بە ئاوازی کەس سەما ناکەین؛ خوان لاپۆرتا پەیامێکی توند ئاراستەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات
"خۆمان ریتمەکە دیاری دەکەین"

یاریگا –
خوان لاپۆرتا پەیامێکی ئاشکرا ئاڕاستەی میگێل ئانخێل خیل مارین دەکات و دەڵێت “ئێمە خۆمان ریتمەکە دیاری دەکەین”، هاوكات بە فەرمی گرێبەستی کەریم ئادیێمی و بەردەوامیی رافینیا پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام هیچ لێدوانێکی کۆتایی لەسەر فێران تۆرێس نادات.
خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا، لە ناوەڕاستی شاری داڵاسەوە، ئەو شارەی کە سێ ساڵ لەمەوبەر تێیدا بیستی کە عوسمان دێمبێلێ بەرەو پاریس سانجێرمان یانەکە جێدەهێڵێت، پەیامێکی روونی سەبارەت بە خولیان ئالڤارێز ئاڕاستەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد. سەرۆکی بارسێلۆنا دووپاتی کردەوە کە ئۆفەری یانەکە بۆ ئەم هێرشبەرە ئەرجەنتینییە کاتی بەسەرچوونی هەیە و گوتی:
بەڵێ، من گوتم کە ئۆفەرەکە بێپایان نییە. بێگومان، ئێمە بە ئاوازی کەسی دیکە سەما ناکەین. ئێمە خۆمان ریتمەکە دیاری دەکەین. ئەو ئۆفەرە بێپایان نییە و لە کاتی خۆیدا دەڵێین تاوەکوو کەی دەمێنێتەوە. ئێمە ئەو ئۆفەرەمان پێشکەش کرد چونکە دەمانەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکدا واژۆ بکەین کە راهێنەر و بەشی وەرزشی بە راستی حەزی پێدەکەن. ئەمە ئۆفەرێکی زۆر گەورەیە، بەڵام بۆ هەمیشە لەسەر مێزەکە نامێنێتەوە. دواجار کە لەگەڵ میگێل ئانخێل خیل مارین قسەم کرد، زۆر راشکاو بووم. لە سەرەتادا هەندێک تێگەیشتنی چەوت سەبارەت بەو ئۆفەرەی پێشکەشمان کردبوو هەبوو. من روونم کردەوە و لەو کاتەوە هیچ پێشکەوتنێکی دیکە نەبووە.
لاپۆرتا، کە رایگەیاند هاتووەتە داڵاس بۆ پاڵپشتیکردنی تیمی نیشتمانیی ئیسپانیا، بە فەرمی گرێبەستی کەریم ئادیێمی پشتڕاستکردەوە و گوتی:
ئێمە زۆر بۆی بەپەرۆشین، ئەو مەترسیدار و خێرایە، دیکۆ بە شێوەیەکی نایاب سەرپەرشتیی گرێبەستەکەی کرد. هەواڵەکە لەو کاتەدا بڵاوبووەوە کە بڕیار بوو بڵاوببێتەوە و ئێمە زۆر دڵخۆشین.
سەرۆکی بارسێلۆنا هاوكات پشتڕاستی کردەوە کە رافینیا لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و گوتی:
بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ (کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد ئایا دەمێنێتەوە). ئێمە هیچ ئارەزوویەکمان نییە ئەو بارسێلۆنا جێبهێڵێت و یاریزانێکی سەرەکییە. هاتنی گۆردن و ئادیێمی هێڵی هێرشبەریمان بەهێز دەکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە رێگەی پێدەدەین بڕوات. تاکە پەژارە ئەوەیە کە ئەو لە ساتە یەکلاکەرەوەکانی وەرزی رابردوودا لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا بە تەواوی ئامادە نەبوو.
سەبارەت بە دوایین ناو بە ئەگەریی رۆیشتنی بەسترابێتەوە، کە فێران تۆرێسە، لاپۆرتا خۆی لە پێشکەشکردنی هەر لێدوانێکی کۆتایی بەدوور گرت و گوتی:
من شتی جۆراوجۆرم بیستووە و خوێندووەتەوە. ئێمە لە هیچ شتێک ئاگادار نەکراوینەتەوە، زۆر بە فێران دڵخۆشین. هەر کاتێک یاریی دەکات، مەترسی دروست دەکات. ئێمە یاریزانی گەورەمان هەیە.



