گرنگترینمۆندیالی 2026

کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی کەمپی ئینگلتەرا؛ تۆخێل بەرگری لە بێڵینگهام دەکات و پەیامێک بۆ ئەرجەنتین دەنێرێت

بێڵینگهام 120 خولەک یاری کردووە و ماندوو بووە

Yariga App

یاریگا –

تۆماس تۆخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئاشکرای کرد کە شەوی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ یاریزانەکانی بۆ رەواندنەوەی هەر نیگەرانییەکان و ئارامکردنەوەی کەشوهەوای نێو تیپەکە کردووە، ئەمەش دوای ئەو کاردانەوە و لێدوانە دژبەیەکانەی دوای یارییەکەی نەرویج لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا دروست بوون.

 دوای بردنەوەی ئینگلتەرا لە نەرویج بە ئەنجامی 2-1، تۆخێل رەخنەی لە ئاستی تیپەکەی گرت و بە خراپ و ناڕێک وەسفی کردن، ئەمەش وایکرد جود بێلینگهام وەڵامی بداتەوە و بڵێت کە راهێنەرەکە تێناگات یاریکردن لەو کەشوهەوا گەرم و شێدارەدا چەندە قورسە، بەڵام پێش یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین لە قۆناخی پێش کۆتاییدا، تۆخێل دەیەوێت بەتەواوی ئەم بابەتە دابخات.

تۆخێل جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بێلینگهام نییە و گوتی؛

پێم وایە هەردووکمان لە یەک گۆشەنیگاوە سەیری بابەتەکان دەکەین، لێدوانەکانی هەردووکیامان سەرچاوەکەی لە رکابەرییەکی بەهێزەوە هاتووە بۆ بردنەوە.

لۆمەکردنی میدیاکان و پاساوهێنانەوە بۆ بێلینگهام
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی talkSPORT، راهێنەرە ئەڵمانییەکە رایگەیاند کە ئێستا ئەو و بێلینگهام لە هەموو کات زیاتر لە یەکتر نزیکن و میدیاکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیانەوێت لێکتێنگەیشتن دروست بکەن و گوتی؛

خەڵکی هەوڵ دەدەن درز و کەلێن دروست بکەن لە کاتێکدا هیچ درزێک نییە. چاوەڕێی چی دەکەن لە یاریزانێک کە 120 خولەک هەموو توانایەکی جەستەیی خۆی بەخشیوە، دوو گۆڵی کردووە و راستەوخۆ دەچێتە بەردەم مایکڕۆفۆنێک؟ کاردانەوەکەی زۆر ئاسایی بوو.

تۆخێل ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژنامەنووسان تەنیا پرسیاریان لەسەر لایەنە نەرێنییەکانی قسەکانی ئەو لە بێلینگهام کردووە، لە کاتێکدا ئەو ستایشی بێلینگهامی کردووە و بە”یاریزانێکی ئاستی جیهانی وەسفی کردووە.

 لە کۆبوونەوەکەی شەوی یەکشەممە، تۆخێل داوای لە یاریزانەکانی کردووە کە بەتەواوی لاپەڕەی نەرویج دابخەن.

پێم گوتن کە دەبێت بەرەو پێشەوە بچین. راستەوخۆ ئاراستەی بیرکردنەوەمان گۆڕی بۆ ئامانجە نوێیەکەمان: قۆناخی پێشکۆتایی و ئەرجەنتین.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی تانگۆ، تۆخێل رێزێکی زۆری بۆ رکابەرەکەی پێشاندا و گوتی؛

ئەرجەنتین بە مێژووەکەیەوە دێتە مەیدانەوە و ئەمە پاڵنەرێکی گەورەیە بۆیان. ئەوان هەمان ئەو کۆمەڵەیەن کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە قەتەر بوون، زۆر یەکگرتوون و قوربانییەکی زۆر دەدەن. کاتێک لە دواوەن تووشی شڵەژان نابن و باوەڕیان بە شێوازی خۆیان هەیە کە شێوازێکی زۆر سۆزدارییە.

لە کۆتاییدا تۆخێل پەیامێکی ئاراستەی رکابەرەکەی کرد و گوتی؛

ێمەش سۆز و باوەڕمان هەیە، ئەو بوێری و دەروونە بەهێزەمان هەیە کە پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان و بەتەواوی ئامادەین.

بابەتی زیاتر

Back to top button