قوربانییەکانی مۆندیال؛ تاوەکوو ئێستا 15 راهێنەری هەڵبژاردەکان لە ماوەی مۆندیالدا کارەکانیان لەدەستداوە
پاپێ تیاو دوایینیان بوو

یاریگا –
بە دوورخستنەوەی پاپی تیاوی راهێنەری سەرەکیی سێنیگال دوای کرانەدەرەوەی تیمەکەی لە قۆناخی 32، ژمارەی ئەو راهێنەرانەی لە ماوەی مۆندیالدا پۆستەکانیان جێهێشتووە ئێستا بۆ 15 راهێنەر بەرزبووەتەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی سێنیگال (FSF) رۆژی یەکشەممە دوورخستنەوەی تیاوی تەمەن 45 ساڵ و ستافی راهێنەرایەتییەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای دۆڕانی سێنیگال بە ئەنجامی 3-2 بەرامبەر بەلجیکا، سەرەڕای ئەوەی بە ئەنجامی 2-0 لە پێشەوە بوون. ئەم داڕمانە مشتومڕێکی توندی لە وڵاتەکەدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تیمەکە دروستکرد.
چەندین یاریزانیش دوای یارییەکە بێئومێدیی خۆیان دەربڕی، لەنێوانیاندا پاپی گوێی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ڤیاڕیال، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند تاوەکوو ستافی راهێنەرایەتیی ئێستا لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە، ئەو پشوویەک لە یاریکردن بۆ تیمی نیشتمانی وەردەگرێت.
لیستی رۆیشتنی راهێنەران بە سەبری لاموشی راهێنەری فەڕەنسی-توونسی دەستی پێ کرد، کە دوای یەکەم یاریی توونس لە مۆندیالدا پۆستەکەی لەدەستدا، کە دۆڕانێک بوو بە ئەنجامی 5-1 بەرامبەر سوید لە 15ـی حوزەیراندا.

میرۆسلاڤ کۆبێکی راهێنەری کۆماری چێک، ستیڤ کلارکی سکۆتلەندا، هۆنگ میونگ-بۆ’ـی کۆریای باشوور و مارسێلۆ بیێلسای راهێنەری ئوروگوای، هەموویان دوای ئەوەی تیمەکانیان نەیانتوانی لە قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەڕن، دەستیان لەکار کێشایەوە.
سێباستیان بیکاسێسی ئەرجەنتینی (ئیکوادۆر)، رۆناڵد کۆمان (هۆڵەندا) و یولیان ناگلیسمان (ئەڵمانیا) دوای کرانەدەرەوەیان لە قۆناخی 32 پۆستەکانیان جێهێشت. لە هەمان کاتدا، خافێیر ئاگێری (مەکسیک)، کارلۆس کیرۆش (گانا) و رۆبێرتۆ مارتینێز (پۆرتوگال) دوای کرانەدەرەوەیان لە قۆناخی 16 رۆیشتن.
زلاتکۆ دالێچ’ـیش دوای ئەوەی کرواتیا لە قۆناخی 32 لەسەر دەستی پۆرتوگال کرایە دەرەوە، چووە نێو لیستەکە، کە ئەمە دوایین تیمی نیشتمانی بوو پێش بڕیارەکەی سێنیگال بەبێ راهێنەری سەرەکی بمێنێتەوە.
لیستی تەواوی ئەو راهێنەرانەی پۆستەکانیان جێهێشتووە
| راهێنەر | تیمی نیشتمانی |
| سەبری لاموشی و هێرڤی رونار | توونس |
| ستیڤ کلارک | سکۆتلەندا |
| میرۆسلاڤ کۆبێک | کۆماری چێک |
| هۆنگ میونگ-بۆ | کۆریای باشوور |
| مارسێلۆ بیێلسا | ئوروگوای |
| سێباستیان بیکاسێس | ئیکوادۆر |
| رۆناڵد کۆمان | هۆڵەندا |
| یولیان ناگلیسمان | ئەڵمانیا |
| خافێیر ئاگێر | مەکسیک |
| کارلۆس کیرۆش | گانا |
| رۆبێرتۆ مارتینێز | پۆرتوگال |
| زلاتکۆ دالیچ | کرواتیا |
| پاپی تیاو | سێنیگال |
| جەمال سەلامی | ئوردن |



