هێرش دەکرێتەسەر پۆلیس: دوو هاندەر لە یارییەکەی کەنەدا و بۆسنە دەستگیر دەکرێن
خۆپیشاندان دژی فیفا و ئیسرائیل بەڕێوەچوو

یاریگا –
دوو هاندەر پێش یاریی رۆژی هەینیی مۆندیال لەنێوان کەنەدا و بۆسنە لە تۆرۆنتۆ دەستگیرکران، دوای ئەوەی هێرشیان کردووەتە سەر ئەفسەرانی پۆلیس لەنێو شوێنی دانیشتنی هاندەراندا.
ئەم رووداوە نزیکەی 50 خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکە روویدا. پۆلیسی تۆرۆنتۆ رایگەیاند کە کەمێک دوای کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەوە لەنێو یاریگاکەدا بانگکراون و لە کاتی گەیشتنیان دوو ئەفسەر هێرشیان کراوەتە سەر و تووشی پێکانێکی سووک بوون.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو پیاو لە گرووپێکی هاندەرانی بۆسنە لە کاتژمێر 2:10ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵات دەستگیرکراون، پاشان لە یاریگاکە کراونەتە دەرەوە و تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئەفسەری پۆلیسیان دراوەتە پاڵ.
کەشوهەوای دەوروبەری یارییەکە تاوەکوو رادەیەکی زۆر هێمنانە بوو، هاندەرە کەنەدی و بۆسنییەکان کاتێکی خۆشیان بەسەربرد. بەڵام هاوکات خۆپیشاندان لە تۆرۆنتۆ دژی فیفا و ئیسرائیل بەڕێوەچوو.
ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی بۆسنە بۆ ئەم یارییە گەشتی تۆرۆنتۆیان کردبوو، بە شێوەیەک کە پێدەچوو نزیکەی 10 هەزار هاندەریان لەنێو یاریگاکەدا بن و هەزارانی دیکەش هاتبوونە شارەکەوە. هەندێکیان پێشتر لە کەنەدا نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەوانی دیکە لە بۆسنە یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە گەشتیان کردبوو.
گەشتەکە بۆ زۆربەی هاندەران زۆر گرانبەها بوو؛ دوو هاندەری بۆسنی نیشتەجێی سوید رایانگەیاند کە بە شەمەندەفەر گەشتیان کردووە بۆ کۆپنهاگن پێش ئەوەی بە فڕۆکە بەرەو تۆرۆنتۆ بفرن. یەکێک لەوان کە ناوی سینانە، گوتی تەواوی گەشتەکە رەنگە نزیکەی 10 هەزار یۆرۆی تێچووبێت. سینان رەخنەی گرت لەوەی نرخەکانی مۆندیال زۆر بەرزن و زۆرێک لە هاندەرانی راستەقینە ناتوانن تێچووی ئامادەبوون دابین بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆپی پێ زۆر بە پارەوە بەستراوەتەوە .
بۆسنە پێشتر تەنیا لە یەک مۆندیالدا لە ساڵی 2014 بەشداریی کردبوو، کە تێیدا یەک یارییان بردەوە بەڵام لە قۆناخی گرووپەکاندا چوونە دەرەوە.
بەهۆی بەشداریکردنی 48 تیم لەم مۆندیالەدا، تیمەکان هێشتا دەرفەتێکی باشیان هەیە بۆ سەرکەوتن لە گرووپەکەیان. کەنەدا لە یاریی داهاتوودا رووبەڕووی قەتەر دەبێتەوە و هیوادارە یەکەم سەرکەوتنی تۆمار بکات، بۆسنەش رووبەڕووی سویسرا دەبێتەوە.
کەنەدا، بۆسنە و سویسرا هەموویان دەرفەتی گەیشتن بە قۆناخی 32ـیان هەیە.