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە یانەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سێر جیم راتکلیف هەوڵ دەدات تێچووی مووچەکان کەم بکاتەوە.
لە گرێبەستی خواستنەکەی وەرزی رابردوو کە تێیدا راشفۆرد 14 گۆڵی لە 49 یاریی بارسیلۆنا کرد، یانە کاتالوونییەکە بژاردەی کڕینی یەکجاریی یاریزانەکەی بە 26 ملیۆن پاوەند هەبوو.
وەکوو چاوەڕوان دەکرا، ئەو وادەیە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا بەسەرچوو بەبێ ئەوەی کارا بکرێت. بڕگەیەکی دیکەش لە گرێبەستەکەیدا هەبوو کە رێگەی بە یانەکانی دیکە دەدا [جگە لە لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی] بە 40 ملیۆن پاوەند بیکڕن، بەڵام ئەمەش لە سەرەتای مانگی تەممووز بەسەرچوو و هیچ یانەیەک ئامادە نەبوو ئەو بڕە پارەیە بدات.
پەیوەندییەکەی لەگەڵ راهێنەران و گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر
ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، ئەو راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ مانچێستەر یونایتد کاتێک یانەکە دەست بە کەمپێکی مەشقیی 6 رۆژە دەکات. پێدەچێت راشفۆرد ئاسوودە بێت بە گەڕانەوەی بۆ یانەکە، بەتایبەتی کە ئێستا ئەو ململانێیە نەماوە کە پێشتر لەگەڵ راهێنەردا هەیبوو.
سیاسەتی نوێی گواستنەوەکان لە مان یونایتد
مان یونایتد سوورە لەسەر ئەوەی بە مەرجی کەمتر لەوەی داوای دەکات رێککەوتن لەگەڵ بارسێلۆنا نەکات یان خواستنێکی دیکە بۆ یانە کاتالوونییەکە قبووڵ نەکات. لەلایەکی دیکەشەوە، دیار نییە بارسێلۆنا چەندە ئارەزووی هێشتنەوەی هەیە دوای ئەوەی ئانتۆنی گۆردۆنیان گواستووەتەوە و لە کڕینی کەریم ئادێمی یەکلایی بووەتەوە.
تۆڕە بەریتانییەکە ئەوەشی زانیوە، راشفۆرد نایەوێت بچێتە چەند یانەیەکی دیاریکراوی پرێمەرلیگەوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەدەست نەدات، کەواتە کاتێک بازاڕی گواستنەوە لە یەکی ئەیلوول دادەخرێت، راشفۆرد لە کوێ دەبێت؟ ئەگەری زۆر بەهێز مانەوەیەتی لە مانچێستەر یونایتد. بۆچوونەکان جیاوازن؛ هەندێکی وەکوو گاری نێڤڵ پێیان وایە کاتی راشفۆرد لە ئۆڵدترافۆرد کۆتایی هاتووە.



