
یاریگا –
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی لا لیگا، یانەی سێڵتا ڤیگۆ لە نێوان گەیشتن بە یۆرۆپالیگ یان کۆنفرانسلیگدایە، بەڵام گەورەترین دۆسیە کە مێشکی یانەکە و کارگێڕی بارسێلۆناشی سەرقاڵ کردووە، داهاتووی ئۆسکار مینگوێزای بەرگریکارە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستی مینگوێزا لە 30ـی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت و هێشتا وەڵامی پێشنیاری نوێکردنەوەی سێڵتا ڤیگۆی نەداوەتەوە.
بارسێلۆنا چۆن زەرەرمەند دەبێت؟
کاتێک بارسێلۆنا مینگوێزای بە سێڵتا ڤیگۆ فرۆشت، مافی کڕینەوە و رێژەی لە %50ـی قازانجی هەر فرۆشتنێکی داهاتووی یاریزانەکەی بۆ خۆی هێشتەوە؛ ئەگەر مینگوێزا هاوینی رابردوو یان لە بازاڕی زستانە بفرۆشتبووایە کە یۆڤێنتوس ئامادە بوو 15 ملیۆن یۆرۆی پێ بدات، بارسا بڕی 7.5 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوت، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی، وەکوو یاریزانێکی ئازاد و بەخۆڕایی روودەکاتە یانەیەکی دیکە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە یۆڤێنتوسە، بەمەش بارسێلۆنا و سێڵتا ڤیگۆش بە تەواوی لە رووی داراییەوە بێبەش دەبن و مافی کڕینەوەی بارسێلۆناش سوودی نامێنێت.
🗣️ El Barça se resigna con Mingueza: “No se ha despedido de nosotros”
❌ Óscar Mingueza no ha contestado antes del final de Liga a la oferta de renovación del Celta y todo apunta a que el FC Barcelona se quedará sin percibir una cantidad económica que pudo haber sido importante…
— Diario SPORT (@sport) May 23, 2026
راهێنەری سێڵتا ڤیگۆ: مینگوێزا هێشتا ماڵئاوایی لێ نەکردووین
کلاودیۆ جیرالدێز، راهێنەری سێڵتا ڤیگۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەم تەمومژاوییە گوتی؛
نەخێر، ئەو بە هیچ شێوەیەک ماڵئاوایی لێ نەکردووین. ناتوانم بڵێم گەشبینم یان رەشبین، بەڵام هیوادارم ئەم زنجیرە درامایە زووتر کۆتایی بێت، چونکە هەم بۆ ئەو و هەم بۆ یانەکەش باشترە. ئەگەر بمێنێتەوە دڵخۆش دەبین، ئەگەر بشڕوات هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم چونکە یاریزانێکی ناوازەیە.
مینگوێزا لە ماوەی چوار وەرزی رابردوود 146 یاریی بۆ سێڵتا ڤیگۆ کردووە، 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 15 ئەسیستی هەبووە. ئەم ئاستە بەرزەش وایکرد هاوینی رابردوو یەکەم یاریی فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئیسپانیا بکات و ئێستاش ناوی لە لیستی سەرەتایی لویس دێ لا فوێنتێدایە بۆ مۆندیال، هەرچەندە چانسی لە لیستی کۆتاییدا کەمە.



