
یاریگا –
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی، کێشەیەکی گەورەتر لە دەرەوەی یاریگا سەریهەڵداوە.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، یانەی چێڵسی ئامادەکاریی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی یاسایی دژی مانچێستەر سیتی دەکات؛ لە ئەگەری ئەوەی ئێنزۆ مارێسکا وەکوو راهێنەری نوێی ئەو یانەیە و جێگرەوەی پێپ رابگەیەندرێت.
مارێسکا، کە سەرەتای ساڵی نوێ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و بە رێککەوتنی هاوبەش پۆستی راهێنەرایەتی یانە لەندەنییەکەی جێهێشت، ئێستا بەربژێری ژمارە یەکە بۆ وەرگرتنی کورسییەکەی گواردیۆلا، بەڵام کارگێڕیی بلووز پێیان وایە پلانەکە زۆر پێشتر داڕێژراوە و مارێسکا کاتێک هێشتا راهێنەری چێڵسی بووە، بە نهێنی لەگەڵ کارگێڕیی مان سیتی گفتوگۆی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە لە داهاتوودا.
🔴 Chelsea are shaping up for a legal battle with Manchester City over their putative appointment of Enzo Maresca, who left Stamford Bridge in contested circumstances at the start of the year@SamWallaceTel has the full story ⤵️https://t.co/U57V6KooOy pic.twitter.com/xfc6oYQaLz
— Telegraph Football (@TeleFootball) May 19, 2026
چێڵسی پێی وایە ئەم گفتوگۆ نهێنییانە بووەتە هۆی تێکچوونی سەرنجی مارێسکا، کە لەو کاتەدا لە 7 یاری تەنیا یەک بردنەوەی هەبوو و یانەکەی لە پلەی دووەمەوە هێنایە خوارەوە، هەروەها ئەمە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی گرژی بووە لە نێوان مارێسکا و کارگێڕی یانەکە لەسەر پرسی گواستنەوەی یاریزانان.
هەڕەشەی ئاشکراکردنی بەڵگەکان و داوای قەرەبوو
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، چێڵسی دەیەوێت لە رێگەی دەستەی پرێمەرلیگەوە سکاڵای فەرمی دژی مانچێستەر سیتی بجوڵێنێت. یانە شینپۆشەکەی لەندەن هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر مارێسکا بکرێتە راهێنەری مان سیتی، ئەوا تەواوی بەڵگە و رووداوەکانی چەند مانگی پێش رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە ستامفۆرد بریدج ئاشکرا دەکات و داوای قەرەبوویەکی دارایی قورس لە پاڵەوانی ئینگلتەرا دەکات بەرامبەر ئەو زیانانەی بە وەرزەکەیان گەیشتووە.
مارێسکا سەرەڕای ئەوەی جامی مۆندیالی یانەکانی بۆ چێڵسی بردەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانیدا لەگەڵ یانەکەدا کێشەی گەورەی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی هەبوو، ئێستاش، گەڕانەوەی بۆ ئیتیحاد، دەکرێت باجێکی قورس و دادگاییەکی ئاڵۆز بۆ مانچێستەر سیتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.



