بردنەوە لە پۆرتوگال زۆر گرنگ بوو؛ یامال دەڵیت هەموو تیمێک حەز دەکات ئالڤارێزی هەبێت و دەرگامان بۆی کراوەیە
"هەمووان دەزانن مێسی کێیە"

یاریگا –
لامین یامال دانی پێدا دەنێت کە زۆر چێژ لە چاوپێکەوتنەکان وەرناگرێت، بەڵام بە زەردەخەنە، گەرموگوڕی و ئارامییەوە چاوپێکەوتنەکان دەکات و قبووڵی دەکات کە ئەمە بەشێکە لە کارەکەی.
لامین یامال ئەستێرەی ئیسپانیایە و یەکێکە لە گەورەترین ناوەکانی مۆندیال. پێش یەکەی راهێنانی دوێنێ لە لۆس ئانجلس، لە یەکێک لە هۆڵە تایبەتەکانی یاریگای لۆس ئانجلس گالاکسی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ قسەی کرد.
دوای گەیشتنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکاتێکدا بەهۆی پێکانەوە ئامادەیی تەواوی بۆ یاری نەبوو، ئەو دەڵێت کە پێش یارییەکە بەرامبەر بەلجیکا و بەشەکەی دیکەی پاڵەوانییەتییەکە زۆر بەپەرۆش و تامەزرۆیە. ئێستا ئیسپانیا لە قۆناخی چارەکی کۆتاییی مۆندیالدایە، لەگەڵ هەر یارییەکدا هەست بە باشتربوون دەکات، هەرچەندە دانی پێدا دەنێت کە هێشتا چاوەڕوانی ئاستە ناوازەکەی خۆی دەکات. هاوکات ئاگاداریش دەدات کە باشترین ئاستی هێشتا لەڕێدایە.
بەشێک لە گرنگترین قسەکانی ئەستێرە لاوەکەی ئیسپانیا:
خەڵک بە ئاشکرا دەڵێن مۆندیالی ئیسپانیا تاوەکوو رادەیەکی زۆر بە لامین یامالەوە بەستراوەتەوە. تەنانەت رۆدریش لەم دواییانەدا گوتی: “بەو هیوایەی لامین نیشانی بدات کە ئەو لە گەورەترین رۆژەکاندا یەکێکە لە باشترینەکان”. چێژ لەو بەرپرسیارێتییە وەردەگریت؟
بەڵێ، من وەکوو شتێکی ئەرێنی دەیبینم. خۆشە کاتێک خەڵک باوەڕیان پێتە و متمانەت پێ دەکەن. من وەکوو فشار سەيری ناکەم، چێژی لێ وەردەگرم.
بەڵام لایەنەکەی دیکەش بوونی هەیە، وا هەست دەکرێت کە هەندێک کەس چاوەڕوانی شکستی تۆ دەکەن
دوو گرووپی خەڵک هەن: ئەوانەی باوەڕیان پێتە و ئەوانەی چاوەڕوانی شکستت دەکەن تاوەکوو رەخنەت لێ بگرن. شتە گرنگەکە مانەوەیە بە ئارامی و بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوی خۆمان، کە ئەویش بەردەوامبوونە لە بردنەوە. لە کۆتاییدا، گرنگ نییە خەڵک چی دەڵێن.
رەخنە و گومانەکان پاڵنەرتن؟
بەڵێ، من ئەوان بە ئەرێنی وەردەگرم. هەندێک جار لات سەیرە بۆچی خەڵک هەندێک شت دەڵێن، بەڵام کاتێک بە باشی یاری دەکەیت، هەمووان بێدەنگ دەبن.
هیچ رەخنەیەک بەڕاستی ئازاری داویت؟
بەو رادەیە نا، کاتێک دەیبەیتەوە، هەموو شتێک کەمتر ئازارت دەدات.
تۆ هەمیشە گوتووتە کە خۆت گەورەترین رەخنەگری خۆتیت، لەم مۆندیالە دەگەیت بەو چاوەڕوانییەی لە خۆتت هەبوو؟
پێم وایە دەتوانم باشتر بم، داواکاریی زۆرم لە خۆم هەیە. ئەوەی تاوەکوو ئێستا کردوومە بۆ من بەس نییە، هەرگیز نەگەیشتوومەتە ئامانجەکەم، تەنانەت لە بارسێلۆناش، بۆیە بە دڵنیایییەوە لێرەش نەگەیشتوومەتە ئامانج.
ئێستا لە رووی جەستەیییەوە هەست چۆنە؟ تۆ تەنیا سێ یاری لە ئامانجەکەت دووریت
زۆر باشم، خەڵک یادەوەریی ئەم ساتانەیان لەبیرە، لە قۆناخی 16 و قۆناخی چارەکی کۆتایی بەرەو سەرەوە، ئەمە ئەو کاتەیە کە تێیدا زۆرترین پاڵنەرم هەیە. من قۆناخ بە قۆناخ چاکبوونەوەی خۆم ئەنجامداوە تاوەکوو بتوانم ئێستا لە باشترین ئاستمدا بم. هەستێکی نایابم هەیە و پەرۆشم بۆ نیشاندانی ئەوەی ئیسپانیا لە توانایدایە و ئەوەی خۆم لە توانامدا هەیە.
دێلا فوێنتێ ستایشی کارە بەرگرییەکانی تۆی کرد بەرامبەر پۆرتوگال، بەتایبەتی چۆنیەتیی مامەڵەکردنت لەگەڵ نونۆ مێندێش
ئەوە زۆر گرنگ بوو، پۆرتوگال یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانی خۆی لەلای منەوە لە یاریگا هەبوو، بۆیە هەوڵمدا هەم لە هێرشبەریدا و هەم لە بەرگریدا یارمەتیی تیمەکە بدەم.
بردنەوە لە پۆرتوگال چەندە گرنگ بوو؟
زۆر گرنگ بوو، متمانەیەکی زۆری پێ بەخشین. بۆ من پۆرتوگال یەکێک بوو لە سێ باشترین تیمەکانی مۆندیال، بۆیە دوورخستنەوەیان باوەڕمان پێ دەبەخشێت پێش رووبەڕووبوونەوەی بەلجیکا، بەڵام هەر یارییەکی مۆندیال جیاوازە و هەموو شتێک زۆر نزیکە.
ئەگەر لە بەلجیکا ببەنەوە، رووبەڕووی فەڕەنسا یان مەغریب دەبنەوە، هەردووکیان رکابەری تایبەتن بۆ تۆ
بەڵێ، ئێمە یادەوەریی گەورەمان بەرامبەر فەڕەنسا هەیە و یاریکردن بەرامبەر مەغریب بۆ من زۆر تایبەت دەبێت. هەردووکیان تیمیک لێهاتوون. رووبەڕووی هەرکامێکیان ببینەوە، هەوڵدەدەین بیبەینەوە و بگەینە کۆتایی.
گەورەترین ئەستێرەی بەلجیکا لەنێو گۆڵدایە، تۆ دەزانیت گۆڵکردن بەرامبەر کۆرتوا چۆنە
بەڵێ، بەلای منەوە ئەو یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان. ئەو شتەکان قورستر دەکات، بەڵام وەکوو هەمیشە، من بە سەرنجدان لەسەر بردنەوە دەچمە نێو یارییەکە، نەوەکوو لەسەر هیچ یاریزانێکی تاکەکەسی.
لەماوەی ئەم مۆندیالەدا، ناوبانگی تۆ هێندەی مێسی، نێیمار یان کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەورەیە، پاڵەوانییەتییەکەی مێسیت چۆن بینیوە؟
باوەڕپێنەکراوە. هەمووان دەزانن مێسی کێیە، بەڵام کەس چاوەڕوانی نەدەکرد جارێکی دیکە بگاتەوە بەم ئاستە بەرزە. من زۆر بۆ ئەو دڵخۆشم، هاوکات بۆ نێیمار و کریستیانۆش دڵخۆشم. ئەوان منداڵیی هەموو ئەو کەسانەیان نەخشاند کە ئەمڕۆ یاری دەکەین. هەر شتێکی باش کە بەسەریاندا بێت دڵخۆشم دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بگەمە کۆتایی، دەمەوێت بیبەمەوە.
ناوی بارسێلۆنا بە خولیان ئالڤارێزەوە بەستراوەتەوە، بۆچوونت لەسەری چییە؟
هەمووان دەزانن ئەو یاریزانێکی ئاست بەرزە، کەسێکە کە هەر تیمێک حەز دەکات هەیبێت. من پێشتر گوتوومە دەرگاکانمان کراوەن و ئەگەر پەیوەندیمان پێوە بکات، هەمووان زۆر دڵخۆش دەبین. پێم وایە ئەو بە تەواوی لەگەڵ شێوازی بارسێلۆنادا دەگونجێت. بە راستی نازانم چی لە گواستنەوەکەدا روودەدات، بەڵام هیوادارم رووبدات.



