
یاریگا –
چیرۆکی دوسان ڤلاهۆڤیچ و یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی بەرەو کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو دەچێت و دوای ماوەیەکی درێژ لە چاوەڕوانی بۆ روونکردنەوەی داهاتووی یاریزانەکە، دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرەکە بەتەواوی تەقییەوە و دەرگا لەبەردەم جێهێشتنی تۆرینۆی بۆ کرایەوە.
جیانلوکا دیمارزیۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی یوڤێنتوس و دوسان ڤلاهۆڤیچ بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان شکستیهێنا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، دوێنێ کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە لە نێوان بەرپرسانی خانمە پیرەکە و نوێنەرانی ڤلاهۆڤیچ، بە ئامادەبوونی باوکی یاریزانەکە بەڕێوەچوو. ئامانجی سەرەکی گەیشتن بوو بە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی لە تۆرینۆ، بەڵام گفتوگۆکان گەیشتنە بنبەست.
.@juventusfc-Vlahovic: non è stata trovata un’intesa economica. Non ci saranno altri incontri, l’attaccante e il club bianconero si separeranno al termine della stagione
— Gianluca Di Marzio (@DiMarzio) June 3, 2026
سەرچاوەکە دەشڵێت، جیاوازییەکی یەکجار گەورە لە نێوان داواکاری دارایی یاریزانەکە و ئەو بڕە پارەیەی کە یوڤێنتوس پێشکەشی کردبوو هەبوو، ئەمەش وایکرد گەیشتن بە رێککەوتن ببێتە ئەستەم.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم کۆبوونەوەیە، کارگێڕیی یوڤێنتوس و بریکارەکانی هێرشبەرە سربییەکە بڕیاریانداوە کە چیدی هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکەن. دۆخەکە بە تەواوی روون بووەتەوە؛ ڤلاهۆڤیچ تاوەکوو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی وەرزدا بە فەرمی ریزەکانی بیانکۆنێری جێدەهێڵێت.



