
یاریگا –
ویلی کابایێرۆی گۆڵپارێزی پێشووی مانچێستەر سیتی گەڕاوەتەوە بۆ یانەکە وەکوو بەشێک لە ستافی ئێنزۆ مارێسکای راهێنەری نوێ.
ئەم ئەرجەنتینییە دوای پەیوەندیکردنی لە ساڵی 2014، سێ ساڵی لە مانچێستەر سیتی بەسەر برد و بەشێک بوو لەو پێکهاتەیەی کە لە ساڵی 2016 جامی خولەکەی بردەوە. کابایێرۆ لەژێر سەرپەرشتیی پێپ گواردیۆلادا یاریی کرد، کە مانگی رابردوو لە پۆستی راهێنەرایەتیدا لەلایەن مارێسکاوە جێگەی گیرایەوە.
ئەو پێشتر وەکوو بەشێک لە تیمە راهێنەرایەتییەکانی لە لێستەر و چێڵسی لەگەڵ مارێسکادا کاری کردووە و ئێستا جارێکی دیکە لە یاریگای ئیتیحاد وەکوو راهێنەری تیمی یەکەم پەیوەندی پێوە کردووەتەوە.
ئەم تەمەن 44 ساڵانە لە ستافەکەی مارێسکا لە سیتی، لەپاڵ هەر یەکە رۆبێرتۆ ڤیتیێلۆی یاریدەدەری راهێنەر، دانی وۆلکەری یاریدەدەر، میشێل دی بێرناردینی بەرپرسی راهێنەرانی گۆڵپارێزان، مارکۆس ئالڤارێزی راهێنەری توانای جەستەیی، دێنیس سیلڤای یاریدەدەر و خاڤیێر مۆلینای شیکەرەوە دەستبەکار دەبێت.
سیتی هاوکات پشتڕاستی کردەوە کە راهێنەری تۆپە جێگیرەکان جەیمس فرێنچ و راهێنەری گۆڵپارێزان، ریچارد رایت لەو رۆڵانەی خۆیاندا دەمێننەوە کە لە ماوەی وەرزی 2025/2026 هەیانبوو.



