
یاریگا –
رافایل لیاو لە ئەرکە نوێدەوڵەتیەکانیشیدا کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، هەر بیر لە رۆشتن دەکاتەوە لە ئەیسی میلان.
چەند رۆژێک بەرلە ئێستا ئەستێرە پۆرتوگالیەکە بەراشکاوی نیازی خۆی بۆ رۆیشتن لە میلان ئاشکراکرد و لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە خوازیاری ئاڵنگاریی نوێیە. ئەوە بەتایبەت وەرزی دابێت رۆسۆنێری بەشداریی لە چامپیۆنزلیگ ناکات.
لە نوێترین هەڵوێستیدا کە لە دیمانەیەکیدا بۆ SportTV وڵاتەکەی قسەی کردووە، یاریزانە 26 ساڵیەکە جەختی لە نیازەکانی پێشووی کردەوە. هاوکات ئەو دوو خولەشی دەستنیشانکرد کە ئارەزووی یاریکردنیان تێدا دەکات و وتی
ئاڵنگارییەکی نوێم دەوێت لە دەرەوەی سێریائەی. من پێشتر لە سێریائەی نازناوم بردووەتەوە و ماوەیەکیشە لەوێم. خولەکە زیاتر پەردەسێنێت، بەڵام پێموایە بۆ شێوازی یاریکردنی من پرێمەرلیگ و لالیگا لەگەڵ بەهرەکەمدا دەگونجێن. بە وردییەکی زۆرەوە تەماشای پرێمەرلیگ دەکەم. ئەگەر دەرفەتی ئەوەم هەبێت لەوێ یان لە لایگا یاریی بکەم، ئەوا بەڕاستی زۆر خۆشحاڵ دەبم چونکە بەهرەکەم لەوێ دەتەقێتەوە. ئەو دوو خولە نایابن بۆ من. منیش دەمەوێت. بابزانین ئەم هاوینە چی روودەدات.
بۆ زانین، رافایل ساڵی 2019 بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لیلی فەڕەنسی پەیوەندی بە میلانەوە کرد. لەگەڵ ئەو یانە ئیتاڵیە 291 یاریی ئەنجامداوە. توانیویەتی 80 گۆڵ بکات لەگەڵ 65 ئەسێست. دوو نازناویشی بەدەستهێناوە کە خولی ئیاڵی و جامی سوپەری ئەو وڵاتەیە.



