گرنگترینمۆندیالی 2026

رۆژنامەیەکی ئەفریقی ئابڕووچوونی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سێنیگال لە مۆندیالی 2026 ئاشکرا دەکات

چی لە کەمپی هەڵبژاردەی سینیگال روویداوە؟

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی لە قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2026 بە ئەنجامی 3-2 لەسەر دەستی بەلجیکا کرایە دەرەوە، هەڵبژاردەی سەنیگال لە نێو کۆمەڵێک گرژی و ئاڵۆزیدا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

رۆژنامەی Sports News Africa نووسیەتی، لەپشت شکست و ماڵئاوایی سێنیگال، قەیرانێکی باوەڕپێنەکراوی کارگێڕی لە پشت پەردەوە هەبوو کە هەڵبژاردەکەی لە مۆندیال ئیفلیج کرد.

رۆژنامەکە دەڵێت، لە دروستکردنی فشاری دەروونی لەسەر پاپا تیاو، راهێنەری هەڵبژاردەکە لەلایەن فیدراسیۆنەوە سەبارەت بە پرسی گرێبەستەکەی، تاوەکوو دەگاتە ژیانی شاهانە و ئیمتیازاتی تایبەتی هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی سەنیگال، ئەمە بەشێکی یەکەمە لە ئاشکراکردنی ئەو کەشە ژەهراوییەی نێو کەمپی هەڵبژاردەکە.

تیاو بێ گرێبەست و لەژێر فشاری فیدراسیۆن

لەنێوان جامی نەتەوەکانی ئەفریقا و مۆندیالدا، پێگەی تیاو لاواز بوو، لە شوباتی 2026ـەوە بێ گرێبەست بوو و مووچەی پێنج مانگی وەرنەگرتبوو. تەنیا پاش ئەوەی هەمان رۆژنامە ئەم دۆخەی ئاشکرا کرد، بەپەلە هەوڵی چارەسەرکردنی درا.

لە کاتێکدا رۆژێک پێش یارییەکەی نەرویج لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی ‘هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە’، بەڵام لە راستیدا وا نەبوو و تەنیا پێنج کاتژمێر پێش دەستپێکی یارییەکەی نەرویج، تیاو گرێبەستەکەی واژۆ کرا، ئەمەش دواهەمین فێڵی عەبدوڵڵا سۆو، سکرتێری گشتی فیدراسیۆنەکە بوو بۆ کاتکوشتن، بەو ئامانجەی چاوەڕوانی ئەنجامی یارییەکەی نەرویج بکەن تاوەکوو بڕیار لە چارەنووسی بدەن.

سێنیگال بێ راهێنەر تاوەکوو شەش کاتژمێر پێش یارییەکەی نەرویج

لەبەر واژۆنەکردنی گرێبەستەکەی، نوێنەرانی راهێنەرەکە هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە بریکارەکەیان بۆ ئەو یارییە چارەنووسسازە ناچێتە سەر کورسی یەدەک، بۆ ئەوەی فیدراسیۆن رووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکە ببێتەوە و بۆ خەڵکی سێنیگالی روونبکەنەوە کە گرێبەستەکەیان واژۆ نەکردووە.

لە کۆتاییدا لەژێر فشار و پاش ئەوەی فیدراسیۆن بەنهێنی بڕگەیەکی بۆ گرێبەستەکە زیاد کردبوو، بەپەلە و پێنج کاتژمێر پێش فیکەی دەستپێک گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار واژۆ کرا.

سێبەری هێرڤی رینارد و دەستتێوەردانی سەرۆک کۆمار

ئەم دۆخە ئەو گرژییانەی بیرخستینەوە کە پێش گەشتکردن بۆ کەمپی ئامادەکاری لە ئەمریکا روویاندا. تیاو سوور بوو لەسەر ئەوەی تاوەکوو کێشەکانی چارەسەر نەکرێت گەشت ناکات. بەرپرسانی فیدراسیۆنیش پێیان گوتبوو ئەگەر نەچێت، ئەوا راستەوخۆ بە بێ ئەو گەشت دەکەن و گرێبەست لەگەڵ هێرڤی رینارد دەکەن، هەرچەندە رینارد دواتر پۆستی راهێنەرایەتی توونسی وەرگرت، بەڵام پێشتر پەیوەندی بە سێنیگالەوە هەبووە و یەکێک بووە لە بژاردەکان.

تیاو بە پاڵپشتی یاریزانە سەرەکییەکانی دەیویست بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکات، بەڵام تەنیا بە دەستێوەردانی باڵا و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە، راهێنەرەکە دڵنیاکرایەوە کە خۆی کێشەکە چارەسەر دەکات، ئینجا رازی بوو گەشت بکات، سەرۆکایەتی کۆماریش داوای چاککردنی دۆخەکەی کرد، بەڵام ئیتر کار لە کار ترازا بوو.

ژیانی شاهانە و ئاهەنگی بەرپرسان

لە نێوخۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سینیگال، ململانێ و سووکایەتیکردن بە یەکتر گەیشتبووە لووتکە، سەرۆک دەسەڵاتی بەسەر دۆخەکەدا نەشکابوو، لە کاتێکدا سکرتێری، گشتی عەبدوڵڵا سۆو خەریکی شەڕکردن بوو لەگەڵ تیاو، بەرپرسانی دیکە خەریکی قۆستنەوەی پارەی دەوڵەت بوون.

یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆک بانگهێشتی چەندین ئافرەتی مۆدێل و ئینفلوێنسەریان کردبوو کە ئامادەبوونیان لە کاتی راهێنانەکاندا هەمووانی تووشی سەرسووڕمان کرد، خەرجییەکی زەبەلاح دەکرا و خزم و کەسوکاریان هێنابوو بەب ێ ئەوەی بزانرێت کێ پارەکە دەدات.

کڕینی خواردنەوە کحولییە گرانبەهاکان، دیارییەکان و ئاهەنگگێڕانی شەوانە لەگەڵ ژناندا، وایکردبوو رۆژەکانی سەرەتای شاندەکە لە ئەمریکا وەکوو ئاهەنگێکی گەورە بێت، ستافی هۆتێلەکە سکاڵایان لە هەڵسوکەوتی بەرپرسەکان کرد، لە کاتێکدا یاریزانەکان تەواو فەرامۆش کرابوون و ناچار دەبوون خۆیان خواردنی خێرا داوا بکەن.

مەتەڵی فرۆشتنەوەی بلیتەکان

سەرۆکایەتی کۆمار نوێنەرێکی تایبەتی ناردە ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام ئەمەش رێگری نەکرد لە گەندەڵی و فرۆشتنەوەی ئەو بلیتانەی فیفا بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی سێنیگالی تەرخان کردبوو. لە رێگەی بازاڕی ڕەشەوە، بلیتی 60 دۆلاری بە نزیکەی 350 دۆلار دەفرۆشرایەوە، بە بێ ئەوەی بزانرێت پارەکە دەچێتە خەزێنەی فیدراسیۆن یان گیرفانی کەسە نزیکەکانیان.

ئەم شاردنەوە و قۆرخکارییەی بلیتەکان، کە تەنانەت بلیتی تەرخانکراوی بۆ خێزانی یاریزانەکانیشی دەگرتەوە، هەمان ئەو سیناریۆیە بوو کە لە مۆندیالی 2022 روویدابوو و لە مۆندیالی 2026ـیش بەهەمان شێوە دووبارە بووەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button