کاریگەری نابێت؛ لویس دێلا فوێنتێ باسی لە گواستنەوەی مارک کوکورێیا بۆ ریال مەدرید دەکات
"بۆ کوکورێیا خۆشحاڵین"

یاریگا –
پێش یەکەم یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2026 بەرامبەر کەیپ ڤێردی، لویس دێلا فیۆنتی، راهێنەری ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گەرمترین بابەتی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان رووبەڕووی پرسیارێک بووەوە.
لە وەڵامی ئەوەی گرێبەستی مارک کوکورێیا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، کاریگەری لەسەر سەرنج و ئاستی یاریزانەکە لە مۆندیال دەبێت، دێلا فوێنتێ زۆر بەڕوونی وەڵامی دایەوە.
بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی نابێت، من یاریزانەکانم زۆر باش دەناسم و دەزانم تاوەکوو چەند پابەندن بە هەڵبژاردەکەوە.”
دێلا فوێنتێ بیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە لە یۆرۆی رابردووشدا هەمان دۆخیان بینیوە، کاتێک چەند یاریزانێکیان لە ناوەڕاستی کێبڕکێکاندا ناویان بە بازاڕی گواستنەوەوە بەسترابووەوە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی دروست نەکرد.
لە درێژەی قسەکانیدا، راهێنەرە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەدا کە تیپەکە زۆر بەئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بابەتانە دەکات؛
ئێمە زۆر بە سرووشتی وەریدەگرین. هیچ کەسێک لە ئێمە کارێک ناکات کە زیان بە خۆی بگەیەنێت. ئەگەر ئەمە هەواڵێکی باش بێت بۆ کوکورێیا، ئەوا ئێمەش پێی دڵخۆش دەبین و ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، چونکە ئەوە بۆ یاریزانەکە و بۆ تیپەکەشمان شتێکی ئەرێنییە.
باشترین بەرگریکاری چەپ لە جیهاندا
سەرەڕای ئەوەی راهێنەرەکە خۆی لە چوونە نێو وردەکاریی دانوستانەکانی نێوان یانەکان بەدوورگرت، بەڵام کاتەکەی قۆستەوە بۆ ستایشکردنێکی گەورەی ئەستێرەکەی؛
من باسی یانەکان ناکەم، بەڵام مارک یاریزانێکی جێی متمانەیە. لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لەگەڵمدایە. دەزانم چ توانایەکی هەیە و چۆن یارییەکان بەڕێوەدەبات. بە بڕوای من، ئەو یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی باڵی چەپ لە تەواوی جیهاندا.
ئەم لێدوانانەی دێلا فوێنتێ لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کوکورێیا هەموو شتێکی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی پێهێناوە و چاوەڕێی راگەیاندنی فەرمییە، کە پێدەچێت کاتەکەی بکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیال.