
یاریگا –
چەند كاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق كە وا بڕیارە رۆژی شەممە كاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بكرێت عەدنان درجال كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
لە كۆنگرەكەدا سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق كارنامەی خۆی لە چوار ساڵی داهاتوو ئاشكراكرد و چەندین بابەتی گرنگی باسكرد.
هەروەها سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق پلانەكانی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشكرا كرد.
تەواوی لێدوانەكانی عەدنان درجال
لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی هەڵبژاردەی عێراق بووم بەتایبەت لەم سێ رۆژەدا دوای تەواوكردنی گەشتەكەیان بۆ ئیسپانیا لەو چەند رۆژەدا تەنیا چوار بۆ پێنج كاژمێر خەوتووم.
لە بەرنامەی چوار ساڵی رابردوو زۆر شتمان جێبەجێكردووە هەرچەندە تووشی گرفتی زۆر بووین.
دەبوایە لە ماوەی رابردوو دەستەی یانە پیشەگەرەکان دروست بکەین هەرچەندە هەموو شتێکمان ئامادە کردبوو لە مانگی 11 ساڵی 2024 یاساکە نێردرایە پەڕلەمان بەڵام پەسەند نەكرا.
ئامانجی چوار ساڵی داهاتووی کارکردنم سەرکەوتنە بۆ جامی جیهانی فوتساڵ.
سێ ساڵە چاوەڕێی دابینکردنی پارچە زەوییەکی 50 دۆنم بۆ دروستکردنی پرۆژەی خەون دروستکردنی سەنتەری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەكەم، کە بودجەکە لە لایەن فیفا دابینکراوە و لە سێ مانگی رابردوودا پارچە زەوییەکە دابینکرا، تیاییدا 10 یاریگا، هۆتێل و هەموو پێداویستییەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی تێدا دەبێت و دەبێتە باشترین سەنتەر لە ناوچەکە.
ئەکادیمیای تایبەت بە ناوبژیوانان دروست دەکەین.
کاتێک وەزیر بووم ئامانجم بوو کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی دروستبکەم، بەڵام گرفت هاتە بەردەم و پڕۆژەکە راوەستا، لە پرۆژەی داهاتووم کەناڵێکی تایبەت بە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دروستدەکەم و لالیگام راسپارد کە راگەیاندن لە عێراق پێشبخات.
گرنگترین بەش بەشی تراخیسە بەتایبەتی لایەنی دارایی و دوو خولمان یەک لە ئیسپانیا ئەوەی دیکە لە بەغدا كردووە بۆ پێشخستنی بەشی ژمێریاری یانەکان لە تراخیس، بەڵام بەداخەوە یانەکان بەشدارییان نەکرد بۆیە ئومێدەوارم دەستەی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی داهاتوو ئەم کێشە و هەلەکان دووبارە نەبێتەوە.
سیستەمی ڤار لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی 2026/27 جێبەجێدەکرێت.
دەبێت هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق هەموو چوار ساڵ جارێک سەرکەوێت بۆ جامی جیهانی، شورەییەكی گەورەیە هەموو 20 یان 30 ساڵ جارێک بگەینە مۆندیال.
پلانم هەیە دوای یارییەكانی جامی جیهانی هەڵبژاردەی عێراقی ژێر 15 ساڵ درووستبكەین.
پەیوەندیەکی زۆر باشم لە کوردستانی خۆشەویست هەیە.
بەداخەوە لێژنەی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی لە سەرۆکی یانەی هەولێر وەرگرتەوە دوای بریاری مرکز تسویە هەرچەندە باسمان کرد کە فیفا رێگا بەم کارە نادات، بەڵام لێژنەی هەڵبژاردن بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبوو و لێژنەیەکی سەربەخۆیە.
ئەگەر شکستم هێنا سکاڵا تۆمار ناکەم.
متمانەم بە خۆم و دەستەی گشتی هەیە بۆیە لام گرنگ نییە و من فەرمانبەرم بۆ خزمەتکردنی عێراق.
لەگەڵ وەزیری نەوت باسی هەڵبژاردنمان نەکردووە و عەدنان پێویستی بەمە نییە کە خۆم بناسێنم هەموو دەمناسن.
رۆژی 25ی ئەم مانگە وەکوو سەرۆک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە ئیسپانیا دەبم.
زۆر سوپاسی خەڵکی خۆمان لە کوردستان دەکەین چ لە ئاستی حکومەت یان هاندەر چونکە ئێوە چێژتان بەخولەکان داوە و یاریگاکان پێشکەوتەوە بەتایبەتی یاریکردنەوەم لە دهۆک ئەنجام دا و هەموو یانەکانی کوردستان زۆر سەرنج راکێش بوو هەرچەندە هەندێک گرفت هەبوو، بەڵام سوپاسیان دەکەم کە خولەکەیان پێشخست.
دەرگا بۆ مونتەزەر ماجید کراوەیە و راهێنەر سەیری یارییەکانی دەکات پاشان بریار دەدات ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی جیهانی بكرێت یاخود نا.
عەیبە بۆ کەسێک “مەبەستی یونس مەحموودە” کە گوتی ئەگەر من ببمە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەوا عەدنان درجال دەکەمە سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی عێراق بۆ گەشتەکەی ئیسپانیا، من عەدنان درجالم، رەمزی تۆپی پێم، پێویستە بەمشێوەیە باسم بکەیت.
ئەگەر دەرنەچووم واز هێنانی خۆم لە تۆپی و وەرزش رادەگەیەنم، ئەگەریش دەرچووم ئەوا چوار ساڵی داهاتوو دوایین چوارساڵم لە وەرزش دەبێت.



