ئه‌ڵمانیاگرنگترین

یۆرگن کلۆپ بێدەنگی دەشکێنێت؛ ئامادەم سەرکردایەتی ئەڵمانیا بکەم بەڵام پرۆسەکە کاتی دەوێت

کڵۆپ دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئەڵمانیا بکات

Yariga App

یاریگا –

دوای دەستلەکارکێشانەوەی یولیان ناگلیسمان لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یۆرگن کلۆپ بۆ یەکەمجار بەفەرمی پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەستپێکردووە.

کلۆپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی MagentaTV، وردەکاریی پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و باسی لەو بەربەستانەش کرد کە تاوەکوو ئێستا ماون.

بەڵێ، گفتوگۆکانمان دەستپێکردووە
سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی پۆستەکە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە رایگەیاند؛

بەڵێ، لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە گفتوگۆدام، ئەوان بەدوای جێگرەوەی ناگلیسمان دەگەڕێن و لەگەڵ من لەسەر هێڵن.

گرێبەستەکەی رێدبوڵ و کێشەی کات
کلۆپ ئاماژەی بەوە کرد کە یەکلاییبوونەوەی ئەم بابەتە راستەوخۆ نابێت و کاتی دەوێت، چونکە هێشتا پەیوەستە بە گرێبەستەکەیەوە.

ئەوەی لەم قۆناخەدا پێویستە تەنیا کاتە، من گرێبەستم لەگەڵ کۆمپانیای رێدبوڵ هەیە، هەرچەندە پێم گوتوون کە ئارەزووی ئەو گفتوگۆیانە دەکەم کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەکرێن، گفتوگۆکان زۆر چڕ دەبن، چونکە کێشەکە تەنیا رۆیشتنی ناگلیسمان نییە.

گوتیشی؛

دەبێت لەگەڵ ئۆلیڤەر مینتزلاف قسە بکەم کە بەڕێوەبەری کارەکانمە لە رێدبوڵ. پێشتر باسی چەند شتێکمان کردووە و پێشبینی دەکەم هیچ رێگرییەکم لێ نەکات، ماوەی 19مانگە لەوێم و قۆناخێکی پڕ لە کار و سەرقاڵی بوو.

ئامادەییم تێدایە بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی
لە کۆتایی قسەکانیدا، کلۆپ پەرۆشیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کورسیی راهێنەرایەتی پێشاندا و گوتی؛

من ئامادەم، کاتێک گفتوگۆکان دەست پێدەکەن، راستەوخۆ مێشکت خێرا دەست بە بیرکردنەوە و پلاندانان دەکات، ئێمە دەبێت شتەکان لە بنەڕەتەوە بگۆڕین.

بابەتی زیاتر

Back to top button