نازانن یاریی بکەن؛ خوشکەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەڵامێکی توندی بڕونۆ و نێڤێش دەداتەوە
ناکۆکییەکی گەورە لەناو هەڵبژاردەی پۆرتوگال دروست بووە

یاریگا –
دوای تێپەڕینی تەنیا یەک یاریی لە جامی جیهانی 2026، ناکۆکییەکی گەورە لەناو هەڵبژاردەی پۆرتوگال دروست بووە و نیگەرانییەکی زۆری لای هاندەرانی هەڵبژاردەکە دروست کردووە.
پۆرتوگال لە یەکەم یاریی بەرامبەر کۆنگۆی دیموکورات 1-1 یەکسانبوو، دوای یارییەکە رەخنەی زۆر ئاراستەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی هەڵبژاردەکە کرا بەوەی ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، لە هەمان کاتدا لایەنگرانی کریستیانۆ یاریزانانی پۆرتوگالیان بە کەمتەرخەم وەسفکرد بەوەی کە هەلی گۆڵیان نەڕەخساندووە و تاوانی کریستیانۆ نییە.
بەڵام لێدوانێکی جواو نێڤێش، ناوەڕاستکاری پۆرتوگال دۆخەکەی بەتەواوی شێواند و هاندەرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لەخۆی تووڕە کرد چونکە کریستیانۆی بە یاریزانێکی ئاسایی وەسفکرد.
دەزانین کریستیانۆ چی بۆ ئێمە و هەڵبژاردەکە و جیهانی تۆپی پێ کردووە، بەڵام ئێستا کریستیانۆ و ئێمەش با ش دەزانین کە ئەو چیدیکە جیاواز نییە، ئەو تەنیا یاریزانێکی دیکەیە بۆ یارمەتیدانی تیمەکە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەدا.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانە، هاندەرانی کریستیانۆ بەلێشاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیانکردە سەر جواو نێڤێش، بڕونۆ فێرناندێش، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکەش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و لە کۆمێنت پاڵپشتی نێڤێشی کرد، بەڵام بڕونۆش کەوتە بەر شاڵاوی هێرشی هاندەرانی پۆرتوگال و لە چەند کاتژمێرێکدا هەزاران کۆمێنتی نەرێنی بۆ نوسراوە.
بەڵام توورەبوون و کاردانەوەکان تەنیا هاندەرانی نەگرتووەتەوە، کاتا ئەڤێیرۆ، خوشکی کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەسەر دۆخەکە قسەی کردوو و بەتووندی رەخنە لە ئاستی یاریزانانی پۆرتوگال دەگرێت و پاڵپشتی براکەی دەکات.
بەشێوەیەکی جادوویی بیریانچوویەوە چۆن پاس بدەن، تۆپ وەرگرنەوە، هێرشی پێچەوانە ببەن، هەموو یارییەکە بریتیبوو لە گەڕاندنەوەی تۆپ بۆ دواوە لە هێڵی ناوەڕاستەوە، مۆندیالێکی نامۆیە، زۆر نامۆیە.
بەڵام کاتا ئەڤێیرۆ دوای تەنیا کاتژمێرێک ستۆرییەکەی لە ئینستاگرام سڕییەوە.
هاندەرانی پۆرتوگال ترسێکی گەورەیان هەیە دوای دروستبوونی ئەو ناکۆکییە گەورە لەناو هەڵبژاردەکەدا، کاریگەری خراپتر لەسەر ئاستی تیمەکە دروست بکات و نەتوانن ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنن.




