مۆندیال بۆ ئەرجەنتین ئامادەکراوە؛ حوسام حەسەن هێرشی توند دەکاتە سەر ناوبژیوانی یارییەکەی ئەرجەنتین
شارەزایەکی ناوبژیوانی ئینگلیزی: بڕیارەکەی ڤار دژی میسر ئابڕووچوون و زیادەڕەوییەکی گەورە بوو

یاریگا –
دوای دۆڕانە دراماتیکییەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین بە ئەنجامی 3-2 لە قۆناخی 16ـی مۆندیال، حوسام حەسەن، راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ، بە توندی هێرشی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و رایگەیاند کە پاڵەوانێتییەکە بۆ ئەرجەنتین دانراوە.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی پڕ لە گرژی، ئەرجەنتین توانی لە دواکەوتنی بە دوو گۆڵەوە بگەڕێتەوە و یارییەکە 3-2 بباتەوە، بەمەش لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان کۆڵۆمبیا و سویسرا دەبێتەوە.
تووڕەیی حوسام حەسەن لە بڕیارەکانی ناوبژیوان
حوسام حەسەن بەتەواوی لە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکە نیگەران بوو و ئاماژەی بەوە کرد کە میسڕ بە ناهەق گۆڵی دووەمی لێ رەتکراوەتەوە کاتێک ئەنجامەکە 1-0 بووە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی زیادکراودا و پێش ئەوەی ئێنزۆ فێرناندێز گۆڵی سێیەم و بردنەوە بۆ ئەرجەنتین بکات، دەبوو لێدانێکی سزا بۆ میسڕ هەژمار بکرێت.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە، حەسەن پەنجەی تۆمەتی بۆ فرانسیۆس لێتێکسەر، ناوبژیوانی فەرەنسی و یاریزانانی ئەرجەنتین درێژ کرد و گوتی؛
ئێمە هیچ رێز و یارییەکی خاوێنمان نەبینی، لێدانێکی سزامان رەتکرایەوە و رووداوێکی دیکەش کە دەبوو بۆ لێدانی سزا پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، ڤار تەنانەت سەیریشی نەکرد، بە هەر هۆکارێک بێت، گۆڵی دووەممان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر رەتکرایەوە.
حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی؛
پێدەچێت پەستانێک لەلایەن ئەرجەنتینەوە لەسەر ناوبژیوان هەبووبێت کە ئەم ئەنجامەی لێ کەوتووەتەوە، ژیان نادادپەروەرە، جیهان نادادپەروەرە، زۆر باشە، بەڵام بۆچی لە وەرزشدا هیچ دادپەروەرییەک نییە؟ ناوبژیوان بێویژدان بوو، خودامان بەسە و ئەو باشترین کارسازە، ئەو ناوبژیوانە ماندووبوونی نەتەوەیەکی بەفیڕۆ دا. جامەکە بۆ ئەرجەنتین ئامادەکراوە.
هەروەها رەخنەی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە گرت و گوتی؛
ئەو کەسەی خشتەی ئەم یارییانە دادەنێت هەرگیز تۆپی پێی نەکردووە، تۆ هەرگیز یارییەکی تۆپی پێ ناخەیتە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە.

لێدوانی یاریزانانی میسر
مستەفا زیکۆ، خاوەنی یەکێک لە گۆڵەکانی میسر، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی TSN گوتی؛
ناوبژیوان دادپەروەر نەبوو، ئەمە زۆر روون بوو. بە بڕیارەکانی هەموو ماندووبوونی ئێمەی لەناوبرد، ئێمە 2-0 لە پێش بووین و ئێستا هیچمان پێ ناکرێت، زۆر داوای لێبوردن لە گەلی میسر دەکەین، دەمانویست دڵخۆشتان بکەین بەڵام قیسمەت نەبوو و هۆکارەکەی ناوبژیوان بوو. پیرۆزبایی مۆندیالی دووەم لە ئەرجەنتین دەکەم [وەکوو تانەیەک بۆ ئەوەی کە پاڵەوانێتییەکە بۆ ئەوان ئامادە کراوە].
شیکاری شارەزایانی ناوبژیوانی: ئایا ستەم لە میسر کرا؟
گراهام سکۆت، شارەزای ناوبژیوانی و ناوبژیوانی پێشووی پرێمەرلیگ، شیکاری بۆ دۆخەکە کرد و رایگەیاند کە میسڕ مافی خۆیەتی هەست بە ستەم بکات سەبارەت بە گۆڵە رەتکراوەکەی زیکۆ لە خولەکی 67.
سکۆت دەڵێت؛
ئەو بەریەککەوتنەی مەڕوان عەتیە لەگەڵ لیساندرۆ مارتینێز لە سەرەتای دروستبوونی هێرشەکەدا، بەریەککەوتنێکی زۆر ئاسایی بوو، هەروەها نزیکەی 100 یارد لە گۆڵەکەوە دوور بوو و ئەرجەنتین هەموو کات و هەلێکی هەبوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و بەرگری بکات، جێگەی سەرسوڕمان نییە کە میسڕ هەست بە ستەم دەکات کە لە کۆتاییدا گۆڵەکەیان لە رێگەی ڤارەوە رەتکرایەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: “تەنیا بەریەککەوتنێکی بچووک لە قاچ و ڕاکێشانێکی زۆر سادەی درێسەکە هەبوو، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک فاوڵ نەبوو. دەستتێوەردانەکەی ڤار سەرسوڕهێنەر بوو و زیادەڕەوییەکی گەورە بوو لە دەسەڵاتی ڤار کە کاری تەنیا ڕاستکردنەوەی هەڵە ڕوون و ئاشکراکانە.”
بەڵام سەبارەت بە داواکارییەکەی میسر بۆ لێدانی سزا بەهۆی کەوتنی محەمەد سەڵاح پێش گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین، سکۆت پێی وایە بڕیاری ناوبژیوان دروست بووە و وتی: “بەریەککەوتنێکی کەم هەبوو، بەڵام هێندە نەبوو کە سەڵاح بخاتە خوارەوە، وەک چۆن نەدەبوو گۆڵەکەی میسر ڕەت بکرێتەوە، بە هەمان شێوەش ئەمەیان شایستەی لێدانی سزا نەبوو.”



