فەرمی؛ ئێران بنکەی مەشقی خۆی لە مۆندیال دەگوازێتەوە
فیفا داواکەی ئێران قبووڵ دەکات

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئێران بنکەی مەشق و راهێنانەکانی بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک دەگوازێتەوە.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند کە فیفا رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی بنکەی مەشقی هەڵبژاردەی ئێران لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک دەربڕیوە.
بە گوتەی مەهدی تاج، هەڵبژاردەی ئێران لە شاری تیخوانای مەکسیک کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەمریکا، جێگیر دەبن. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پێشتر ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا وەکوو بنکەی سەرەکییان دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیگەرانییە ئەمنییەکان، گومانی زۆر لەسەر بەشداریکردنیان دروستببوو.
تاج دەشڵێت؛
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیفا و ماتیاس گرافسرۆمی سکرتێری گشتیی فیفا، داواکارییەکەمان بۆ گواستنەوە بۆ مەکسیک پەسەند کرا.
سەرۆکی فیدراسیۆنی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە تیخوانا بژاردەیەکی باشترە لە رووی لۆجیستیکییەوە، چونکە نزیکترە لەو شارانەی ئێران یارییەکانی تێدا دەکرێن. ئێران لە لۆس ئانجلس رووبەڕووی نیوزیلاند و بەلجیکا دەبێتەوە، کە گەشتکردن لە تیخواناوە تەنیا 55 خولەکی پێدەچێت، ئەمەش کەمترە لەو ماوەیەی کە لە شوێنەی پێشتر بۆیان دیاریکرابوو.
هەڵبژاردەی ئێران ئێستا لە ئانتالیای تورکیا خەریکی ئامادەکارییە و کێشەی سەرەکی هەڵبژاردەکە بۆ بەشداریکردن تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکوو بابەتەکە پەیوەندی بە وەرگرتنی ڤیزەی ئەمریکاوە هەیە. فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران 10 مەرجی پێشکەشی فیفا کردووە، لەوانە؛ رێگەپێدان بەو یاریزان و راهێنەرانەی کە خزمەتی سەربازییان لە سوپای پاسدارانی ئێران تەواو کردووە بۆ ئەوەی ڤیزەیان پێ بدرێت.



