گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

شپرزەم؛ دێلا فوێنتێ گەیشتن بە هەموو کۆتاییەکی مۆندیال قبووڵ دەکات ئەگەر بشیدۆڕێنێت

"لامین دەبێت لامین بێت"

Yariga App

یاریگا –

لویس دێلا فوێنتێی راهێنەری ئیسپانیا دوو رۆژ پێش یاریی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئەرجەنتین لەگەڵ میدیاکان قسەی کرد.

لەنێو هۆڵێکی گەورە لە سەنتەری کۆنفرانسی جەیکەب کەی. جاڤیتس لە مانهاتن، لەنێوان شەقامەکانی 34 و 38 لە گەڕەکی 11، لویس دێلا فوێنتێیی راهێنەری ئیسپانیا بەرامبەر ژوورێکی پڕ لە رۆژنامەنووسان وەستا پێش یاریی کۆتایی مۆندیال. ئەو ئێستا تەنیا یەک یاریی دوورە لەوەی ببێتە خاوەن زۆرترین نازناو لە مێژووی ئیسپانیا، دوای ئەوەی پێشتر نەیشنزلیگ و یۆرۆی بەدەست هێناوە.

خەڵک دەڵێن کەس تیمی پلەی دووەم بیر نایەتەوە…
من لە ئێستاوە گەیشتن بە یاریی کۆتایی بە شانازی و شکۆیەکی گەورە دەزانم. ئامادەم واژوو لەسەر گەیشتن بە هەموو یارییەکی کۆتایی مۆندیال بکەم و تێیدا بدۆڕێم، بەڵام مادام کەس پێچەوانەی ئەمەی نەگوتووە، ئێمە شەڕ بۆ بردنەوەی دەکەین. رکابەرەکەمان تیمێکی نایابە و خاوەن تۆمارێکی سەرنجڕاکێشە لەژێر سەرپەرشتیی سکالۆنیدا.

چاوەڕوانی چ جۆرە یارییەکی کۆتایی دەکەیت؟ پێت وایە ناوبژیوان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت
نمایشێکی گەورە دەبێت، ئەمانە دوو تیمی نایابن و چەندین لەیەکچوون لەنێواندا هەیە. هەر لایەنێک هەوڵ دەدات یارییەکە بەرەو ئەو شوێنە ببات کە زیاتر بۆی گونجاوە. ئێمە یارییەکی وەهامان دەوێت کە کوالێتی و بەهرەمەندی تێیدا جیاوازی دروست بکەن. سەبارەت بە ناوبژیوانانیش، سەرەتا پێویستە ئێمە یارمەتییان بدەین و پاشان ئەوانیش دەبێت پارێزگاری لە شانۆیەکە بکەن.

ئەم ئامادەکارییە جیاواز دەرکەوێت، زیاتر شپرزەیت؟ هیچ شتێک نیگەرانت دەکات؟
من شپرزەم چونکە دەبێت بە هێلیکۆپتەر بگەڕێینەوە و ئەوەش بە راستی شپرزەم دەکات. هەموو شتەکانی دیکە؟ نەخێر، هەرگیز. بە تەواوی ئارامم، گەیشتن بەم پێگەیە شانازییە و دەمانەوێت چێژ لەم بۆنەیە وەرگرین.

دۆخی لامین چۆنە؟
ئەو دۆخی باشە، ئەمانە هەستیارترین ساتەکانن چونکە هەر شتێکی چاوەڕواننەکراو دەکرێت روو بدات. لامین دەبێت لامین بێت، مێسی یاریزانێکی بێوێنەیە، نموونەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو بەو مۆندیالە باوەڕپێنەکراوەی پێشکەشی دەکات. باشترین شێواز کە بتوانین یارمەتی لامین بدەین ئەوەیە رێگەی پێ بدەین خۆی بێت.

بەڵام ئەو 100% ئامادەیە؟
ئەو لە رووداوی لێدانی سزادا بەرکەوتنێکی توندی هەبوو و هەستی بە کەمێک ناڕەحەتی دەکرد، بۆیە پێمان باش بوو مەشقەکانی رێک بخەین. ئەو ئێستا باشە، هیچ کێشەیەک نییە، لە دۆخێکی جەستەیی بێخەوشدایە.

تۆ لەو کاتەوەی بوویتە راهێنەری ئیسپانیا، هەموو ساڵێک گەیشتوویتە یاریی کۆتایی. ئەمە نۆیەمین یاریی کۆتایییت، نهێنییەکە چییە؟
کارکردن، کارکردن و کاری زیاتر، ئەمە نهێنییەکەیە. کاتێک شتەکان بە دڵی تۆ ناڕۆن، تۆ بەردەوام دەبیت لە کارکردن و پێداگری، خۆشت بە یاریزانی باش و ستافی باش دەورە دەدەیت. لە سەرووی هەموو شتێکەوە، بابەتەکە پەیوەندی بە هەستکردن بە پاڵپشتیی باشەوە هەیە.

کاتی نێوان دوو گێم درێژتر دەبێت لە 15 خولەکی ئاسایی، ئایا فیفا زیادەڕۆیی دەکات؟ ئەمە کاریگەری لەسەر پلانەکانتان دەبێت؟
لە کۆتایی مانگی ئایاردا من بە تەواوی بۆ یاریزانەکانم روونم کردەوە کە ئەم پاڵەوانییەتییە چۆن بەڕێوە دەچێت. لە کۆتاییدا گوتم: ‘بەڕێزان، دۆخەکە بەم شێوازەیە’. هیچ گلەییەک و هیچ لۆمەیەک نەبوو، ئێمە شانازی دەکەین کە لێرەین. هەروەها پێم وایە ئەو شتانەی ئەمڕۆ نائاسایی دەردەکەون، لەوانەیە دوای چەند ساڵێکی دیکە ببنە شتێکی تەواو سروشتی. تۆپی پێ گەشە دەکات، دەبێت خۆمان بگونجێنین. مادام ناتوانین بیگۆڕین، با چێژی لێ وەرگرین.

لە توانای ئەرجەنتین بۆ گەڕانەوەی دراماتیکی لە ئەنجامەکاندا دەترسیت؟
دەبێت سەرنج بخەینە سەر خۆمان، ئەوان نیشانیان داوە کە دەتوانن بگەڕێنەوە و دۆخە سەختەکان رێک بخەن. کاتێک باسی لێکچوون دەکەم، مەبەستم ئەوەیە هەردوو تیمەکە چەندین شتی هاوبەشیان هەیە. تیمەکەی سکالۆنی و تیمەکەی من لە چەندین تایبەتمەندیدا هاوبەشن.

ئەگەر بتوانیت داوای یەک ئامۆژگاریی سەرەکی لە کەسێک بکەیت پێش یاریی کۆتایی، ئەو کەسە کێ دەبێت؟
من خۆشەویستییەکی بێپایانم بۆ ڤیسێنتی دێل بۆسکی هەیە، ئەو بیرمەندی تۆپی پێیە، بە ساتی وەهادا تێپەڕیوە و کەس لەو شیاوتر نییە بۆ پێشکەشکردنی ئامۆژگاری. ئەگەر ئەو بتوانێت تەنیا یەک سەرەداوت پێ بدات دەربارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ساتە هەستیارەکاندا کە بە ناچاری دێنە پێش، ئەمە ئارامیی دەروونیت پێ دەبەخشێت.

توخێل دانی پێدا نا کە بیری لە دەستنیشانکردنی یاریزانێک کردووەتەوە بۆ چاودێریکردنی توندی مێسی. تۆ بیرت لەوە کردووەتەوە وابکەیت؟
چیرۆکێکی پێکەنیناویتان بۆ دەگێڕمەوە. من راهێنەری تیمی لاوانی سێڤییا بووم کاتێک بەرامبەر بارسێلۆنا یاریمان کرد و مێسی لەوێ بوو. خەڵک ئاگاداریان کردبوومەوە لەسەری، بۆیە لە سەرەتادا یاریزانێکی چاودێریم بۆ دانا. لە خولەکی 70 ئەو یاریزانەم گۆڕی کە چاودێریی دەکرد و لە 15 خولەکی کۆتاییدا ئەوان چوار گۆڵیان کرد.

هەندێک خەڵک دەڵێن سکالۆنی تیمێکی ناشیرین و پاڵنەری تووڕەکردنی دروست کردووە، تۆ هاوڕایت؟
ئەم بیرکردنەوەیە هەرگیز بە خەیاڵمدا نایەت. ئەوان کۆپا ئەمریکا و مۆندیالیان بردووەتەوە…بۆ خاتری خودا. لەلایەن هاوڕێیەکی منیشەوە راهێنەرایەتی دەکرێن، چەکی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام ئەو چەکانە چەکی تۆپی پێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button