
یاریگا –
یانەی هەولێر، بە مەبەستی تۆکمەکردنی ریزەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەڵمەتێکی فراوانی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەستپێکردووە.
بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی تایبەت لە دەستەی کارگێڕی یانەکە کە لە سێ کەس پێکهاتوون، ئێستا لە بەغدان و لە گفتوگۆی چڕ و پڕدان لەگەڵ چەندین ئەستێرەی دیاری خولەکە.
عەلی موحسین؛ بەربەستە داراییەکان گفتوگۆکانیان سست کردووە
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەولێر عەلی موحسین، یاریزانی یانەی گەرمەیە.
هەرچەندە دانوستاندنەکان بەردەوامن، بەڵام داواکارییە داراییە بەرزەکانی ئەو یاریزانە بووەتە گرێکوێرەی رێککەوتنەکە، کارگێڕی هەولێر داوای لێکردووە بڕی پارەکەی کەم بکاتەوە، چونکە تا ئێستا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵیدا ئاسان نییە.
محەمەد مەزهەر؛ تەنیا هەنگاوێکی ماوە بۆ پۆشینی درێسی زەرد
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵە خۆشەکان بۆ هاندەرانی قهڵا و مناره نزیکبوونەوەی محەمەد مەزهەر، یاریزانی یانەی تەڵەبەیە. یاریگا زانیاری ئهوهی هەولێر لە رێککەوتن لەگەڵ ئەم یاریزانە زۆر نزیکە و خەریکە کۆتا وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی تەواو دەکەن بۆ ئەوەی بە فەرمی رایبگەیەنن.
هێڵی بەرگری و هێرشبەر؛ مستەفا سەعدون و عەلی یوسف لە رێگەن
پلانەکانی هەولێر تەنیا لەوێدا ناوەستن؛ بەرگریکاری راستی هەڵبژاردەی عێراق، مستەفا سەعدون و هێرشبەری پێشووی یانەی تەڵەبە، عەلی یوسف، دوو ئامانجی تری ههولێرن كه لێژنهكه گفتوگۆی لهگهڵ كردوون.
جیاوازی نێوان یانەکە و ئەم دوو یاریزانە تەنیا لەسەر بڕە پارەیەکی کەمە، و بەپێی زانیارییهكان، بە ئەگەرێکی زۆر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی راهێنەر لوئەی سەڵاح، دەیەوێت پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی نوێ ئامادە بکات. دوای یەکلاکردنەوەی ئەم ناوانە، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ چەند یاریزانێکی تریش بۆ ئەوەی تیپەکە لە هەموو هێڵەکاندا بە تەواوی تۆکمە بکات.



