مێرکاتۆی بارسێلۆنا؛ چ پێگەیەک دەگوازێتەوە، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزان دەڕوات؟
دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا

یاریگا –
بارسێلۆنا وەکوو بژاردەیەک سەیری بێرناردۆ سیلڤا و مارک کوکورێیای دەکرد، دۆخەکەی گۆڕا بۆ بینینی بێرناردۆ کە لەگەڵ ریال مەدرید لە گفتوگۆدایە و بەرگریکارەکەی پێشووی چێڵسیش کە دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیایە، گرێبەستی لەگەڵ مەدرید واژۆ کرد.
لە کاتێکدا کارگێڕیی یانەکە حەزیان بە بێرناردۆ بوو، ئەگەرچی هانزی فلیک گومانی لە کوالێتی یاریزانەکە نەبوو، پێی وابوو بژاردەی زۆری لە هێڵی ناوەڕاستدا هەیە. خۆیان پێدری، فرێنکی دی یۆنگ، دانی ئۆلمۆ، فێرمین لۆپێز، گاڤی، مارک بێرنال و مارک کاسادۆیان هەیە، کە چاوەڕوان دەکرێت کاسادۆ بەهۆی کەمیی کاتی یاریکردنەوە یانەکە جێبهێڵێت.
فلیک بەو بژاردانەی لەم پێگەیەدا هەیەتی دڵخۆشە و پێی وابوو بێرناردۆ دەتوانێت کاتی یاریکردن لەو یاریزانە گەنجانە وەربگرێتەوە کە پێویستیان بە بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاترە. سەبارەت بە بەرگریکاری چەپ، بارسا دەیەوێت جواو کانسێلۆ بمێنێتەوە بەهۆی خۆگونجاندنی خێرا و کاریگەرییە دەستبەجێیەکەی لە کاتی گەیشتنی بە شێوازی خواستن لە کانوونی دووەمی رابردوودا. ئەوان چالاکانە بەدوای رێگەیەکدا ناگەڕێن بۆ فرۆشتنی ئەلیخاندرۆ بالدێ، مەگەر خۆی ئۆفەرێک بهێنێت، بۆیە هەردووکیان بەرگریکاری چەپی وەرزی داهاتوو دەبن لەپاڵ جێرارد مارتن.
یانەکە چاودێریی کوکورێیای دەکرد؛ حەزیان پێی بوو بەڵام نەیانکردبووە پێشینەی کارەکانیان لەبەر ئەوەی بژاردەی پێویستیان لەو پێگەیەدا هەبوو. سەرچاوەکانی یانەکە بە ئاتلێتیکیان راگەیاندووە کە، ئەگەرچی گرنگییان پێدابوو، بەڵام نەیاندەویست تێچووی 60 ملیۆن یۆرۆییەکەی بدەن. هاتنی هەردوو یاریزانەکە بەستراوە بوو بە جێهێشتنی یەک یاریزان لە هەر پێگەیەکدا کە بریتی بوون لە کاسادۆ و بەرگریکارێک. بەڵام جووڵەکانی ئەم دوایییەی مەدرید لەلایەن سەرچاوەکانی یانەکەوە بەبێ سەرنج تێنەپەڕیون و بە شێوازێکی تەنزئامێز دەڵێن: “وادیارە دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی ئەوانە”، وەکوو ئاماژەیەک بۆ بەڕێوەبەری وەرزشیی خودی بارسا.

بەدوای چ پێگەیەک/یاریزانێکەوەن؟
تەواوی هەوڵەکان لەسەر یەک شت چڕکراونەتەوە کە ئەویش هێرشبەرێکی نووکە بە گشتی و خولیان ئالڤارێز بە تایبەتی.
رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەو مانایەیە کە یانەکە بەدوای هێرشبەرێکی نووکدا دەگەڕێت. لە رووی مێژووییەوە، ئەوان هەمیشە ئەستێرەیەکیان لەم پێگەیەدا هەبووە و بۆ ئەم هاوینەش بە شێوەیەکی یەکلایی کەرەوە چوونەنێو بازاڕەکە بۆ کردنی گرێبەستێکی گەورە.
بلاوگرانا ئالڤارێزی دەوێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا ئاسان نابێت؛ ئەوان دەیانویست پێش دەستپێکردنی مۆندیال گرێبەستەکە کۆتایی پێ بهێنن، بەڵام ئۆفەرە سەرەتایییەکەیان کە 100 ملیۆن یۆرۆ بوو، لەلایەن ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بە “میم” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵام درایەوە، چونکە درک بەوە دەکەن کە ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت.
ئەگەر هێنانی ئالڤارێز نەگونجێت، ئایا بارسێلۆنا بەرەو بژاردەیەکی دیکە دەچێت؟
لە راستییدا جواو پێدرۆش یەکێک بوو لەو یاریزانانەی جێی سەرنجی یانەکە بوو، بەڵام چێڵسی راگەیاندووە کە بۆ فرۆشتن نییە. ڤیکتۆر ئۆسیمین یەکێکە لەو یاریزانانەی لەژێر چاودێرییاندایە، بەڵام ئالڤارێز وەکوو لەپێشینە دەمێنێتەوە.
هاوكات هەندێک کەس لەنێو یانەکەدا پێشیان وایە ئەمە تەنیا لەسەر کات وەستاوە پێش ئەوەی لامین یامال لە کۆتاییدا وەکوو هێرشبەری نووک یاری بکات.

کام یاریزانانە دەکرێت یانەکە جێبهێڵن؟
ئانسو فاتی رەنگە یەکەم کەس بێت کە بڕوات؛ ئەم هێرشبەرە وەرزی رابردوو بە خواستن لە مۆناکۆ بوو و ئەوان ئامادەن بەندی کڕینەوەی یاریزانەکە بە بەهای 11 ملیۆن یۆرۆ جێبەجێ بکەن.
فاتی هیوای خواستبوو بگەڕێتەوە بۆ بارسا، بەو پێیەی کاتالوونییەکان بەدوای باڵێکدا دەگەڕان، بەڵام گەیشتنی ئەنتۆنی گۆردن ئەو هیوایانەی لەناوبرد؛ بارسێلۆنا دەیەوێت تاوەکوو رادەیەک کۆنترۆڵی بەسەر یاریزانەکەدا بمێنێت و رێژەی 30%ـی هەر فرۆشتنێکی داهاتووی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە.
وەکوو هەنگاوێکی دیکە، یانەکە جێهێشتنی مارک کاسادۆش دەکاتە لەپێشینەی کارەکانی، کە ئێستا لێکۆڵینەوە لە چەندین ئۆفەر دەکات. ئەم یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست حەز دەکات لەو یانەیە بمێنێتەوە کە تێیدا پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی کەمیی کاتی یاریکردنی لە وەرزی رابردوو و زانینی ئەوەی فلیک پشتی پێ نابەستێت، بڕیاریداوە بەدوای گواستنەوەیەکدا بگەڕێت.
هاوكات چاوەڕوان دەکرێت گۆڵپارێز دیێگۆ کۆچن بە شێوازی خواستن یانەکە جێبهێڵێت. یانەکە پێی وایە ئەم گۆڵپارێزە تەمەن 20 ساڵە پێویستی بە کاتی یاریکردن هەیە و بەو پێیەی پێگەی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا جەنجاڵە، لەگەڵ ئامادەبوونی ئیناکی پێنیا و گەڕانەوەی مارک ئاندرێ تێر شتێگن، ئەوان هەست دەکەن باشترین بژاردە بۆ ئەم ئەمریکییە جێهێشتنی یانەکەیە بۆ گەڕان بەدوای خولەکەکانی یاریکردندا. سەرچاوە نزیکەکان لە یاریزانەکەوە دەڵێن ئەو دەستەوارەی هەبووە بۆ پەیوەندیکردن بە خولی پلە دووی ئیسپانیا، بەڵام پێویستی بە دڵنیایی یانەیەک بووە کە کاتی یاریکردنی باش بۆ گۆڵپارێزێکی ئاوا گەنج دابین بکات.



