
یاریگا –
ئامانجی هەولێر گواستنەوەی هێرشبەرێکی سووپەرە و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆی لەگەڵ هێرشبەرێکی هەڵبژاردەی عێڕاق دەستپێکردووە.
بە مەبەستی تۆکمەکردنی پێکهاتەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، هەولێر دەیەوێت هێرشبەرێکی سووپەر بگوازێتەوە ریزەکانی و بۆ ئەم مەبەستەش بە فەرمی گفتوگۆی لەگەڵ موهەند عەلی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێڕاق دەستپێکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی کە هەولێر سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی سووپەر، کارگێڕی یانەکەش بە فەرمی گفتوگۆیان لەگەڵ موهەنەد عەلی، یاریزانی دبا فجیرەی ئیماڕاتی و هەڵبژاردەی عێڕاق دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان هەردوولا نەکراوە و گفوگۆکان بەردەوامن.
موهەنەد عەلی، تەمەنی 26 ساڵە و پێشووتر بۆ یانەکانی شوڕتە، کارەبا، نەفت، دوحەیلی قەتەڕی، بۆرتیمونینسی پۆرتوگالی، سیلیەی قەتەڕی، ئاریس سالۆنیکای یۆنانی و وەرزی رابردووش لەگەڵ دبا فجیرەی ئیماڕاتی یاریی کردووە.



