
یاریگا –
ئۆسکار ئێمبۆئابا، ئەستێرەی ناوداری پێشووی چێڵسی راستییەکی دڵتەزێنەر ئاشکرا دەکات کە لە کۆتاییدا بووەتە هۆی وازهێنانی لە تۆپی پێ.
ئۆسکار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز، پەردەی لەسەر رووداوێکی ترسناک لادا کە لە کاروانی وەرزشیدا بەسەری هاتووە.
ئۆسکار لە تشرینی دووەمی رابردوو، لە کاتی راهێنانەکانی لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەڕازیلی، کتوپڕ تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت. بەگوێرەی وتەی پزیشکەکان، ئەو بۆ ماوەی زیاتر لە دوو خولەک لە رووی پزیشکییەوە هیچ نیشانەیەکی ژیانی تێدا نەماوە و دڵی وەستاوە. ئۆسکار لەسەر ئەو ساتانە دەڵێت؛
وەکوو خەونێک بوو، خەونێکی جیاواز… روونکردنەوەی قورسە. هەمیشە دەمبیست کاتێک مرۆڤ لە لێواری مردندایە خۆی دەبینێتەوە، بەڵام من خۆم نەبینی، تەنیا خەونێکی زۆر خۆشم بینی کە هەموو شتێک تێیدا سەرنجڕاکێش بوو.
سەبارەت بەوەی چۆن گەڕاوەتەوە بۆ ژیان، ئۆسکار ئاماژەی بەوە کرد کە لەو قووڵاییەدا تەنیا دەنگی کایۆ، کوڕەکەی بیستووە کە هاواری کردووە؛
باوکە، پێویستە بگەڕێیتەوە! باوکە، پێویستە بگەڕێیتەوە!.
Oscar: I was about to die and a voice said, ‘Dad, you need to come back’
Interview by @JamesGheerbranthttps://t.co/aVLpIvcphg
— Times Sport (@TimesSport) June 2, 2026
نەخۆشییەکی دەگمەن و ناچاربوون بە وازهێنان
سەرەڕای ئەوەی ئۆسکار لەو جەڵتەی دڵە رزگاری بوو، بەڵام لە مانگی نیسان پزیشکەکان دەستنیشانیان کرد کە تووشی نەخۆشی vasovagal syncope بووە، کە جۆرە تێکچوونێکە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر لێدانی دڵ و پەستانی خوێن دادەنێت.
دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی تایبەتی دڵ، پزیشکەکان پێیان راگەیاند کە تەنیا دەتوانێت ژیانێکی ئاسایی بژی، نەک وەکوو وەرزشەوانێکی پیشەگەر، ئەمەش وایکرد لە تەمەنی 34 ساڵیدا و دوای تەنیا 21 یاریی لەگەڵ ساوپاولۆ، بەناچاری وازبهێنێت.


