رۆدری بژاردەیەکی جدییە؛ ریال مەدرید گرێبەستێکی دەوێت کاریگەریی خێرا دروست بکات
گرنگی زۆری پەیدا کردووە

یاریگا –
ریال مەدرید لە ئێستاوە پلان بۆ وەرزی داهاتوو دادەنێت لە کاتێکدا چاوەڕێی دەستنیشانکردنی فەرمیی جۆزێ مۆرینیۆن وەکوو راهێنەری نوێ.
مێرێنگێ تاوەکوو ئێستا پەیوەندیی بە رۆدری هێرناندێزەوە نەکردووە، بەڵام وەکوو بژاردەیەکی جدی بۆ هێڵی ناوەڕاست دەیبینن. بەگوێرەی هەواڵەکان، ناوی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لەگەڵ راهێنەری داهاتووی یانەکە باس دەکرێت، چونکە مەدرید ئاگادارە کە گرێبەستی رۆدری لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە 2027 کۆتایی دێت و هێشتا نوێی نەکردووەتەوە.
دوو وەرز بێ بەدەستهێنانی نازناوی گەورە کاریگەریی زۆری لەسەر یانەکە هەبووە و لە پشت پەردەوە کار بۆ بەهێزکردنی تیمەکە بۆ ساڵی داهاتوو دەکرێت. پێش هەموو ئەوانە، ئەندامانی یانەی مەدرید دەبێت سەرۆک بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەنێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئێنریکێ ریکێلمێی بازرگان هەڵبژێرن، کە باوەڕی وایە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک کە گۆڕانکاریی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات.

سەرەڕای کەشی گرژی دەوری یانەکە، بەشی وەرزشیی بەردەوامە لە کارکردن لەسەر هاتن و چوونی یاریزانان بۆ وەرزی 2025/2026. لەنێوان هەموو ئەو ناوانەی بە مەدریدەوە بەستراونەتەوە، بەگوێرەی کادینیا سێر، رۆدری یەکەم ئامانجی هێڵی ناوەڕاستە کە ئێستا لەبەردەستدایە.
چەند هۆکارێک لە پشتی ئەو باوەڕەوە هەیە، ناوەڕاستکارەکەی سیتی تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی ماوە، وەکوو یاریزانێک دەبینرێت کە توانای کاریگەریی خێرای هەیە و هەروەها ئەزموون و سەرکردایەتیی ئاستی باڵای هەیە.
براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 هێشتا گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی نوێ نەکردووەتەوە، بەگوێرەی هەمان سەرچاوەش، دۆخەکەی لەگەڵ راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید باس دەکرێت. بۆ ئێستا، یانەکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە رۆدرییەوە نەکردووە. هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان یاریزانەکە و بەشی وەرزشی مەدرید نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەنێو ڤالدێبێباس وەکوو بژاردەی دڵخواز بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست لە وەرزی داهاتوو دەبینرێت.

بەرپرسانی یانەکە باوەڕیان وایە ئەم هاوینە پێویستی بەو گرێبەستانە هەیە کە بەخێرایی کاریگەریی دروست دەکەن، لەبری ئەوەی تەنیا بەهرەی داهاتوو وەکوو دین هاوسن یان فرانکۆ ماستانتونۆ بگوازنەوە. ئەمەش هۆکارەکەیە کە ناوی رۆدری هێندە گرنگی پەیدا کردووە.
ناوەکانی دیکەی هێڵی ناوەڕاست کە لە هەفتەکانی پێشوودا بە مەدریدەوە بەستراونەتەوە بریتین لە؛ ڤیتینیا لە پاریس سانجێرمان، کە وەکوو خەونی هاندەران دەبینرێت بەڵام لەنێوخۆدا بە ئەستەم دادەنرێت. ئالێکس گارسیا لە بایەر لیڤەرکوزن، کە شێوازی یاریکردنی بە نزیکترین شێواز لە ڤیتینیا دەبینرێت.
سەرەڕای ئەوەش، رۆدری وەکوو بژاردەیەکی جدی دەبینرێت، چونکە مەدرید باوەڕی وایە بەبێ پێپ گواردیۆلا لە تیمەکە، داهاتووی لە مانچێستەر سیتی دەکرێت بێ سەرەنجام بێت. گرنگترین و پەسەندکردنی کۆتایی دەبێت لە فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بێت.



