پێش رووبەڕووبوونەوەی ئینگڵتەرا؛ ئەرجەنتین داوایەکی تایبەت ئاراستەی فیفا دەکات
فیفا داواکەی قبووڵ کردووە؟

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین داوایەکی تایبەتی پێشکەش بە فیفا کردووە سەبارەت بەو درێسەی کە دەیانەوێت لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئینگلتەرا لەبەری بکەن.
بڕیارە هەڵبژاردەی سێ شێرەکە کە دوای بردنەوەیان لە نەرویج گەیشتنە ئەم قۆناخە، رووبەڕووی ئەرجەنتین ببنەوە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال.
ئەرجەنتین بە سەرکردایەتیی لیۆنێل مێسییەکی ئاستبەرز، کە تاوەکوو ئێستا خاوەنی 8 گۆڵە و لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە، لە سویسرای بردەوە و گەیشتە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی ئەرجەنتینی، گاستن ئیدۆل، یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەفەرمی داوای لە فیفا کردووە کە لەم یارییەدا بە درێسە شینە یەدەکەکەیانەوە یاری بکەن، نەک درێسە نەریتییەکەیان کە پێکهاتووە لە هێڵکاریی شین و سپی.
Argentina pidió jugar con la camiseta azul contra Inglaterra.
Se define el martes. pic.twitter.com/eE8ijAo3Jz— Gastón Edul (@gastonedul) July 13, 2026
ئەرجەنتین لە کۆی شەش یاریی رابردووی خۆی لەم مۆندیالە، لە پێنج یارییاندا درێسە سەرەکییەکەی پۆشیوە، تاکە یاری کە تێیدا درێسە شینەکەیان لەبەرکرد، یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان بوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن.
پێدەچێت کەتیبەکەی لیۆنێل سکالۆنی بیانەوێت هەمان ئەو درێسە لە یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر ئینگلتەرا دووبارە بکەنەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، فیفا داواکەی قبووڵ کردووە و تانگۆ بە درێسی یەدەکیان رووبەڕووی ئینگڵتەرا دەبێتەوە.
Confirmado:
Argentina va a jugar contra Inglaterra con la camiseta azul por las semifinales de la Copa del Mundo 2026. pic.twitter.com/wkibjYuuYE— Gastón Edul (@gastonedul) July 13, 2026
گەورەترین و بەناوبانگترین رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی نێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەرا دەگەڕێتەوە بۆ مۆندیالی 1986 کە لەو یارییەدا کە دیێگۆ مارادۆنا دوو گۆڵە مێژووییەکەی [گۆڵی دەستی خوا و گۆڵی سەدە] ـی کرد و ئەرجەنتین یارییەکەی بردەوە، یاریزانانی ئەرجەنتین درێسە شینەکەیان لەبەردا بوو. لەو کاتەوە، ئەرجەنتینییەکان ئەو درێسە شینە وەکوو ‘بەختی باش’ بەرامبەر ئینگلتەرا دەبینن و دەیانەوێت بە هەمان رۆحییەتی 1986ـەوە بچنە نێو یاریگاوە.



