تایبەت بە یاریگا؛ ئاکام هاشم لەگەڵ یانەیەکی گەورە رێککەوت
ئاکامی کوردان دەگەڕێتەوە کوردستان..

یاریگا –
ئاکام هاشم، ئەستێرەی ناوداری کوردستان لەگەڵ زاخۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی.
تۆڕری وەرزشیی یاریگا لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نزیک لە گفتوگۆکان زانیوویەتی، ئاکام هاشم، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ زاخۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئاکام لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی یانەکەی پرا دەلال دەپۆشێت.
تۆڕی وەرزشیی یاریگا زانیوویەتی، لە چەند رۆژی رابردوو گفتوگۆیەکی چڕ لەنێوان یانەی زاخۆ و ئاکام هاشم هەبووە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئەو گفتوگۆیە بەرهەمی هەبووە و هەردوولا لەسەر گرێبەستەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئاکام پەیوەندی بە زاخۆ دەکات.
ئاکام هاشم لەم هاوینە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی جامی جیهانی 2026ـی کرد و سەرنجی زۆرێک لە یانەکانی بۆخۆی راکێشا.
ئاکام هاشم هاوینی 2024 هەولێری جێهێشت و پەیوەندی بە شوڕتە کرد، لەگەڵ ئەو یانەیە بووە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
ئاکام هاوینی 2025 شوڕتەی جێهێشت و پەیوەندی بە زەوڕا کرد، وەرزی رابردوو یاریی بۆ زەوڕا کرد و لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتاییهات و پەیوەندی بە زاخۆ دەکات.



