
یاریگا –
هەولێر دەیەوێت گۆڵپارێزێکی دیکە بهێنێتە ریزی تیپەکەی و حوسێن حەسەنی گۆڵپارێزی زەوڕاش نزیکترینە.
دوای گرێبەست کردن لەگەڵ ویسام عەلی، گۆڵپارێزی وەرزی رابردووی ئەمانەی بەغدا، هەولێر دەیەوێت حوسێن حەسەنی گۆڵپارێزی زەوڕا بهێنێتە ریزی تیپەکەی و گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
حوسێن حەسەن، گۆڵپارێزی زەوڕا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە ماوە، بەڵام گۆڵپارێزەکە لە لیژنەی کاروباری یاریزانان و راهێنەران لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق سکاڵای لەسەر یانەکە تۆمارکرد، دوو دانیشتنی رابردوو لە بەرژەوەندی گۆڵپارێزەکەی زوڕا کۆتایی هاتووە.
بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووش دانیشتنی کۆتایی بکرێت و بە رێژەیەکی زۆر گۆڵپارێزەکە مافی دەستبەرداربوونەکەی لە زەوڕا وەردەگرێت، حوسێن ئامادەیە بڕی 165 ملیۆن دینار بداتە زەوڕا لە پێناو شکاندنی گرێبەستەکەی، بەڵام کارگێڕی زەوڕا داوایان لە گۆڵپارێزەکە کردووە ئەم کارە نەکات و بۆ ماوەی وەرزێک بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە هەولێرەوە بکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، حوسێن حەسەن ئامادەنیە بە خواستن یاریی بۆ هەولێر بکات و وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە زەوڕا، ئەو دەیەوێت گرێبەستی ئازاد لەگەڵ هەولێر واژۆبکات، هەولێریش ئامادەیە گرێبەستێکی سێ ساڵی پێشکەش بە گۆڵپارێزەکە بکات و ماوەیەکی زۆر بەرگری لە گۆڵی کوڕانی قەڵا و منارە بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیاریی هەیە کە هەولێر و حوسێن حەسەن لەسەر زۆربەی خاڵەکانی گرێبەستی نێوانیان رێککەوتوون، بەڵام چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی کێشەی گۆڵپارێزەکە و زەوڕا دەکەن بۆ ئەوەی بە فەرمی گرێبەستی نێوانیان واژۆ بکەن.
حوسێن حەسەن، تەمەنی 22 ساڵە، لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بە گرێبەستێک لە یانەی کەرخەوە پەیوەندی بە زەوڕاوە کردبوو.



