جەنگی زەبەلاحەکان؛ بارسێلۆنا دەچێتە کێبڕکێی بەدەستهێنانی بەهرەمەندە نوێیەکەی بەڕازیل
دوو یانەی دیکەی گەورەی ئەوروپاش چاودێریی دەکەن

یاریگا –
کاوا پـاڤونا، یاریزانی تیمی نیشتمانیی تەمەن ژێر 15 ساڵی بەڕازیل، لەژێر چاودێریی یانەکانی وەکوو بایرن میونشن و ئارسیناڵدایە، دایک و باوکی سەردانی بنکەکانی یانە باڤارییەکە و لاماسیایان کردووە.
لە کاتێکدا بەڕازیل بە قۆناخێکی قورسی ناسنامەدا تێپەڕدەبێت، یەکێک لە گەورەترین بابەتەکانی گفتوگۆ لەمێژەوە رۆیشتنی پێشوەختی بەهرەمەندە گەنجەکانیەتی بەرەو تۆپی پێی ئەورووپا. ئەم دیاردەیە نەوەکوو هەر خاو نەبووەتەوە، بەڵکوو یاریزانان لە تەمەنێکی هێشتا بچووکتردا لە زەریای ئەتڵەسی دەپەڕنەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، یەکێک لە دوایین ناوەکان کە سەرنجێکی زۆری راکێشاوە، کاوا پـاڤونایە کە لە ساڵی 2011 لەدایکبووە و لە نزیکەوە لەلایەن بایرن میونشن، ئارسیناڵ و بارسێلۆناوە چاودێریی دەکرێت.
بەگوتەی ریان مۆرێرای رۆژنامەنووس، ئەم یاریزانە کە ئێستا لە تیمی نیشتمانیی تەمەن ژێر 15 ساڵی بەڕازیلدا یاری دەکات، دەکرێت بەم نزیکانە فلامێنگۆ جێبهێڵێت تاوەکوو پەیوەندی بە زەبەلاحێکی ئەورووپاوە بکات. دایک و باوکی پـاڤونا، کە بۆ پشوو لە ئەورووپان، پێشتر سەردانی بنکەکانی بایرن میونشنیان کردووە و هاوکات لە لاماسیایش لایانداوە تاوەکوو لە نزیکەوە ئاشنای ئەکادیمیای لاوانی بارسێلۆنا ببن.

ئەوانەی پـاڤۆنا لە نزیکەوە دەناسن، ئەو وەکوو یاریزانێکی تەکنیکیی زۆر بەهرەمەند وەسف دەکەن، کە خاوەنی بینینێکی نایاب و توانایەکی بەهێزە بۆ دروستکردنی هاوکاری لە سێیەکی کۆتایی یاریگا. دەگوترێت ئەو خاوەنی کۆنتڕۆڵێکی ناوازەی تۆپ، بڕینی سەرنجڕاکێش، پاسی یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنانی بەهێزە. سەرەڕای ئەوەش، ژیریی ئەو لە خوێندنەوەی یارییەکە و سەرکردایەتیکردنی تیمەکەی لە ساتەکانی فشاری بەرزدا بە توندی ستایش دەکرێت.
ئەو هاوکات خاوەنی ئەو خۆڕسکییە تایبەتەیە کە زۆر کەس پێیان وایە لە ساڵانی دواییدا لە یاریزانانی بەڕازیلدا ون بووە. باوە کە ببینرێت هەوڵی بڕینی بوێرانە، لێدانی مەقەستی و پاسدان بەبێ سەیرکردن بدات. بە کورتی، ئەو خاوەنی شێوازێکی بێترسە کە پێویستی بە رێکخستن هەیە، بەڵام نابێت هیچ کاتێک رێگری لێبکرێت.



