ئینگلتەراگرنگترین

چێڵسی راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی مارێسکا و مانچێستەر سیتی بڵاوکردەوە

Yariga App

یاریگا –

لەدوای نیو کاتژمێر لە راگەیاندنەکەی مانچێستەر سیتی بۆ دەستنیشانکردنی ئینزۆ مارێسکا وەک راهێنەری نوێ، یانەی چێڵسی هاتە سەرهێڵ و بە بەیاننامەیەک چەند وردەکارییەکی درکاند.

لە دیارترین تێبینیەکانی نێو بەیاننامەکەی چێڵسیدا بە هیچ شێوەیەک ناوی مارێسکا نەهێنراوە، کە ئەوەش دیارە نیشانەی پەستی و نائومێدی کارگێڕی بلووزە لە بڕیاری راهێنەرە ئیتاڵیەکە. بەڵکوو تەنها وەژ “را‌هێنەری یەکەم” یان “راهێنەری پێشوومان” ئاماژەی بۆکراوە.

یانە لەندەنیەکە نووسیویەتی کە پایزی ساڵی رابردوو “را‌هێنەری پێشوومان” پەیوەندی پێوەکردوون بەوەی دەیویست جێگەی پێپ گواردیۆلا بگرێتەوە، بۆیە هەر ئەوکات هەستیانکرد لەلایەن سیتیەوە پەیوەندی پێوەکراوە لەکاتێکدا ناوبراو گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ چێڵسیدا هەبوو.

چێڵسی بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەوە هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای لە دژی هاوتا ئینگلیزیەکەی کرد، بەڵام بە پێدانی قەرەبوو کە بڕەکەی خۆی دەدات لە 20 ملیۆن یۆرۆ، ئەو کارەی نەکرد و پێکهاتن. جگە لە سیتی، هاوکات هەمان رێکاریشی بەرامبەر مارێسکا گرتەبەر و قەرەبووی ماددیشی خستووەتەسەر را‌هێنەرەکەی پێشووی.

بەیاننامەکەی چێڵسی

چێڵسی وەرزی 2025/26 بە وەرزی بێهواییەکی گەورە دەزانێت بۆ یانەکە و هاندەرانیشمان. هۆکارێکی گەورەش لەپشت ئەوەوە، ئەو گۆڕانکارییە ناچاریانەبوون کە یانەکە لە ماوەی کریسمسدا ئەنجامیدا پەیوەست بە گۆڕینی راهێنەر.

ئێستا بەهۆی ئەو پێشهاتە هەنووکەییانە، بە گرنگی دەزانین بۆ هاندەرانمانی روونبکەینەوە کە چی روویداوە و بۆچی راهێنەری پێشوومان لە 1ی یەنایەری 2026 یانەکەمان جێهێشت.

پایزی ساڵی رابردوو لەلایەن راهێنەری پێشوومانەوە پێمانراگەیەندرا کە دەرفەتێکی بۆ هاتووەتەپێش کە لە کۆتایی وەرزەکە جێگەی پێپ گواردیۆلا بگرێتەوە. لەوەوە بۆمان روونبووەوە کە خواستی زۆری خۆی بوو بۆ شوێنگرتنەوەی گواردیۆلا و زۆریش جیددی بوو لە بەدواداچوونی ئەو دەرفەتە، ئەوە سەرباری ئەو راستیەی کە ئەو لەژێر گرێبەستێکی ماوەدرێژدابوو لەگەڵماندا بەجۆرێک مافی هەڵوەشاندنەوەی نەبوو.

لە زستانی 2025 راهێنەرەکەمان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و کتوپڕ وازی لە پۆستەکەی هێنا. بەراستگۆیی بیڵێین، ئێمە زۆر هەستمان بە نائومێدی کرد، چونکە باوەرمان وابوو بیر و دڵی لای یانەیەکی دیکە و دەرفەتێکی دیکەیە، سەرباری ئەو راستیەی کە تەنها ساڵێک پێشتر پەیوەندی پێوەکردبووین.

هیچ یانەیەک نایەوێت هەر لە ناوەڕاستی وەرزەکەدا راهێنەر بگۆڕێت. بەڵام لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی بە بەردەوامنەبوونی لە جێبەجێگەیاندنی بەرپەرسێارێتیەکەی تا کۆتایی وەرزەکە، یانەکەمان هیچ چارەیەکی نەمان جگە لە پارێزگاریکردن لە یاریزانەکانمان، هاندەرانمان و لۆگۆی یانەکە و ئەوەبوو دەست لەکارکێشانەوەکەیمان قبووڵ کرد.

لەو بارودۆخە و لەبەر رێزای دوولایەنەی نێوان هەردوو یانەکە، چارەسەرێکی رازیکەر لەگەڵ مانچێستەر سیتی هاتە ئەنجامدان کە قەرەبووکردنەوەمان لەخۆ دەگرێت. هەمانشتیش لەگەڵ راهێنەری پێشوومان، کە قەرەبوومان دەکاتەوە.

چێڵسی دوای لیام رۆسێنیۆر و راهێنەرێکی کاتی، نەیتوانی راستەڕێ بکەوێت بۆیە لە پلەی 10ی پرێمەرلیگ گیرسانەوە. لەم هاوینە چابی ئالۆنسۆی وەک راهێنەری هەمیشەیی بۆ وەرزی داهاتوو دەستنیشانکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button