مێسی بەدوای دووەم ئەستێرەی مۆندیالدا دەگەڕێت؛ پەنا بۆ هەموو ئەو نەریتانە دەبات کە پێشتر گەیاندیانە لووتکە
نهێنییەکەی مێسی بۆ یاری کۆتایی؛ هەمان هۆتێل، هەمان ژوور، هەمان پۆست

یاریگا –
مێسی لە ژیانی وەرزشی خۆیدا لەسەر ئاستی یانە و هەڵبژاردە بەشداریی 43 یاریی کۆتایی کردووە و لە 30 یارییاندا براوە بووە، ئێستا پێش یاری کۆتایی مۆندیالی 2026، هەمان ئەو نەریت و باوەڕانە دووبارە دەکاتەوە کە پێشتر سەرکەوتنیان پێ بەخشیوە.
یاریی کۆتایی مۆندیال، کە هەلێکی دیکەیە بۆ چوونە نێو مێژوو، جارێکی دیکە لە نێوان لیۆنێل مێسی و گەورەترین خەڵاتی تۆپی پێدایە؛ ئەوەی لە قەتەر کردی، ئێستا هەلی هەیە لە نیویۆرک دووبارەی بکاتەوە و یەک یاری کۆتایی دیکە و یەک هەلی دیکە بۆ گەیاندنی ئەرجەنتین بە لووتکەی جیهان.
مێسی بە زنجیرەیەک ئەنجامی سەرنجڕاکێشەوە دەگاتە ئەم یارییە؛ هەر چوار یارییە کۆتاییەکانی رابردووی لەگەڵ ئەرجەنتین بردووەتەوە [مۆندیالی 2022، کۆپا ئەمریکای 2024 و 2021، لەگەڵ فیناڵیسیمای 2022]، بەڵام پێش ئەم زنجیرەیە، لە سێ یاریی کۆتاییدا لەسەریەک تووشی شکست بووبوو [کۆپا ئەمریکای 2007، 2015، 2016 و مۆندیالی 2014].
رێژەی سەرکەوتنی لەگەڵ ئەرجەنتین لە یارییە کۆتاییەکاندا لە %50ـیە [4 بردنەوە لە 8 یاری]، ئەمە کەمترە لە رێژەی گشتیی کاروانە وەرزشییەکەی، کە لە 43 یاریی کۆتاییدا 30 بردنەوەی هەیە [لە %69] ئاستەکەی نایابە، بەڵام بێ کەموکووڕی نییە، هەر بۆیەش مێسی پەنا دەباتە بەر هەموو ئەو نەریت و باوەڕانەی کە پێی وایە یارمەتی دەدەن بۆ بردنەوە.
Back-to-back #FIFAWorldCup Finals for Argentina 😤 pic.twitter.com/VfmPqqlEYL
— FIFA World Cup (@FIFAWorldCup) July 15, 2026
سەرهەڵدانی La cábala ـ ئارەزووی ئەرجەنتین بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی سەرکەوتوو بووە
مێسی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پابەندە بەو نەریتانەی لە قەتەر بەختیان بۆ هێنا، تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەمان ئەو پۆست و دەقانە دووبارە دەکاتەوە کە لە ساڵی 2022 بەکاریهێنابوون، وشە بە وشە، چونکە پێی وایە ئەمە باشترین رێگەیە بۆ پەیوەستبوونەوە بەو وزەیەی کە بەرەو نازناوەکەی برد.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش بە سەرکردایەتی مێسی بەتەواوی باوەڕی بەم شتانە هەیە؛ ئەوان لە هەمان ئەو هۆتێلە دەمێننەوە کە لە کۆپا ئەمریکای 2024 بەرامبەر کەنەدا بەختی بۆ هێنان: هۆتێلی Hilton Short Hills لە نیوجێرسی.
نەک تەنیا ئەوە، بەڵکوو؛ بە هەمان شێوە ژوورەکانیان دابەشکردووە. هەمان یاریزانەکان پێکەوە لە ژوورێک دەمێننەوە، هەمان ژمارەی ژوورەکان، بە ژوورەکەی مێسیشەوە.
هەموو یاریزانێک لە هەمان ئەو جێگەیە دەخەوێت کە دوو ساڵ لەمەوبەر لێی خەوتبوو کاتێک جامی کۆپا ئەمریکایان بەرزکردەوە.
ئامارەکانی مێسی لە یارییە کۆتاییەکاندا
مێسی لە سەرجەم ئەو یارییە کۆتاییانەی بەشداری کردووە، 35 گۆڵ و 17 ئەسیستی کردووە؛ ژمارەیەکی شێتانە بۆ یاریزانێک کە هەمیشە ئامادەیە کاتێک باسەکە دەگاتە سەر نازناوەکان.
لەگەڵ بارسێلۆنا ژمارەکانی زۆر تایبەتن: 23 نازناو لە 31 یاری کۆتاییدا.
لەگەڵ ئەرجەنتین، لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالدا رێژەکەی نیوە بە نیوەیە؛ لە 2014 دۆڕا، بەڵام لە 2022 قەرەبووی کردەوە.
ئێستا نیویۆرک بڕیاری کۆتایی دەدات؛ لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە کۆتا یارییە گەورەکانی مێسی لەگەڵ ئەرجەنتین و رەنگە کۆتا هەل بێت بۆ زیادکردنی ئەستێرەیەکی دیکە بۆ سەر درێسەکەی.



