گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

سیاسییە؛ هایتی لەلایەن فیفاوە ناچار دەکرێت درێسەکانی بگۆڕێت

لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە

Yariga App

یاریگا –

هایتی رازی بووە بە گۆڕینی هەردوو درێسی یەکەم و دووەمی خۆی بۆ مۆندیال دوای ئەوەی لەلایەن فیفاوە پێیان گوترا کە درێسی ئەو نەتەوە کارایبییە وەکوو “سیاسی” لە قەڵەم دراوە.

دیزاینەکە وێنەی چەندین تێکۆشەری ئازادیی تێدابوو کە ئاڵای وڵاتەکەیان بەرز دەکردەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای دوایین جەنگی شۆڕشی هایتی بوو، کە دانیشتوانی دوورگەکەی لە کۆیلایەتی لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسادا رزگار کرد.

گوتەبێژێکی تیمی هایتی بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاند، کە بە سیاسی ناساندنی درێسەکە لەلایەن فیفاوە “لێکدانەوەی هەڵە” بووە، بەڵام داوایان لە کۆمپانیای سایتای بەرهەمهێنەری درێسەکان کردووە کە چاکسازی لە درێسەکان بکەن. گوتەبێژەکە گوتی:

لە دوای لێکدانەوەیەکی هەڵە، بەرپرسانی فیفا داوایان لە فیدراسیۆنەکە کرد کە ئەو وێنەیە لاببەن کە گوزارشت لە ڤێریێر و هەندێک لە پاڵەوانەکانی سەربەخۆیی دەکات کە ئاڵای هایتی بەرز دەکەنەوە. ڤێریێر شوێنی دوایین جەنگە کە بووە هۆی سەربەخۆییمان و لە 18ـی تشرینی دووەمی 1803 کرا. جێی سەرنجە، تیمەکە لە 18ـی تشرینی دووەمی 2025 سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2026. فیدراسیۆنەکە هیچ لێدوانێکی دیکەی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە؛ تەنیا داوایان لە سایتا کردووە بیگۆڕێت.

کۆمپانیای کۆڵۆمبی سایتا بۆ بەرهەمهێنانی درێسەکان، درەنگانی ئێوارەی سێشەممە لێدوانی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کە تێیدا پێداگرییان لەوە کردەوە کە مەبەست لە دیزاینەکە نیشاندانی شانازی، خۆڕاگری و رۆحی گەلی هایتی بووە. کۆمپانیاکە لە درێژەی لێدوانەکە گوتی:

لە ماوەی پرۆسەی پێداچوونەوەکەدا، فیفا بڕیاریدا کە هەندێک توخمی بینراو دەکرێت بە شێوەیەکی جیاواز لەژێر رێساکانی کەلوپەلی ئەواندا لێکبدرێنەوە و لە کۆتاییدا داوای دەستکاریکردنی دیزاینەکەیان کرد. چەندین چەمک لە ماوەی چەند مانگێکدا پەرەیان پێدرا و پوختەکران و لە رێگەی پرۆسەی پەسەندکردنی پێوانەیی فیفاوە پێشکەش کران… مەبەست لێی رێزلێنان بوو لەو پیاو و ژنانەی کە رۆژانە بەشداریی لە داهاتووی هایتیدا دەکەن و مەبەست لێی لێدوانێکی سیاسی نەبوو.

درێسی هایتی پێش گۆڕانکاری

لەژێر رێساکانی IFAB، کە لەلایەن فیفاوە لە ماوەی پێشبڕکێکانی خۆیاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەو هێما یان وێنانەی کە دەکرێت وەکوو سیاسی لەقەڵەم بدرێن، ئەگەری قەدەخەکردنیان هەیە. بۆ نموونە، فیدراسیۆنی ئەورووپی یوێفا داوای لە ئۆکراینا کرد پێش یۆرۆی 2020 درێسەکانی بگۆڕێت، دوای ئەوەی هێڵکاریی سنووری وڵاتەکە ناوچەی جێناکۆکی کریمیا کە لەلایەن رووسیاوە داگیرکراوە، لەخۆگرتبوو.

شۆڕشی هایتی، بە سەرکردایەتیی کۆیلەی پێشوو توسان لوڤێرتور، وەکوو تاکە شۆڕشی سەرکەوتووی کۆیلەکان لە مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتیدا ناسراوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی نەتەوەیەک کە لەلایەن دەستبەسەرکراوانی پێشوویەوە بەڕێوە دەبرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە یەکەمجار نییە کە هایتی ناچار دەکرێت لە کۆتا ساتدا دەستکاریی دیزاینێک بکات. لە ماوەی یارییەکانی ئۆڵمپیادی زستانی ئەم شووباتەدا، لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵمپی پێی وابوو وێنەیەکی لوڤێرتور لەسەر جلی خلیسکانی سەر بەفری وڵاتەکە لەگەڵ ئەو رێسایانەدا ناگونجێت کە حوکمی دەربڕینی وەرزشوانان دەکەن، بەمەش دیزاینەر ستیلا ژان ناچار بوو بە دەست رووخساری شۆڕشگێڕەکە بدوورێتەوە.

درێسی هەڵبژاردەی هایتی دوای دەستکاریکردن

فیفا پێشتر رەخنەی لێگیرابوو بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە پێشێلکردنی بێلایەنی سیاسیی خۆی لە کانوونی یەکەمدا بە بەخشینی یەکەمین خەڵاتی ئاشتی فیفا بە دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا جیانی ئینفانتینۆ گوتبووی: “پێم وایە پێویستە هەمووان پشتگیری لەوە بکەین کە ئەو دەیکات چونکە پێم وایە زۆر باش دیارە.”

یەکەم یاریی هایتی لە بەرامبەر سکۆتلەندا لە فۆکسبۆرۆ لە رۆژی شەممەدا بەڕێوە دەچێت، بە درێسە نوێیەکانیانەوە، کە لەلایەن بەرگریکار ژان-کێڤین دوڤێرن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشان دراون، کە ئێستا وێنەی جەنگەکەی تێدا نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button