
یاریگا –
دۆخی پێکانەکەی ویلیام سالیبا لە لایەن تیمی نیشتمانیی فەڕەنساوە پێش مۆندیال لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپ، ویلیام سالیبا کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە بەدەست پێکانێکی پشتییەوە دەناڵێنێت و چاوەڕوان دەکرا رۆژی سێشەممە پەیوەندی بە کەمپی کلێرفۆنتێنـەوە بکات، ئازارەکەی دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان زیاتر بووە. سەرەڕای ئەوەش، لەم قۆناخەدا چاوەڕوان ناکرێت ئەم کێشەیە ناچاری بکات لە مۆندیال بکشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخییدا دەکرێت.
ئەم دیمەنە تاوەکوو رادەیەکی زۆر لە شەوی شەممە لە بوداپێست، کە شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بوو لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ تێبینی نەکرا. دوای ئێوارەیەکی چڕ کە تێیدا سالیبا زۆربەی کاتی یارییەکەی بە شوێنکەوتن و چاودێریکردنی جووڵەکانی سێکوچکەی هێرشبەریی پاریس، خڤیچا کڤاراتسخێلیا، عوسمان دێمبێلێ و دێزیری دووێ بەسەر برد، لە کاتی زیادکراودا لە لایەن تیمی پزیشکیی ئارسیناڵەوە چارەسەری بۆ کرا. ئەم بەرگریکارە تەمەن 25 ساڵانە هاوشێوەی چەند هەفتەی رابردوو، بەدەست کێشەی پشتییەوە دەیناڵاند.

ئەمە بابەتێکی دووبارەبووەوە بوو کە یاریزانەکەی پێشووی مارسیلیا لەمێژە فێری مامەڵەکردن و کۆنترۆڵکردنی ببوو. سەرەڕای بوونی ئازارەکە، ئەمە رێگر نەبوو لەوەی بە بەردەوامی ئاستێکی بەرز لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگدا پێشکەش بکات.
بەهۆی کارکردن لەگەڵ تیمی پزیشکیی ئارسیناڵ، پرۆتۆکۆڵێکی چارەسەری تایبەت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی داڕژابوو. لەنێو یانەکەدا بە باشی دەیانزانی کە سالیبا لە ماوەی قۆناخی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا سەرەڕای بوونی ئازار، یاریی کردووە. رێکارێکی پزیشکی کە سروشتی تەواوی شێوازەکەی دیاری نەکراوە، دەکرێت دوای هاوین و پاش کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی بۆ جێبەجێکردن دیاری بکرێت.
بۆ ئێستا، ستافی تیمی نیشتمانیی فەڕەنسا لە کاتی ئامادەکارییەکانی مۆندیالدا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی جەستەیی دەکەن، پارێزگاری و وریاییش لە لەپێشینەی کارەکانیان دەبێت بۆ ئەوەی پێکانەکەی قورس نەبێت.



