
یاریگا –
گواستنەوەی ئالیساندرۆ باستۆنی بۆ بارسێلۆنا بە تەواوەتی وەستاوە و یانەکە لەبەر چەند هۆکارێک گواستنەوەکەی راگرتووە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، یانەی بارسێلۆنا درک بەو راستییە تاڵە دەکات کە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر چامپیۆنزلیگ و گەڕانەوە بۆ لووتکەی ئەوروپا، پێویستی بە شۆڕشێکە لە هێڵی بەرگریدا، سەرەڕای ئەوەی یانەکە توانی لالیگا بباتەوە، بەڵام بۆ ئەوروپا چیرۆکەکە جیاوازە؛ ئامانجی سەرەکیی دیکۆ بۆ بەهێزکردنی بەرگری، باستۆنییە لە ئینتەرمیلان، بەڵام ئێستا پرۆسەکە بە تەواوی پەکخراوە.
پارە بۆ هێرشبەرە یان بەرگریکار؟
بەربەستی یەکەم لەبەردەم ئەم گرێبەستە کێشەی یاسایی یاریی خاوێنە و یانەکە چاوەڕێیە بگەڕێتەوە بۆ یاسای 1:1، بەڵام تەنانەت ئەگەر بگەڕێتەوەش، لەپێشینەی کارەکانی یانەکە کڕینی هێرشبەرێکی نوێیە بۆ پڕکردنەوەی جێگەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەمەش بڕە پارەیەکی خەیاڵیی دەوێت. لە بەرامبەردا، ئینتەرمیلان بۆ دەستبەرداربوون لە باستۆنی داوای 60 بۆ 70 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە ئەمە قورساییەکی گەورە دەخاتە سەر بودجەی هاوینەی یانەکە.

فلیک ڤیتۆی بەکارهێناوە
هۆکارێکی دیکەی سڕکردنی گرێبەستەکە خودی هانزی فلیکە. راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە پاداشتی بردنەوەی لالیگای وەرگرت و گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2028 درێژکرایەوە، هێشتا بڕوای تەواوی نییە کە دڵی بەرگری لاوازترین خاڵی تیپەکەی بێت. فلیک داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە سەرەتا هێرشبەرێک یەکلایی بکەنەوە، بڕیار لەسەر داهاتووی مارکۆس راشفۆرد بدەن و باڵێکی بەرگریی وەکوو کانسێلۆ بهێنن، ئینجا بیر لە باستۆنی بکەنەوە.
کێ قوربانی دەدات؟ ئاراوخۆ یان کۆندێ؟
بۆ ئەوەی جێگە بۆ باستۆنی بکرێتەوە، دەبێت بارسێلۆنا بەرگریکارێکی گەورەی وەکوو رۆناڵد ئاراوخۆ یان ژووڵ کۆندێ بفرۆشێت، کە هەردووکیان لەم وەرزەدا ئاستیان دابەزیبوو. ئاراوخۆ بەهۆی کێشە دەروونییەکانییەوە زۆرترین کات لە دەرەوەی یاریگاکان بوو، کۆندێش نەیتوانی ئاستی وەرزی رابردووی پێشکەش بکات؛ بەڵام ئاراوخۆ سوورە لەسەر مانەوە و نایەوێت بڕوات. لە لایەکی دیکەوە، ئاندریاس کریستنسن هێشتا وەڵامی ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەداوەتەوە، بەڵام تەنانەت فرۆشتنیشی بۆشاییەکی ئەوتۆ لە بودجەی مووچەدا دروستناکات کە بەشی هێنانی ئەستێرەیەکی وەکوو باستۆنی بکات.
گرێبەستی ئەستێرەیەک لە مەترسیدایە؛ رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی گورزێکی کوشندە لە بارسێلۆنا دەدات



