ئەگوێرۆ بەتوندی وەڵامی لاپۆرت دەداتەوە؛ خۆت مەکە بە پاڵەوان، کاتێک دەمبینیت دەشڵەژێیت
لێدوانە ئاگرینەکەی ئەگوێرۆ پێش یاری کۆتایی

یاریگا –
لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئێمریک لاپۆرت، بەرگریکاری ئیسپانیا بۆ رۆژنامەی مارکا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
کۆتا کەس کە وەڵامی دایەوە سێرجیۆ ئەگوێرۆ بوو، کە لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی Let’s go to Juga بە پەیامێکی راستەوخۆ و توند وەڵامی بەرگریکارە ئیسپانییەکەی دایەوە.
لاپۆرت لە کاتی شیکردنەوەی ئاستی ناوبژیوانان و یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا بە مارکای گوتبوو؛
لە یارییەکانی رابردوو شتانێکمان بینیوە کە زۆر سەرسامی کردووین، هەندێک رەفتار هەن کە بێ سزا تێدەپەڕن، بەتایبەت لە یارییەکانی ئەرجەنتیندا.
ئەم قسانە بەلای ئەگوێرۆوە قبووڵکراو نەبوون و هێرشبەرە پێشووەکەی ئەرجەنتین، کە بۆ ماوەی سێ وەرز لە مانچێستەر سیتی هاوژووری لاپۆرت بووە، بەتوندی وەڵامی دایەوە و گوتی؛
تۆ سەرسامی چیت؟ خۆت مەکە بە پاڵەوان، چونکە کاتێک یەکتر دەبینین و دەشڵەژێیت.
ئەم وەڵامەی ئەگوێرۆ بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کەشی یاریی کۆتایی مۆندیالی زیاتر گەرم کرد کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت، ئەگوێرۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی روونیکردەوە کە هیچ کێشەیەک لە نێوان ئەو و لاپۆرتدا نییە و هەموو قسەکانی تەنیا گاڵتە بوون.
Gente no entienden lo que es una broma? @Laporte y yo somos amigos.
No hagan polémica por favor 🙏🏽— Sergio Kun Aguero (@aguerosergiokun) July 18, 2026
ستایشی لیۆنێل مێسی
لەلایەکی دیکەوە، ئەستێرەکەی پێشووی تانگۆ بەردەوام بوو لە پشتگیریکردنی لیۆنێل مێسی کاپتنی ئەرجەنتین و گوتی؛
لە تەمەنی 39 ساڵیدا وەکوو ئەوەی تەمەنی 20 ساڵ بێت یاری دەکات، ئێمەش لێرە لە پشت کامێراوە دانیشتووین، هیچ کەسێک ناگاتە ئاستی ئەو، ساڵانێکی زۆر تێدەپەڕێت و کەسێکی وەکوو ئەو دروست نابێتەوە، نە ئێمە و نە منداڵەکانمان کەسێکی وا نابینینەوە.



