هەڵوێستێکی جوان؛ ئەو ناوبژیوانەی لە ئەمریکا دەرکرا یوێفا پاداشتێکی گەورەی دەکات
یەکێک لە گەورەترین یارییەکان بەڕێوەدەبات

یاریگا –
عومەر ئارتان، ناوبژیوانی سۆماڵی وەکوو ناوبژیوانی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا دەستنیشانکرا.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاریاندا عومەر ئارتان، ناوبژیوانی سۆماڵی وەکوو ناوبژیوانی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا دەستنیشان بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو ناوبژیوانە لە ئەمریکا دەرکرا و رێگەیان نەدا یارییەکانی مۆندیال بەڕێوە ببات.
یاریی جامی سوپەری ئەوروپای 2026 لە 12ـی ئاب لە یاریگای رێد بووڵ ئارێنا، لە نێوان پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و ئاستۆن ڤێلای پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت، دەستنیشانکرانی عومەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یارییە پاڵپشتییەکی گەورەی یوێفایە بۆ توانا بەرزەکانی، کە ئەو ناوبژیوانە وەکوو باشترین ناوبژیوانی کیشوەری ئەفریقا لە 2025 دەستنیشانکراوە.
کاردانەوەکان؛
سۆماڵ بە توندی رەخنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگرێت بەهۆی رێگریکردن لە چوونی باشترین ناوبژیوانی ئەفریقا بۆ وڵاتەکە.
حکومەتی سۆماڵ رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە بڕیاری بەرپرسانی کۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە چوونی عومەر عەبدولقادر ئارتان بۆ وڵاتەکە، کە بڕیاربوو ببێتە یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی لە مێژووی مۆندیالدا ناوبژیوانی یارییەک بکات، جێگەی داخە و داوای روونکردنەوەی هەم واشنتن و هەم فیفاشی کرد.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی وەرزش و لاوانی سۆماڵ رایگەیاند کە لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی دپلۆماسی دەدەن و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداری ئەمریکا و فیفا لە پەیوەندیدان بۆ بەدەستهێنانی روونکردنەوەیەکی روون سەبارەت بەم بابەتە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت:
جێگەی داخە کە پێدەچێت مامەڵەیەکی لەو شێوەیە روویدابێت و وەزارەت بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات.
حوکوومەتی سۆماڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئارتان بە سەرکەوتوویی نوێنەرایەتی وڵاتەکەی، پیشەکەی و وەرزشی سۆماڵی کردووە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداریکردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرچاوەی شانازی و شەرەفە بۆ سەرجەم سۆماڵییەکان و رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتن و دەستکەوتە ئەرێنییانەیە، کە لەلایەن وەرزشوانان و بەرپرسانی وەرزشیی سۆماڵەوە لەسەر شانۆی جیهانی بەدەست دێن.
لە بەیاننامەیەکی تایبەت بە خۆیدا، ناوبژیوانەکە سوپاسگوزاری خۆی بۆ خێزانی تۆپی پێ بەهۆی پەیامەکانیانەوە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی گەورەی بۆ هاوکارانی لە مۆندیالدا خواست. ئارتان لە بەیاننامەکەدا دەڵیت:
سەرەڕای بارودۆخەکە، من بە ئەرێنی دەمێنمەوە و سەرنجم لەسەر ئاڵەنگارییەکانی داهاتووی کاروانی ناوبژیوانیی خۆم دەبێت. دەمەوێت سوپاسی فیفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقی بکەم بۆ سەرجەم پاڵپشتییەکانیان و پابەند دەمێنم بە پاراستنی ئاستی ناوبژیوانیی خۆم لە کاتێکدا سەرنجم لەسەر داهاتووە.
پێشوازیی پاڵەوانانە لە عومەر ئارتان؛
دوای ئەوەی بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی 2026، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە رێگەی پێنەدرا بچێتە نێو خاکەکەیانەوە، عومەر ئارتان، چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026 گەیشتەوە مەقدیشۆی پایتەخت و لەلایەن هاندەرێکی زۆر و بەرپرسانی باڵای حکومییەوە پێشوازییەکی پاڵەوانانەی لێکرا.
پەیامێکی بەهێزی نیشتمانپەروەری بۆ گەنجان
عومەر لەنێو فڕۆکەخانەی مەقدیشۆ، لە کاتێکدا سەدان هاندەر ئاڵای سۆماڵیان دەشەکاندەوە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و بڕیاری رێگریکردنەکەی بە ناخۆش و نەخوازراو وەسفکرد، بەڵام داوای لە گەلی سۆماڵ کرد کە بەهێز بن و رووی دەمی کردە لاوان و گوتی؛
ئەوەی روویدا، روویدا و جێگەی داخ بوو. من سوپاسگوزاری فیفام بۆ ئەو پشتگیرییەی پێشکەشیان کردم، بەڵام دەمەوێت بە گەنجەکانمان بڵێم؛ هیوای خۆتان بەم وڵاتە لەدەست مەدەن. سۆماڵ هی ئێمەیە، چ بارودۆخەکە باش بێت یان خراپ. من ئێستا لە نیشتمانی خۆمدام و چاکترین شوێنە کە تێیدا بم.
هاوكات بەڵێنێکی مێژووییشی بە هاندەران دا و رایگەیاند؛
بەڵێنتان پێدەدەم، ئەگەر خودا حەز بکات، لە مۆندیالی داهاتوودا ئامادە دەبم.
ئەمریکا هۆکارەکەی ئاشکرا کرد؛ مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی!
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ هۆکاری فەرمی رەتکردنەوەی ئارتانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئەو ناوبژیوانە بەهۆی ‘پەیوەندی لەگەڵ چەند کەسێکی گومانلێکراو لە رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا’ ڤیزاکەی هەڵوەشاوەتەوە. بەرپرسانی ئاسایشی سنووری ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئارتان وەکوو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کینیا ڤیزای فەرمی گەشتەکەی پێبەخشیبوو. جێبەجێکردنی یاسای توندی کۆچبەران لە لایەن واشنتنەوە و قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتیانی 12 وڵات [کە سۆماڵ یەکێکە لەوان]، بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە پرۆسەی ڤیزای مۆندیال.
بڕیاری کۆتایی فیفا و حکومەت
وتەبێژی فیفا پشتڕاستی کردەوە کە ئارتان چیدیکە ناتوانێت لە بنکەی مەشق و راهێنانی مۆندیال ئامادە بێت یان ناوبژیوانی یارییەکان بکات، کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە لە مەکسیکۆ سیتی دەستپێبکات. حکومەتی سۆماڵیش رایگەیاند کە سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ واشنتن و فیفا بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە بێهودە بوون و بە توندی بەم مامەڵەیەی ئەمریکا دڵگرانن. سەرڕای شۆکەکە، گەڕانەوەی ئارتان وەکوو پاڵەوانێک نیشانیدا کە ئەو کێشەیە نەبووەتە هۆی لەکەدارکردنی ئەو مێژووەی کە وەکوو یەکەم ناوبژیوانی وڵاتەکەی بۆ مۆندیال تۆماری کردبوو.
پێشوازیی پاڵەوانانە لە عومەر ئارتان؛ سۆماڵ ئامێزی بۆ ئەو ناوبژیوانە کردەوە کە ئەمریکا بێبەشی کرد

