شاڵاوی فرۆشتن؛ پلانی ئارسیناڵ بۆ دەستکەوتنی پارە لە گواستنەوەی داهاتوودا
پڕۆسەی هاوسەنگ کردنەوە

یاریگا –
بۆ یانەیەک لە پێگەی ئارسیناڵ کە تموحی بردنەوەی گەورەترین نازناوەکانی تۆپی پێی هەیە، لە کاتێکدا لە رووی داراییەوە بەرپرسیار و بەردەوامە، بازرگانیکردن بە یاریزانانەوە کارێکی پێویستییە.
لە مانگی کانوونی دووەمەوە، ئاندریا بێرتا بە شێوەیەکی چالاکانە خەریکی کۆڵینەوە بووە لە ئەگەرەکانی فرۆشتن. ئارسیناڵ هیوادارە بوونیان بە پاڵەوان یارمەتیدەر بێت بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین نرخ بۆ هەر بەهرەمەندێکی رۆیشتوو.
تاوەکوو ئێستا زۆربەی ئەو یاریزانانەی ئەگەری رۆیشتنیان هەیە، پەرەیان نەسەندووە. یاریزانانی ئارسیناڵ بە شێوەیەکی سروشتی بە تەواوی سەرنجیان لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن بووە لەم وەرزەدا، تەنانەت هەندێکیان رێنمایی بریکارەکانیان کردووە کە باسی داهاتوویان نەکەن تاوەکوو وەرزەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.

ئەو یاریزانانەی ناویان بۆ رۆیشتن هێنراوە
گابریێل خێسوس: یەکێک لەو یاریزانانەی کە بۆ ئەگەری گواستنەوەی دەستنیشانکراوە گابریێل خێسوسە، کە دەیڤید ئۆرنشتاین بڵاویکردووەتەوە ئارسیناڵ داوای بڕی تاوەکوو 20 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ فرۆشتنی ئەم هێرشبەرە بەڕازیلییە.
گابریێل مارتینێلی: ئارسیناڵ هاوکاوت رووبەڕووی بڕیاردان دەبێتەوە لەسەر هاونیشتمانەکەی خێسوس، واتە گابریێل مارتینێلی. ئەم یاریزانەی باڵ ئێستا تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە. ئەگەرچی یانەکە بژاردەی درێژکردنەوەی تاوەکوو ساڵی 2028 هەیە، بەڵام ئەوان بە شێوەیەکی گشتی پێیان باشە پێش گەیشتن بەو خاڵە چارەسەری کێشەکانی گرێبەست بکەن. وەکوو دەردەکەوێت ئارسیناڵ دەبێت لەم هاوینەدا بڕیار بدات ئایا ئەم یاریزانە 24 ساڵانە بفرۆشێت یان گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە.
لیاندرۆ ترۆسارد: ئەویش لە دۆخێکی هاوشێوەدایە؛ ئارسیناڵ هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی رێکخستەوە بۆ باشترکردنی مووچەکەی، بەڵام گرێبەستەکەی هێشتا بە جۆرێکە کە لە ماوەی کەمتر لە 12 مانگی دیکەدا بەسەردەچێت.
ئیتان نوانێری: کە نیوەی دووەمی وەرزی رابردووی بە خواستن لە مارسیلیا بەسەر برد، دەکرێت وەکوو ئەگەرێکی فرۆشتنێک سەیر بکرێت. وەکوو یاریزانێکی ئەکادیمیا، هەر بڕە پارەیەک کە بەدەستبێت بە تەواوی وەک قازانج تۆمار دەکرێت. لویس سکێلی پێدەچوو لەژێر مەترسیدا بێت، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە خۆی وەکوو بژاردەیەک لە هێڵی ناوەڕاستدا سەلماندووەتەوە.
فابیۆ ڤیێرا: سەبارەت بە فابیۆ ڤیێرا، کە ساڵی رابردووی بە خواستن لە هامبۆرگ بەسەر برد، یانە ئەڵمانییەکە دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دووبارە گفتوگۆکردنەوە لەسەر نرخی گرێبەستێکی هەمیشەیی، کە پێدەچێت بەهای دەوروبەری 20 ملیۆن یۆرۆ بێت. ئەم ناوەڕاستکارە پۆرتۆگالییە ئارەزوو دەکات لە یانەکەی بۆندێسلیگا بمێنێتەوە.
کرستیان نۆرگارد: ئارسیناڵ گوێ لە ئۆفەرەکان دەگرێت بۆ کرستیان نۆرگارد. ئەگەرچی ئەو ئەندامێکی بەنرخ و کاریگەری تیمەکەیە، بەڵام لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگدا بۆ بەدەستهێنانی کاتی یارییکردن تووشی ئاستەنگی بووەوە.

ئارسیناڵ پێدەچێت لە بەشی گۆڵپارێزیشدا رووبەڕووی دۆخێک ببێتەوە. کاتێک هاوینی رابردوو گرێبەستیان لەگەڵ کێپا ئاریزابالاگا لە چێڵسییەوە واژۆ کرد، مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە خرایە نێو رێککەوتنەکە کە رێگە بەم یاریزانە 31 ساڵانە دەدات بڕوات ئەگەر ئارسیناڵ ئەو پێنج ملیۆن پاوەندە بەدەستبێنێتەوە کە بۆ کڕینی دابووی. ئاریزابالاگا چێژی لە ساڵەکەی لە باکووری لەندەن بینیوە، بەڵام ئەگەر ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش بۆ بوون بە ژمارە 1 لە شوێنێکی دیکە پێشکەش بکرێت، پێدەچێت ئارسیناڵ ناچار بێت جارێکی دیکە بچێتەوە نێو بازاڕی گۆڵپارێزانەوە.
لە کاتێکدا دەنگۆیەکی زۆر لە دەوری بێن وایت هەیە، هێشتا هیچ بڕیارێکی روون لەسەر داهاتووی نییە. لە لایەکی دیکەوە، ریس نێڵسن لە خواستنەکەی لە برێنتفۆرد گەڕاوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بفرۆشرێت. هەروەها بەرگریکاری باڵی ئەکادیمیا جۆش نیکۆڵسی 19 ساڵ، رۆیشتنی خۆی لە یانەکە راگەیاندووە و بڕیارە پەیوەندی بە یانەی کڕواتی، کوستۆسیاوە بکات.
پێشتر چی هەنگاوێکیان ناوە؟
یانەی پۆرتۆ پێشتر گرێبەستێکی هەمیشەیی بۆ جەیکوب کیڤیۆر کارا کردووە. پاڵەوانی پۆرتۆگال بڕی 17 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ زیاتر لە 5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشت دەدات.
بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی گرێبەستەکە هاوشێوەی خواستنەکەی هینکاپیێ داڕێژاوە، پارەکەی کیڤیۆر لەم هاوینەدا هەژمار دەکرێت. هاوکات ئارسیناڵ بڕی دوو ملیۆن یۆرۆی دیکەشی لە گواستنەوەی داهاتووی کیڤیۆردا بەردەکەوێت.



