
یاریگا –
ئەستێرەیەکی ریال مەدرید لە یانەکە دەمێنێتەوە و واژۆی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە.
یانە شاهانەکە دەیانەوێت وەرزی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆ کە چاوەڕواندەکرێت دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەک راهێنەر رابگەیەندرێت، بگەڕێنەوە بۆ سەر کێبڕکێی نازناوە گەورەکان کە دوو وەرزە بە دەستی بەتاڵ لێی دەرچوونە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ، ئانتۆنیۆ رودیگەر واژۆی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە.
بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لە هاوینی 2022 لە چێڵسی ئینگلیزیەوە وەک یاریزانی ئازاد پەیوەندی بە قەڵای سپی کرد. لەوکاتەوە رەگەزێکی گرنگبووە لە بردنەوەی 8 نازناو بۆ یانە مەدریدیەکە، بەتایبەت چامپیۆنزلیگی 2023-2024.
ئەستێرە ئەڵمانییەکە کە ئێستا تەمەنی 33 ساڵە، پێشتریش جێی سەرسامی مۆرینیۆ بووە.
ئەوکاتەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە سەرپەرشتی تۆتنهامی دەکرد (2019-2021)، بە راستەوخۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ رودیگەر ئەنجامدابوو بۆ بردنی بەرەو یانەکەی باکووری لەندەن. بەڵام یاریزانەکە بڕیاری دا هەر لەگەڵ بلووز بمێنێتەوە.
رۆمانۆ ئاشکرایکردووە کە بەمزووانە نوێکردنەوەکە بەفەرمی رادەگەیەنرێت.
Toni Rüdiger signed new deal last week, on Thursday evening. To be announced soon. ⤵️ https://t.co/d0jEcwTiua
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) May 31, 2026
پێشتریش هەمان رۆژنامەنووس بەشێكی رێککەوتنەکەی ئاشکراکردبوو بەتایبەت ماوەی مانەوەی ئەستێرە ئەڵمانییەکە. بەوەی بەگوێرەی نوێکردنەوەکە تا هاوینی 2027 لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەمێنێتەوە.



