گرنگترینمۆندیالی 2026

دیک ئەدڤۆکات؛ چیرۆکی بەتەمەنترین راهێنەر کە دوورگەیەکی بچووکی گەیاندە مۆندیالی 2026

"مەزنترین وانەی مۆندیال لە کوراساو'ـوە

Yariga App

یاریگا –

پێش دەستپێکی یارییەکەی ئەڵمانیا و کوراساو چاوەکانی هەموو جیهان چوونە سەر راهێنەرێک. فرمێسکەکانی دیک ئەدڤۆکات، راهێنەری هەڵبژاردەی کوراساو.

دوورگەی کوراساو، کە تەنیا 185 هەزار کەس دانیشتووانەکەیەتی، ئەستەم بوو کەس باوەڕ بکات رۆژێک لەسەر گەورەترین شانۆی جیهان دەوەستێت, بەڵام دیک ئەدڤۆکات، کە ماوەی 40 ساڵە لە جیهانی تۆپی پێدا کار دەکات، توانی لە کۆتایی کاروانەکەیدا، گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین دەستکەوتی ژیانی تۆمار بکات و ئەم وڵاتە بچووکە بگەیەنێتە مۆندیال!

کوراساو بووەتە بچووکترین وڵاتی مێژووی مۆندیال لە رووی رووبەر و دانیشتووانەوە.

گەیشتن بەم خاڵە بۆ ئەدڤۆکات ئاسان نەبوو. لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئەدڤۆکات بڕیارێکی سەختی دا؛ بەهۆی تێکچوونی تەندرووستیی کچەکەی، دەستی لە پۆستی رهێنەرایەتیی کوراساو کێشایەوە، بۆ ئەوەی لەو ساتە سەختانەدا لە تەنیشت خێزانەکەی بێت. بەڵام تۆپی پێ و خۆشەویستی ئەو گەلە بچووکە، لە مانگی ئایاردا دووبارە گەڕاندیانەوە سەر کورسییەکەی.

ئەمڕۆ، ئەدڤۆکات چووە نێو پەڕەکانی مێژووی تۆپی پێوە. بە تەمەنی 78 ساڵی و 280 رۆژییدا بووە بەتەمەنترین راهێنەری مێژووی مۆندیال. بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نەهات؛ لە هەمان ئەو یارییەدا بەرامبەر زلهێزێکی وەکوو ئەڵمانیا، کوراساو توانی یەکەم گۆڵی مێژووی خۆی لە مۆندیال بکات.

فرمێسکەکانی پێش یارییەکەی ئەدڤۆکات، بە گۆڵێکی مێژوویی و ئاستێکی سەرسوڕهێنەر وەڵام درایەوە. کوراساو لە کۆمەڵەی پێنجەم شانبەشانی ئەڵمانیا، ئیکوادۆر و کۆتدیڤوار، هاتووە پێمان بڵێت؛ گەورەیی وڵاتان بە رووبەر ناپێورێت، بەڵکوو بە قەبارەی خەونەکانیان دەپێورێت.

Back to top button