ئینگلتەراگرنگترینمۆندیالی 2026

کایل وۆڵكەر هێرش دەکاتە سەر بڕیارەکانی تۆخێل؛ بانگهێشتنەکردنی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید شتێکی دەگمەنە

وۆڵكەر بە تووڕەییەوە باس لە لیستی ئینگلتەرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

کایل وۆڵكەر، ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی ئینگلیزی، بە ئاشکرا سەرسوڕمانی خۆی لە لیستی کۆتایی تۆماس تۆخێل بۆ مۆندیالی 2026 دەربڕی.

وۆڵكەر کە لەم هاوینە وەکوو شیکەرەوە بۆ تۆڕی تۆک سپۆرت کار دەکات، بڕیارەکانی دوورخستنەوەی فیل فۆدن، هاری ماگوایەر و ئالێکساندەر ئارنۆڵدی بە شتێکی چاوەڕواننەکراو و سەیر ناوبرد.

شۆکی فیل فۆدن و کێشەی پێگەکەی
سەبارەت بە فۆدن، کە تۆخێل پێشتر گوتبووی نازانێت لە چ پێگەیەک یاریی پێبکات، وۆڵكەر بە توندی بەرگری لە هاوڕێکەی پێشووی کرد و گوتی؛

ئەمە بۆ من شۆکە، چونکە دەزانم فیل رۆژانە و لەنێو یاریگا دەتوانێت چی بکات. رەنگە هۆکارەکە ئەوە بێت کە ئەم وەرزە لەگەڵ مان سیتی نەیتوانیوە هەموو تواناکانی پێشان بدات.

کاتێک پرسیاری پێگە باشەکەی فۆدنی لێکرا، وۆڵكەر بە بێدوودڵی گوتی؛

پێگەی سەرەکی ئەو ژمارە 10ـیە. ئەو هەمیشە چاوەڕێی دەکرد یاریزانانی وەکوو داڤید سیلڤا و دی برۆین شوێنەکەی بۆ چۆڵ بکەن تاوەکوو لەوێ یاریی بکات. باشترین شوێنی ئەو یاریکردنە لە بۆشاییەکانی نێوان هێڵەکان.

بێبەشکردنی ماگوایەر پاش گەڕانەوەی ئاستی
وۆڵكەر  باسی لە هاری ماگوایەریش کرد کە سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ ئاستی جاران لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، لە مۆندیال بێبەش کرا.

ئەگەر شەش مانگ لەمەوبەر گوتبای بانگهێشت ناکرێت، دەمگوت ئاساییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئەم وەرزەی خۆی و یانەکەی، چاوەڕوانم دەکرد بانگهێشت بکرێت. ئەو شارەزاییەکی زۆری هەیە و لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا هەمیشە ئامادە بووە، تەنانەت بۆ لێدانە سزاکانیش سەرکردە بووە، بۆیە ئەمە بڕیارێکی زۆر قورس بوو بۆی.

ئارنۆڵد؛ ئەستێرەکەی مەدرید کە لە ئینگلتەرا جێی نەبووەوە!
لە کۆتاییدا، وۆڵكەر باسی لە ئارنۆڵد کرد کە ئەم وەرزە لە ریال مەدرید بەدەست پێکانەوە ناڵاندوویەتی، بەڵام دوورخستنەوەی ئەو یاریزانەی پێ لۆژیکی نییە و دەڵێت؛

یاریزانی ریال مەدرید بیت و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نەکرێیت، شتێکە پێشتر نەمانبیستووە، کاتێک پێوەرەکەمان توانای پاسدان، ناردنی تۆپی ورد، دروستکردنی گۆڵ و درەوشانەوە بێت لە یارییە گەورەکان، بێگومان ئارنۆڵد باشترین بەرگریکاری باڵی راستە لە جیهاندا، دەبێت ئەزموونی ئەو لە یارییە گەورەکانی چامپیۆنزلیگ و ریال مەدرید لەبەرچاو بگیرێت، چونکە لە قۆناخە یەکلاییکەرەوەکانی مۆندیالدا، تەنیا بەهرە بەس نییە، بەڵکوو کەسایەتی و دەروونێکی بەهێزت پێویستە.

سەرەڕای رەخنەکانی، وۆڵكەر داوای لە شەقامی وەرزشیی ئینگلتەرا کرد کە پاڵپشتی لە بڕیارەکانی تۆخێل بکەن، چونکە لە کۆتاییدا ئەو راهێنەرە و دەبێت متمانەی پێ بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button