ئه‌ڵمانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینوه‌رزشه‌کانی دیکە

هێزی کوردی؛ عەگید کابایێل بەرەو تەختی پاشایەتیی بۆکسێن

وردەکاریی تەواو لەبارەی یاریی لووتکەی کێشی قورس

Yariga App

یاریگا –

رووبەڕووبوونەوەی لووتکە کێشی قورسی بۆکسین لەنێوان عەگید کابایێل ئۆلێکساندر یوسیک دەبێت.

دوای تۆمارکردنی سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی، بۆکسێنەری کورد، عەگید کابایێل، هەنگاوێکی گەورەی بەرەو لووتکەی مێژووی بۆکسێنی جیهانی ناوە. رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پاڵەوانی بێڕکابەر ئۆلێکساندر یوسیک، یەکێکە لە چاوەڕوانکراوترین رووداوەکانی جیهانی وەرزش.

ریکۆردەکان

لە جیهانی بۆکسێندا، ژمارەکان قسەی خۆیان دەکەن. هەردوو یاریزان خاوەنی ریکۆردێکی پاک و بێگەردن؛ عەگید خاوەنی 27 بردنەوەیە بێ هیچ دۆڕانێک. لەم ژمارەیە، 19 یاریی بە لێدانی کوشندە KO بردووەتەوە، کە هێزی مشتەکانی و توانای یەکلاییکردنەوەی یارییەکانی دەسەلمێنێت. کابایێل لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 شکستی بە دامیان کنیبا هێنا و پارێزگاریی لە نازناوی کاتیی WBC بۆ کێشی قورس کرد، بەم بردنەوەیەش بەشێوەیەکی فەرمی پێگەی ژمارەی یەکی بۆ ئاڵەنگاریی نازناویی هەمیشەیی مسۆگەر کرد.

یوسیکی پاڵەوانی ئۆکراینیش خاوەنی 25 بردنەوەیە بێ هیچ دۆڕانێک. لەو ژمارەیە 16 یاریی بە لێدانی کوشندە بووە و لەڕووی تەکنیکەوە بە یەکێک لە باشترینەکانی سەدە دادەنرێت. پاڵەوانی جیهانیی WBC / WBA / IBFـە بەهۆی زۆری تەمەنییەوە کە 39 ساڵە، رەنگە تەنیا دوو یاریی دیکە بکات و بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.

عەگید کابایێل

یاریی لووتکە

بەگوێرەی یاساکانی WBC، کاتێک یاریزانێک دەبێتە ژمارە یەک، دەبێتە رکابەری ناچاری. ئەمەش واتە پاڵەوانی سەرەکی کە ئێستا یوسیکە، ناچارە بەرگری لە پشتێنەکانی بکات بەرامبەر بەو یاریزانە، ئەگەرنا پشتێنەکانی لێ دەسەنرێتەوە.

تاوەکوو ئێستا رێککەوتنی فەرمی راگەیەنراو نییە، کاتی کۆتایی یارییەکە پەیوەستە بە خشتەی یارییەکانی یوسیک. بە زۆری رێکخراوەکانی بۆکسێن دوای یەکلاکردنەوەی یارییە گەورەکان، ماوەی چەند مانگێک دەدەنە پاڵەوانەکە بۆ ئەوەی رووبەڕووی رکابەرە ناچارییەکەی (عەگید) ببێتەوە. وادەی فەرمی و کۆتایی لەلایەن کۆمپانیاکانی پرۆمۆتەر و رێکخەرانەوە رادەگەیەنرێت، کە پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانەدا بە تەواوی یەکلایی ببێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە مانگی ئەیلوول یان تشرینی یەکەمی 2026 دەبێت.

یارییەکە لەسەر گەورەترین شانازییەکانی جیهانی بۆکسێنە بۆ کێشی قورس Heavyweight. عەگید شەڕ لەسەر پشتێنە زێڕینەکانی جیهان دەکات کە ئێستا لەلای یوسیکن، ئەوانیش بریتین لە نازناوەکانی WBC, WBA, WBO لەگەڵ پشتێنی The Ring. بردنەوەی عەگید دەیکاتە پاشای بێڕکابەری کێشی قورسی جیهان.

عەگید کابایێل & ئۆلێکساندر یوسیک

لایەنی سعوودی بەسەرپەرشتی تورکی ئال شێخ کە پشتگیریی دارایی ئەم یارییە گەورەیە دەکات، دەیەوێت رووداوە مەزنەکانی بۆکسێن بباتە شارە گەورە و ستراتیژییەکانی جیهان، وەکوو پێشتر لە لەندەن و لۆس ئانجس کردیان. ئیستەنبوڵ وەکوو خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەوروپا و ئاسیا، شوێنێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشە بۆ راکێشانی میدیای جیهانی.

لە لایەکی دیکەوە، کابایێل خۆی فشار دەکات کە یارییەکە لە یاریگایەکی کراوەی تۆپی پێ لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت، چونکە ئەو لەوێ گەورە بووە و لەنێو هاندەرانی خۆیدا هەست بە متمانەی زیاتر دەکات. هەروەها ئەڵمانیا ناوەندێکی نموونەییە بۆ پڕکردنەوەی یاریگا؛ لە لایەکەوە عەگید بنکەیەکی جەماوەریی جێگیری لەوێ هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە رەوەند و کۆمەڵگەیەکی یەکجار گەورەی ئۆکراینی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دەوروبەریدا دەژین، کە دەتوانن بە ئاسانی گەشت بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی پاڵەوانەکەیان، ئۆلێکساندر یوسیک.

مێژوویەکی نوێ بۆ کورد

عەگید کابایێل کە لەدایکبووی ساڵی 1992ـە لە ئەڵمانیا و بە رەچەڵەک خەڵکی باکووری کوردستانە، دەبێتە یەکەمین بۆکسێنەری کورد کە بگاتە ئەم ئاستە بەرزە و کێبڕکێ لەسەر پشتێنەی پاڵەوانێتی جیهانیی کێشی قورس بکات.

ئەم یارییە لەڕووی تەکنیکییەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. یوسیک بە پێیەکانی و جووڵەی خێرا و تەکنیکی بەرزی بەرگری ناسراوە، لە کاتێکدا عەگید بە پەستانی بەردەوام، لێدانی بەهێز لە جەستە و کۆڵنەدان ناسراوە. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە ستایلی شەڕانگێزی و پەستێنەری عەگید، دەتوانێت کێشەی گەورە بۆ جووڵەکانی یوسیک دروست بکات.

لە دوایین یارییەکانیدا، عەگید نیشانیدا کە دەتوانێت گورزەکانی بە شێوەیەکی زیرەکانە ئاراستەی جگەر و سکی رکابەرەکانی بکات، کە ئەمەش چەکی کوشندەی ئەوە بۆ ماندووکردنی زەبەلاحەکانی کێشی قورس.

سەرۆک بارزانی & عەگید کابایێل
Back to top button