ئه‌وروپامۆندیالی 2026

پۆرتوگال بەبێ رۆناڵدۆ باشترە؟ ململانێی راستییەکان و هێزی ئەفسانەیەک لە مۆندیالی 2026

دوایین سەما؛ رۆناڵدۆ لە نێوان هێرشی رەخنەگران و خەونی بەرزکردنەوەی نازناوە مێژووییەکە

Yariga App

یاریگا –

لە 20ـی ئابی ساڵی 2003 لە یارییەکی دۆستانەی سادەدا بەرامبەر کازاخستان، چیرۆکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی پورتوگال دەستیپێکرد.

لەو کاتەدا ئەستەم بوو پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئەو کوڕە لاوەی مادێرا، رۆژێک لە رۆژان و لە مۆندیالی 2026، ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات و بۆ شەشەمین جار لە مێژووی خۆیدا بەشداریی جامی جیهانی دەکات.

رۆناڵدۆ کە بە 143 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی تۆپی پێی نێودەوڵەتییە، ئەقڵییەتی وەرزشیی پۆرتوگالی گۆڕی، بەڵام لە کاتێکدا تەنیا چەند رۆژێک بۆ یەکەم یاریی پۆرتوگال ماوە، پرسیارێکی قورس لە ناوخۆی وڵاتەکەدا سەریهەڵداوە: دوورخستنەوەی رۆناڵدۆ لە پێکهاتەی سەرەکی بووەتە پێویستی، یان ئەو هێشتا هێڵی سوورە؟

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگال

مارتینێز بەرگری دەکات و هاندەران دابەش بوون

بۆ ماوەیەکی زۆر ، رەخنەگرتن لە پێگەی رۆناڵدۆ لە پۆرتوگال وەکوو ناپاکی سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ئانتۆنیۆ سیمۆیس، ئەستێرەی مۆندیالی 1966 دەڵێت؛

رۆناڵدۆ بۆ ئەوە یاریی ناکات تیپەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەو بۆ ئەوە یاریی دەکات ببێتە کارەکتەری سەرەکی.

هاوکات سۆفیا ئۆلیڤێرا، کچە شرۆڤەکاری ناسراوی پۆرتوگال دەڵێت؛

ئەو چیدیکە توانای کۆنترۆڵکردنی تۆپی پێی نییە بۆ ئەوەی سەرەکی بێت لە تیپێکدا کە دەیەوێت مۆندیال بباتەوە، کێشەکە ئەوەیە هەڵبژاردەکە خۆی بۆ قۆناخی بێ رۆناڵدۆ ئامادە نەکردووە.

لە بەرامبەردا، رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەکە، ئەم دەنگۆیانە بە قسەی بێمانا ناودەبات و تەنیا ئاماژە بە زمان و لۆژیکی ئامارەکان دەکات: 25 گۆڵ لە 31 یاریی.

ئێمە باس لە گەورەترین یاریزانی مێژوو دەکەین. ئەو لێرەیە چونکە هێشتا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا یاریی دەکات، نەک لەبەر ئەوەی لە رابردوودا چی کردووە.

ئابێل خاڤێر، ئەستێرەی پێشووی پۆرتوگال پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەکات و دەڵێت خاڵی بەهێزی رۆناڵدۆ تەنیا جەستەیی نییە، بەڵکوو ئەقڵییەت و ئەزموونی ئەوە کە یاریزانە لاوەکان وەکوو نموونە سەیری دەکەن.

ریکاردۆی گۆڵپارێزی پێشووش بە شێوازێکی تەنزئامێز دەڵێت؛

رەنگە خێراییەکەی کەمێک پاشەکشەی کردبێت، لەبری ئەوەی بە خێرایی 200 کم/کاتژمێر رابکات، ئێستا بە 195 کم/کاتژمێر رادەکات، بەڵام هێشتا هێزێکی وێرانکەرە.

ئامارە سەرنجڕاکێشەکان بەبێ دۆن

گومانەکان کاتێک زیاتر بوون کە پۆرتوگال گەورەترین سەرکەوتنەکانی خۆی لەم ساڵانەی دواییدا بەبێ رۆناڵدۆ نووسیوەتەوە؛ بردنەوە مێژووییەکەی بەرامبەر لۆکسمبۆرگ 9-0 لە ئەیلوولی 2023 و بردنەوەی 9-1 بەرامبەر ئەرمەنستان، کە تێیدا کاپتنەکەی هەڵبژاردەکە بەشدار نەبوو.

ئێستا هاندەران دەپرسن؛ تیپەکە بەبێ کۆت و بەندی یاریکردن بۆ رۆناڵدۆ، ئازادتر و بەکۆمەڵتر یاریی ناکات؟

بەڕێوەبردنی ئەفسانەیەکی وەکوورۆناڵدۆ کارێکی ئاسان نییە؛ فێرناندۆ سانتۆس لە مۆندیالی 2022 کاتێک ئەوی خستە سەر کورسی یەدەک، رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرش بووەوە و دواتر پۆستەکەی جێهێشت.

فیدراسیۆنی پۆرتوگال و داهاتووی دوای رۆناڵدۆ

پێدرۆ پرۆینسا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە فیدراسیۆنەکە خۆی بۆ قۆناخی دوای رناڵدۆ ئامادە دەکات.

رۆناڵدۆ خۆی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمە کۆتا مۆندیالی دەبێت لە کاروانی وەرزشیدا. پۆرتوگال لە 17ـی حوزەیران یەکەم تاقیکردنەوەی بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات دەستپێدەکات و جیهان چاوەڕوانە بزانێت دۆن دەتوانێت خەونی گەورەی وڵاتەکەی بەدیبهێنێت و نازناوی مۆندیال بۆ یەکەمجار بەرز بکاتەوە، یان مێژوو بە شێوازێکی دیکە دەنووسرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button