بارگرانییەکانی ئیسپانیا پێش یارییەکەی فەرەنسا؛ کەڵەشێرەکان سوود لە ماندوودێتی لاڕۆخا وەردەگرن؟
جیاوازییە گەورەکەی ئامادەکارییەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا

یاریگا –
کاتێک دەگەیتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، هەموو وردەکارییەک دەبێتە خاڵی گرنگ و یەکلاییکەرەوە؛ هەم ئەوانەی کە دەبیندرێت و هەم ئەوانەشی کە شاراوەن.
ئامادەنەبوونی یاریزانێک بەهۆی پێکان سڕکردن کاریگەریی گەورەی هەیە، بەڵام هۆکارگەلێکی دیکەش هەن کە رێڕەوی یارییەکان دەگۆڕن؛ یەکێک لەوانە ئاسوودەیی و پشووودانی یاریزانەکانە، کە بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکا، تاوەکوو دەگەنە ئەم قۆناخە، کە لێرە ئیسپانیا زەرەرمەندی یەکەمە.
پشووی کەمتر و گەشتی زۆر
خاڵە روونەکە ئەوەیە کە ئیسپانیا رۆژێک کەمتر لە فەرەنسا پشووی داوە، چونکە کەڵەشێرەکان یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی لە رۆژی پێنجشەممە کرد، لە کاتێکدا ئیسپانیا لە رۆژی هەینیدا یاری کرد، بەڵام ماندووبوونە گەورەکە تەنیا لەمەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو پەیوەندی بەو زنجیرە رووداوانەوە هەیە کە لە کاتی گەیشتنی تیپەکە بۆ شاری ‘چاتانوگا’ لە 5ـی حوزەیرانەوە روویانداوە؛ لەو کاتەوە، کەتیبەکەی لویس دێلا فوێنتێ بە بەراورد بە کەتیبەکەی دیدیێ دیشام، گەشت و کیلۆمەترێکی زۆر زیاتریان بڕیوە.

لە دۆستانەکەی مەکسیکەوە بۆ ماڵئاوایی لە چاتانوگا
یاریزانەکانی ئیسپانیا هێشتا جانتاکانیان لە گەشتە 6500 کیلۆمەترییەکەی سانتییاگۆوە بۆ چاتانوگا نەکردبووەوە، کەچی ناچاربوون جارێکی دیکە سواری فڕۆکە ببنەوە بەرەو شاری پویبلا لە مەکسیک بۆ دوایین یاریی ئامادەکاری بەرامبەر پیرۆ [زیاتر لە ٢٠٠٠ کم ڕۆیشتن و هەمان بڕیش بۆ گەڕانەوە]، ئەمە بە تەنیا نزیکەی 22 کاتژمێر فڕینی خایاند وەکوو دەستپێکێک بۆ جیهانیترین مۆندیالی مێژوو.
ئیسپانیا شاری چاتانوگای وەکوو بنکەی سەرەکیی خۆی هەڵبژارد و 25 رۆژ لەوێ مانەوە، هەرچەندە دەیانویست هەر لەوێ بمێننەوە، بەڵام سەرکەوتنیان وەکوو یەکەمی کۆمەڵەکەیان وایکرد رێڕەوی گەیشتن بە یاریی کۆتایی بە شارەکانی لۆس ئانجلس، دالاس و نیویۆرکدا تێپەڕێت، بۆیە ناچاربوون بنکە سەرەکییەکەیان جێبهێڵن.
لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوو جار بە پاس چوونە ئاتاڵانتا [800 کم] و جارێکیش بە فڕۆکە بۆ گوادالاخارا [نزیکەی 2500 کم] کە گۆڕانی وڵات و کاتی ناوچەییشی تێدابوو.
گێژاوی گەشتەکان؛ لۆس ئانجلس – داڵاس
دوای گەڕانەوەیان لە گوادالاخارا، ئاڵۆزترین بەشی مۆندیال دەستیپێکرد؛ گەشتی درێژ و گۆڕانی کاتی ناوچەیی لە هەر دوو رۆژ جارێکدا [چاتانوگا – لۆس ئانجلس، لۆس ئانجلس – دالاس، دالاس – لۆس ئانجلس و لۆس ئەنجلۆس – دالاس]، ئەمەش واتا 13 کاتژمێر فڕین بۆ بڕینی 9000 کیلۆمەتر.
بە گشتی، لە ماوەی 35 رۆژدا ئیسپانیا نزیکەی 20 کاتژمێر لە فڕۆکە و 8 کاتژمێر لە پاسدا بووە، 6 جار کاتی ناوچەیی بەسەریاندا گۆڕاوە و بە رۆژێک پشووی کەمترەوە دەگەنە یاریی قۆناخی پێش کۆتایی، هەرچەندە ئەمە بیانوو نییە، بەڵکوو راستییەکی تاڵە سەبارەت بە جەستەی یاریزانەکان.
فەرەنسا لە بۆستن؛ کیلۆمەتری کەمتر، بەڵام گەرمای زیاتر
ئەگەر شتێک هەبێت ئیسپانیا لەم مۆندیالەدا ئیرەیی بە فەرەنسا ببات، ئەوەیە کە کەڵەشێرەکان تاوەکوو قۆناخی پێشکۆتایی خاوەنی یەک بنکەی جێگیر بوون. فەرەنسییەکان دوای هەر یارییەک دەگەڕانەوە ‘ماڵەکەیان’ لە بۆستن [تەنانەت دوو یاریشیان هەر لەوێ کرد]، گەشتەکانی دیکەشیان بۆ نیوجێرسی و فیلادێلفیا نزیک بوون، تاوەکوو ئەوەی دواجار گەشتە گەورەکەیان بۆ دالاس کرد، ئەوان تەنیا 10 کاتژمێر فڕینیان هەبووە و هیچ گۆڕانکارییەکی کاتی ناوچەییان بەسەردا نەهاتووە تاوەکوو گەیشتنیان بە دالاس.
ئەم رێکخستنە لۆجستییە کارەکانی فەرەنسای زۆر ئاسان کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ناچاربوون لە یاریگا کراوەکاندا یاری بکەن کە گەرما تێیاندا خنکێنەر بووە، ئەمە تاکە خاڵی ئەرێنییە بۆ ئیسپانیا کە لە سەرجەم یارییەکانیدا [جگە لە یارییەکەی گوادالاخارا] لە یاریگای فێنککەرەوە و داپۆشراودا یاریی کردووە.
ئەم وردەکاری و گەشتانە کاتێک دەگەنە قۆناخی پێش کۆتایی، چیدیکە تەنیا ئامار نین، بەڵکوو دەبنە هۆکاری داگیرسانی گڵۆپی سووری شەکەتی لە جەستەی بەشێکی زۆری یاریزانەکاندا.



