دۆخەکە کارەساتبارە؛ ئێران بەهۆی گەشتەکانی مۆندیالەوە سکاڵا لە فیفا دەکات
"زۆرترین ستەممان لێکراوە"

یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بەفەرمی رایگەیاند کە سکاڵایەکی فەرمی لە دژی فیفا تۆمار دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاستەنگ و کێشانەی لە رێکخستنی گەشتەکانیاندا دروست بووە لە نێوان کەمپی سەرەکییان لە وڵاتی مەکسیک و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانیان لە ئەمریکا.
کێشەی گەشتەکان و مامەڵەی نایەکسانی فیفا
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، فیفای بەوە تۆمەتبار کردووە کە مامەڵەیەکی دووفاقانە و نایەکسانی هەیە لە رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ تەواوی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال.
ئێران داوای کردبوو بۆ ئامادەکارییەکی باشتر، تیمەکەیان دوو رۆژ پێش هەر یارییەک بگەنە ئەو شارەی یارییەکەی لێ دەکرێت و رۆژێک دوای یارییەکە بگەڕێنەوە کەمپەکەیان، بەڵام فیفا ئەم داواکارییەی رەتکردەوە.
لە یاری یەکەمیاندا بەرامبەر نیوزلەندا، فیفا یاریزانان و ستافی ئێرانی ناچار کرد دەستبەجێ دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە بگەڕێنەوە بۆ کەمپەکەیان لە مەکسیک، بێ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت دوای یارییەکە لە ئەمریکا پشوو بدەن.
هەمان کێشە بۆ یاریی دووەمیشیان لە کۆمەڵەی حەوتەم بەرامبەر بەلجیکا لە لۆس ئانجلس دووبارە دەبێتەوە، کە تەنیا یەک رۆژ پێش یارییەکە رێگەیان پێدراوە گەشت بکەن، لەسەر ئەم بنەمایە، ئێران بڕیاری داوە سکاڵای فەرمی خۆی بگەیەنێتە فیفا.
The Iran soccer federation (FFIRI) says it intends to lodge an official complaint with FIFA regarding its World Cup travel arrangements between its base camp in Mexico and games in the United States.
In a statement, the FFIRI accused FIFA of having an “inconsistent” approach to…
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) June 19, 2026
سێبەری ململانێ سیاسییەکان بەسەر تۆپی پێدا
هەڵبژاردەی ئێران لە سەرەتا بڕیار بوو کەمپەکەی لە ئەمریکا بێت، بەڵام لە 25ـی مانگی ئایار ناچارکران کەمپەکەیان بگوازنەوە بۆ مەکسیک، ئەم گۆڕانکارییەش پەیوەندی بەو ململانێ سەربازییانەوە هەبوو کە لە 28ـی شووبات لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران روویدا.
سەرەڕای ئەوەی کەمپەکەیان لە مەکسیکە، بەڵام هەر سێ یارییەکەی کۆمەڵەکەیان لە نێو خاکی ئەمریکایە، هەروەها بەپرسێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ئاشکرای کردووە، کە ڤیزای چوونە نێو ئەمریکا بە 11 ئەندامی ستافی هەڵبژاردەکە نەدراوە.
تووڕەیی راهێنەر و ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە
ئەمیر غالینۆی، راهێنەری هەڵبژاردەکە، بە تووڕەییەوە باسی لەم دۆخە کرد و رایگەیاند؛
لەم مۆندیالە تیمەکەی ئێمە زۆرترین ستەمی لێکراوە، سەرۆکی یەکێتییەکەمان لێرە نییە، میدیاکانمان لێرە نین و بەشێکی زۆر لە ستافی کارگێڕیمان نەیانتوانیوە ئامادەبن.
لەلایەکی دیکەوە، مەهدی تاریمی هێرشبەری هەڵبژاردەکە دۆخەکەی بە کارەسات ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی فشاری گەشتەکانەوە نەیانتوانیوە وەکوو پێویست پشووی جەستەیی وەربگرن.
پەیامەکەی جیانی ئینفانتینۆ
لە ناو ئەم قەیرانەدا، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، دوای یارییەکەی نیوزلاندا سەردانی ژووری خۆگۆڕینی هەڵبژاردەی ئێرانی کرد و پێی گوتن؛
دەزانم بە چ بارودۆخێکدا تێدەپەڕن، بەڵام ئێوە لە هەموو شتێک بەهێزترن و پەیامێکی زۆر بەهێزیش بە هەموو جیهان دەگەیەنن.
بەڵام ئەم قسانەی سەرۆکی فیفا نەبووەتە هۆی دامرکاندنەوەی تووڕەیی ئێرانییەکان و چاوەڕێ دەکرێت کێشەکە قەبارەیەکی گەورەتر بەخۆیەوە ببینێت.



