ناچاریان کردین؛ سکالۆنی گلەیی لە خشتەی مەشقەککانی ئەرجەنتین دەکات
خێزانی سکالۆنی پشتگیریی ئەرجەنتین دەکەن یان ئیسپانیا؟

یاریگا –
لیۆنێل سکالۆنیی راهێنەری ئەرجەنتین بێزاریی خۆی لە خشتەی فیفا دەربڕی، دوای ئەوەی تیمەکەی ناچار کرا پاشنیوەڕۆی رۆژی هەیینی لە نیوجێرسی مەشق بکات، کە کەمتر لە رۆژێک بوو دوای گەیشتنیان لە ئاتڵانتاوە، ئەو شوێنەی کە تێیدا لە پێشکۆتایی مۆندیالدا شکستیان بە ئینگلتەرا هێنابوو.
سکالۆنی دوو رۆژ پێش یاریی کۆتایی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ئیسپانیا، لەگەڵ رۆژنامەنووسان قسەی کرد و ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر کاتی مەشقەکە دەربڕی. کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پلانی هەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی سەرەکییدا بکات، راهێنەرەکەی ئەرجەنتین وەڵامی دایەوە و گوتی:
ئێمە تازە دەستمان بە چاکبوونەوە کردووە چونکە شەوی رابردوو دوای کاتژمێر 11ـی شەو (بە کاتی نیوجێرسی) گەیشتین. ئەمڕۆ ناچار کراین لە کاتێکدا مەشق بکەین کە خۆمان نەمان دەویست، بەڵام لەبەر کۆنفرانسی رۆژنامەوانی و شتەکانی دیکە، ناچار بووین مەشقێکی سەیر و خێرا بکەین و بە ئەستەم توانیمان کار لەسەر هیچ شتێک بکەین. ئێستا ئێمە سەرنجمان لەسەر چاکبوونەوەیە و لەسەر ئەو بنەمایە سەیر دەکەین بزانین دۆخی هەمووان چۆنە، چونکە یاریزانمان هەن کە 100% ئامادە نین، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخیان دەکەین.
گلەیییەکەی سکالۆنی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە دوای گەیشتنیان بەو شارەی یاریی کۆتایی تێدا دەکرێت، ئەرجەنتین لە کاتژمێر 3:30ـی پاشنیوەڕۆ لەژێر گەرمای تووندی هاوینی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا مەشقی کرد. هاوکات لەگەڵ خشتەی سەختی قۆناخی کرانەدەرەوە، کە شتێکە سکالۆنی پێشتر رەخنەی لێ گرتبوو، ئەم دۆخە بێزاریی راهێنەرەکەی زیاتر کردووە، بەتایبەتی لەبەر ئەو کاتە کەمەی چاکبوونەوە کە بۆ یاریزانەکانی بەردەستە.
سەرەڕای ئەمەش، سکالۆنی ئەوەی روون کردەوە کە سەرنجی ئەرجەنتین بەردەوام لەسەر ئاستی خۆیان دەبێت هاوکات لەگەڵ رێزگرتن لە کوالێتی رکابەرەکەیان و گوتی:
ئێمە بە بیرکردنەوە لە یاریی خۆمان ئامادەکاری دەکەین، هاوکات خاڵە بەهێزەکانی ئیسپانیاش رەچاو دەکەین.
سکالۆنی هەروەها ئاشکرای دەکات کە خێزانەکەی لە یاریی کۆتایی مۆندیال لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیادا پاڵپشتیی کێ دەکەن. ئەلیزای هاوژینی و دوو کوڕەکەی، یان و نووح، ئیسپانیین، بەڵام راهێنەرەکەی ئەرجەنتین دەڵێت هەموویان پاڵپشتیی ئالبیسێلێستێ دەکەن. بەڵام ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لەوانەیە هەڵبژاردن بۆیان قورستر بێت.
ئەم یەکشەممەیە کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، ئەرجەنتین لە یاریگای نیوجێرسی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە. بردنەوەیەک دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دووەم نازناوی مۆندیال بۆ لیۆنێل سکالۆنی وەکوو راهێنەری ئەرجەنتین کە دەستکەوتێکی مێژووییە، بەڵام هاوکات دوودڵی لەنێو خێزانەکەیدا دروست دەکات، چونکە بەشێکی زۆریان لە ئیسپانیا لەدایکبوو بوون. سکالۆنی پێش یارییەکە بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد کە ئازیزانی هاندەری کێ دەبن و گوتی:
هاوژینەکەم و منداڵەکانم بە روونی پاڵپشتیی ئێمە، ئەرجەنتین دەکەن. هەرچەندە هاوژینەکەم ئیسپانییە، بەڵام زۆر باش دەزانێت ئەمە چ واتایەکی بۆ من هەیە یاخود چەندە دەناڵێنم. سەبارەت بە منداڵەکانم، هیچ گومانێک نییە.
سکالۆنی لە ساڵی 2008 لە مایۆرکا چاوی بە هاوژینەکەی، ئەلیزا مۆنتێرۆ کەوت کاتێک بە شێوازی خواستن لە لازیۆوە پەیوەندی بە یانەی ئەو دوورگەیەوە کرد. یەکەم کوڕیان، یان، لە ساڵی 2012 لەدایکبوو و دووەم کوڕیان، نووح، چوار ساڵ دوای ئەوە هات کە هەردووکیان لەو دوورگە ئیسپانییەدا لەدایکبوو بوون.
سەرەڕای رەگەزنامە ئیسپانییەکەیان، هەردوو منداڵەکە لەبەر باوکیان پاڵپشتیی ئەرجەنتین دەکەن. لە کاتی ئاهەنگەکانی ئەرجەنتیندا دوای بردنەوەی مۆندیالی 2022 لە قەتەر و کۆپا ئەمریکای 2024 لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ئەوان لەگەڵ سکالۆنیدا بینران کە ئاهەنگیان دەگێڕا، لە کاتێکدا درێسی ئەرجەنتینیان پۆشیبوو و وێنەیان لەگەڵ پاڵەوانەکاندا دەگرت.
سکالۆنی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
ئێمە هاوکات خێزانمان لە مایۆرکا هەیە کە لەوانەیە دڵیان دابەش بووبێت. ئەمە دۆخێکی سەختە بۆ ئەوان و من تێی دەگەم، بەڵام هەر شتێک روو بدات، لە کۆتاییدا ئەوان دڵخۆش دەبن.
خزمەکانی هاوسەرەکەی هەموویان خەڵکی مایۆرکان و بە شێوەیەکی سروشتی، زۆربەیان هیوادارن ئیسپانیا دووەم جامی مۆندیال بەرز بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەکوو سکالۆنی ئاماژەی پێ کرد، ئەگەر ئەرجەنتین بباتەوە، ئەوان لانی کەم دڵنەوایی ئەوەیان دەبێت کە دەبینن بەشێکی گەورەی خێزانەکەیان پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن.



