ئه‌ڵمانیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

گالاکتیکۆ 150 ملیۆن یۆرۆییەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز؛ بۆچی مایکل ئۆلیس؟

چارەسەری کۆتایی پێرێز بۆ بۆشایی باڵی راست

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدریدن، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، ئامادەکاریی بۆ یەکێک لە گەورەترین و شۆکهێنەرترین گرێبەستەکانی مێژووی تۆپی پێ دەکات.

ئامانجی قرشە سپییەکە روونە؛ مایکل ئۆلیس، ئەو ئەستێرە فەڕەنسییەی کە لەم وەرزە لەگەڵ بایرن میونشن ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کردووە.

رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو، خۆسێ فیلێکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی ئاس، لە راپۆرتێکدا تەواوی وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژە زەبەلاحە بڵاودەکاتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت ریکۆردی گرانبەهاترین گواستنەوە لە مێژووی یانەی شاهانەدا بشکێنێت.

ژمارەکان قسە دەکەن؛ بۆمبی 174 ملیۆن دۆلاری!

ئەو بڕە پارەیەی کە پێرێز بۆ پێشکەشکردنی بە بایرن میونشن ئامادەی کردووە، لە ئەگەری دەرچوونەوەی لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممە، دەگاتە 174 ملیۆن دۆلار، واتا نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ، ئەم ژمارەیەش بە هەڕەمەکی هەڵنەبژێردراوە، بەڵکوو رێک ئەو نرخەیە کە پێگەی جیهانی ‘ترانسفێر مارکێت’ بۆ بەهای ئێستای یاریزانەکە دایناوە.

ئەگەر ئەم گرێبەستە سەربگرێت، ئۆلیس راستەوخۆ دەبێتە گرانترین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید و پێرێزیش جارێکی دیکە دروشمی ‘نوێکردنەوەی تیپەکە بە گەورەترین بەهرەمەندەکانی جیهان’ جێبەجێ دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، یاریزانەکە خۆیشی بە تەواوی لە حەز و ئارەزووە گەورەکەی ریال مەدرید ئاگادارە و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان.

بۆچی ئۆلیس؟ شیکارییەکی تاکتیکی
لە رووی تاکتیکییەوە، کڕینی ئۆلیس تەنیا حەزی کڕینی ئەستێرە نییە، بەڵکوو پێویستییەکی تەکنیکیی قووڵە؛ باڵی راستی هێرشبردن ئەو پێگەیەیە کە ئێستا ریال مەدرید پسپۆڕێکی راستەقینەی تێدا نییە، هەرچەندە فرانکۆ ماستانتۆنۆی لاو لە تیپەکەدایە، بەڵام پلانی یانەکە وایە ناوبراو بنێرێتە دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون بە خواستن بیداتە یانەیەکی دیکە.

هێرشبەرە فەرەنسییەکە بەشێوەیەکی سروشتی لەلای راست یاریی دەکات، بەڵام هەمیشە دێتە نێو قووڵایی یاریگا بۆ ئەوەی پێیە چەپە بکوژ و پڕتەکنیکەکەی بەکاربهێنێت. ئەم شێوازە یارییە رێک ئەو شتەیە کە سیستەمی هێرشبەردنی مێرێنگی خێراتر و مەترسیدارتر دەکات.

دیواری پۆڵاینی باڤاریا؛ بەربەستە گەورەکە

گەورەترین ئاڵەنگاریی لەم پڕۆسەیەدا، خودی یانەی بایرن میونشنە. یانە ئەڵمانییەکە لە هاوینی ساڵی 2024 تەنیا بە 60 ملیۆن دۆلار ئۆلیسی لە کریستاڵ پاڵاسەوە گواستەوە. لە ماوەیەکی کورتدا، ئەستێرە 24 ساڵانییەکە گەشەیەکی خەیاڵیی کردووە و ئێستا لە ریزی گرانترین یاریزانەکانی جیهاندایە، بە جۆرێک شارەزایان دەڵێن هێشتا لووتکەی تواناکانی ئۆلیس نەبینراوە.

لە کۆتاییدا ئاس ئەوەشی خستووەتەڕوو، بایرن یانەیەکە لە رووی داراییەوە بێکێشەیە و هیچ پێویستییەکی بە فرۆشتنی ئەستێرەکانی نییە بۆ هاوسەنگکردنی بودجەکەی، بەڵام کاتێک ئۆفەرێک دەگاتە سەروو 170 ملیۆن دۆلار، تەنانەت زلهێزێکی وەکوو یانە ئەڵمانییەکەش ناچار دەبێت دابنیشێت و بیر لەو دەرفەتە مێژووییە بکاتەوە.

چاوەکان لەسەر مۆندیالی 2026

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ئۆلیس ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات ببێتە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە 11ـی ئەم مانگە دەستپێبکات و پێرێز دەیەوێت پێش ئەوەی یاریزانەکە لە مۆندیالدا ئاستی زیاتر بەرز ببێتەوە و نرخەکەی لەوەی هەیە گرانتر بێت، گواستنەوەکە یەکلایی بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button